کریستیانۆ: سعودییەکان بەخشندەن و منیش دەمەوێت لە بەرامبەریان بەخشندە بم

21-11-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ سعودیە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کاپتنی هەڵبژاردەی پۆرتوگال و ئەستێرەی یانەی نەسڕی سعودی، گواستنەوەی بۆ خولی پیشەگەری سعودیە بەئەزموونێکی زۆر گرنگ لە کاروانی وەرزشیی تۆپی پێی و لە ژیانیدا بەگشتی وەسف دەکات.
 
رۆناڵدۆ وەڵامی ئەو تۆمەتانەی دایەوە کە لەم دواییانەدا لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیادا ورووژێندرابوون کە گوایە بەدوای پارەدا دەگەڕێت و گوتی "کە ئامانجی گەڕان بەدوای پارە و سامان نییە، بەڵکو دەیەوێت چاکەی خۆشەویستی بەخۆشەویستی بداتەوە"، هەروەها گوتیشی "گەلی سعودیە دۆستانە و بەخشندەن".
 
رۆناڵدۆ لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا، دەشڵێت "من لێرەم لە خولی سعودیە بۆ ئەوەی نازناوەکان بەدەستبهێنم، ئاستی نەسڕ بەرەوپێش ببەم، و تواناکانی خولەکە پەرەپێبدەین، ئەوەی من دەمەوێت تامەزرۆی سەرکەوتن و بەدەستهێنانی شکۆمەندییەکانم، ئەمەیە کە منی هێنایە ئێرە".
 
ئەفسانەی هەڵبژاردەی پۆرتوگال، گوتی "ئەوان بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە من تەنیا بۆ پارە هاتوومەتە ئێرە، بەڵام هەموو ئەوانە پەیوەندی بە منەوە نییە، من هێشتا پڕم لە جۆش و خرۆش، هێشتا بەو پەڕی لەشجوانی دەردەکەوم، لەوانەیە خەڵکانێک گومانیان لە کریستیانۆ هەبێت، بەڵام من هەمیشە پڕم لە سوپرایز، بۆیە پێش رووداوەکان مەکەون".
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ باسی لە ئەزموونی خۆی لە یانەی نەسڕ کرد، کە لە مانگی یەکی داهاتوودا دەگاتە ساڵی دووەمی خۆی، دوای ئەوەی هەندێک لە هەواڵەکان ناوی یوسف  نسێری، ئەستێرەی مەغریبی، یاریزانی یانەی فێناربەخچەی تورکییان بە نەسڕەوە بەستەوە.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە دوای ئەوەی رێژەی گۆڵکردنی کریس  لە خولی پیشەگەری رۆشن لە دوایین یارییەکانی لەگەڵ یانەی نەسڕ لە کەمی داوە، هەندێک راپۆرت ئەگەری درێژنەکردنەوەی گرێبەستەکەی رۆناڵدۆیان بڵاوکردەوە، بەڵام ئەستێرە پۆرتوگالییەکە دووپاتیکردەوە کە هێشتا پڕە لە سوپرایز و توانای ئەوەی هەیە زیاتر بەخشین و داهێنان بکات.
 
دۆن کریستیانۆ، کە وەرزی رابردوو بە تۆمارکردنی 35 گۆڵ نازناوی گۆڵکاری خولی سعودیەی بەدەستهێنا، گوتی "گەلی سعودیە گەلێکی زۆر دۆستانە و بەخشندەیە، منیش حەزدەکەم بەرامبەریان بەخشندە بم".
 
لەم وەرزەدا رۆناڵدۆ تاوەکو ئێستا لە 9 یاری خولی پیشەگەری رۆشندا 6 گۆڵی تۆمارکردووە، یانەی نەسڕیش لە دوای یانەی هیلال و ئیتیحاد پلەی سێیەمی ریزبەندیی خولی رۆشنی گرتووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە