مێسی لە ترسی ئابڕووچوون لە مۆندیال داوایەکی هەیە

22-11-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی مۆندیالی یانەکان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی و کاپتنی یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی، دوای کۆتاییهاتنی وەرزێکی سەختی تۆپی پێ، دەستیکردووە بە رێکخستنەوەی کارتەکانی یانەکەی و نایەوێت لە مۆندیالی یانەکاندا تیپەکەی تووشی هیچ ئابڕووچوونێک ببێت.
 
لیۆنێل مێسی لەم دواییانەدا دوو یاری لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین ئەنجامدا، لە کاتی پشووی نێودەوڵەتی، لە چوارچێوەی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 بۆ کیشوەری ئەمریکای باشوور.
 
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بەئەنجامی 1-2 بە پاراگوای دۆڕا، دواتر بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە پێروی بردەوە.
 
بەو دوو یارییەی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026، مێسی کۆتایی بە وەرزەکەی هێنا دوای ئەوەی خەونەکەی بۆ بەدەستهێنانی نازناوی خولی تۆپی پێی ئەمریکا نەهاتەدی.
 
ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە لە کۆتایی وەرزێکی درێژ و سەختدا هەواڵێکی خۆشی پێگەیشت کاتێک یانەکەی دەستنیشانکرا بۆ بەشداریکردن لە جامی جیهانی یانەکان، کە لە ماوەی 15ـی حوزەیران تاوەکو 13ـی تەمموزی 2025 لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت.
 
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی، کە ماڵپەڕی FICHAJES بڵاویکردووەتەوە، مێسی داوای لە کارگێڕیی یانەکەی کردووە گرێبەستی نوێ بکەن بۆ بەهێزکردنی ریزەکانی تیپەکە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی قبوڵکراو لە مۆندیالی یانەکاندا دەربکەوێت و خۆی بەدووربگرێت لە هەر ئەنجامێکی خراپ یان سکانداڵێکی تۆپی پێ لە مۆندیالدا.
 
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە مێسی نەیماری بەرازیلی، ئەستێرەی یانەی هیلالی سعودی، بەربژێر کردووە بەمەبەستی بەهێزکردنی هێڵی هێرشبەری یانەکە، کە بەمشێوەیە ئەو سێ یاریزانە بەنێوبانگەی هێرشبەری پێشووی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانیی بوون جارێکی دیکە پێکەوە کۆدەبنەوە، کە مێسی، نەیمار و لویس سوارێزی ئۆرۆگوایین و لە بارسا نازناوی MSNـیان لێنرابوو.
 
ماوەی گرێبەستەکەی نەیمار لەگەڵ یانەی هیلالی سعودی لە هاوینی 2025 کۆتایی دێت، ئەگەرچی ناوی ئەو یاریزانە بەگەڕانەوە بۆ یانەی سانتۆس، کە یانەی پێشووی بوو بەستراوەتەوە.
 
هەروەها مێسی داوای لە بەرپرسانی ئینتەرمەیامی کردووە، سێرخیۆ رامۆسی بەرگریکاری ئیسپانی بگوازنەوە، کە  ئێستا پەیوەندی بەهیچ تیپێکەوە نییە دوای کۆتاییهاتنی ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ سێڤییا.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە مێسی بۆ بەهێزکردنی ریزەکانی تیپەکەی پێش دەستپێکردنی مۆندیالی یانەکان، کایلۆر ناڤاسی گۆڵپارێزی پێشووی یانەی ریال مەدریدیشی بەربژێر کردووە بۆ ئەوەی گرێبەستی لەگەڵ بکەن.
 
یانەی ئینتەرمەیامی لە ریزەکانیدا هەندێک یاریزانی پێشووی بارسێلۆنای تێدایە، وەک سێرخیۆ بوسکێتس، لویس سوارێز و خۆردی ئەلبا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە