رووماڵ و خەڵاتەکانی رووداو لە قۆناخی 16ـی یۆرۆدا بەردەوامن

30-06-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن بەرنامەی یۆرۆی 2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یۆرۆی 2024 گەیشتە قۆناخی 16ـە، دوو یاریی ئاگرین بەڕێوەچوون و رووماڵی تۆڕی میدیایی رووداویش بە تینی ئەو دوو یارییە گەرم و گوڕتر بوو.
 
محەممەد شێروانی سینەماکار لە ستۆدیۆی یۆرۆی 2024 میوانی رووداو بوو. خەڵاتی تەلەڤزیۆنی زیرەکی رووداوی بەخشییە براوەکە.
 
رووداو بەردەوامە لە بەخشینی خەڵاتە بەنرخەکانی بە بەشداربووانی رووماڵی رۆژانەی، کە یەکێک لە خەڵاتەکانی ئایپادی رووداو بەر خوێندکارێکی پۆلی دوانزدەی ئامادەیی کەوت و لیرەی رووداویش بۆ کرێکارێک دەرچوو. 
  
دەستپێکی رووماڵی  رووداو بۆ یەکەم رۆژی قۆناخی 16ـی یۆرۆی 2024، وەک هەمیشە بە بووڵتەنێکی هەواڵ دەستیپێکرد، کە لەلایەن سامان وڵاتژێرییەوە لە کاژێر 08:30 پێشکێشکرا و کات و شوێنی یارییەکان بە گرافیک خرانەڕوو و بە ڤیتی و هەواڵ هەموو شتێک لەسەر یارییەکانی رۆژ باس کرا.
 
دوو بووڵتەنی 13:30 و 16:40 بەهەمانشێوە پێشکێشکران و پەیامنێری رووداو، لە ئەڵمانیا، لە شاری دۆرتموندەوە نوێترین زانیاری و گۆڕانکاری بە بینەران و بەشداربووانی رووداو گەیاند و چەند هاندەرێکی هەڵبژاردەکان قسەیان بۆ مایکی رووداو کرد.
 
میوانی تایبەتی شرۆڤەی رووداو، محەممەد شێروانی سینەماکار بوو، کە هاندەری هەڵبژاردەی هۆڵەندایە. ئەو وێڕای قسەکردن لەسەر کارە هونەرییەکان، توانایەکی باشیشی لە خوێندنەوە و شرۆڤەی یارییەکان هەبوو.
 
کارۆخ ئیبراهیم، ئاشکریکرد کە 20 ساڵە هاندەری هۆڵەندایە و لەبەرئەوە هۆڵەندای خۆشویستووە کە لە سەردەمی ئۆڤەر مارس و ڤان برۆن کۆست و ڤاندێر سار و زۆر ئەستێرەی دیکە زۆر سەرسام بوو بە ئاستییان.
 

شێروانی گوتیشی "بەداخەوە هۆڵەندا هەرگیز شانسی نییە، هەمیشە باش یاری دەکات و لە هەڵبژاردە گەورەکان دەباتەوە، دواتر دەدۆڕێت و دەردەکرێت".
 
ئەو باسی لەوەش کرد کە لە مۆندیالی 2022ـی قەتەریشدا، هۆڵەندا تیپێکی زۆر بەهێزی هەبوو، و تاکە تیپ بوو کێشە بۆ ئەرجەنتین دروست بکات.
 
لە یەکەم رۆژی یارییەکانی قۆناخی 16ـی یۆرۆدا دوو یاریی یەکلاکەرەوە بەڕێوەچوون، و ئیتاڵیا بەشێوەیەکی ناچاوەڕوانکرا 0-2 بە سویسرا دۆڕا و ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییەکە کرد.
 
یاریی یەکەم لە کاژێر 19:00 ئەنجام درا و یاریی دووەمیش کاژێر 22:00 بەڕێوەچوو، کە هەردوو یارییەکە بەهەمان ئەنجام دوو گۆڵ بەرامبەر بە هیچ کۆتاییانهات.
 
لە یاریی یەکەمدا، سویسرا سوپرایزی کرد و بە ئەنجامی  2-0 یارییەکەی لە ئیتاڵیا بردەوە.
 
لە یاریی دووەمدا، ئەڵمانیاش بەهەمان ئەنجام لە دانیمارکی بردەوە و بەم دوو ئەنجامە سویسرا و ئەڵمانیا بلیتی قۆناخی 8ـی یۆرۆیان وەرگرت و ئیتاڵیا و دانیمارکیش بۆ ماڵەوە.
 

شرۆڤەکارانی تۆڕی میدیایی رووداو، کامەران نەسرەدین، سەرمەد سامح و ئەڵمان عارف لە لایڤەکانیان و لە بەرنامەی یۆرۆی 2024ـدا شرۆڤەی هەردوو یارییەکەیان کرد و بۆچوونەکانی خۆیان خستەڕوو، کە باس باسی سەرکەوتنی ئەڵمانیا و کرانەدەرەوەی ئیتاڵیا بوو.
 
ئەڵمان عارف، کە هاندەرێکی سەرسەختی ئەڵمانیایە، گوتی "سەرەتا سوپاسی ڤار و سوپاسی دادپەروەری تۆپی پێ بەهۆی ڤارەوە دەکەم، ئەگەر ڤار نەبووایە لەوانەیە ئێستا ئەڵمانیا لەدەرەوەی یۆرۆ بووایە".
 
ئەو هەروەها گوتی "پێموایە ئیدی نایگلێسمان دەزانێت کە دەبێت پێکهاتەکەی چۆن بێت و بە کام یاریزان یاری بکات".
 
سەرمەد سامح، زۆر رازی بوو لە ئاستی ئەڵمانیا و گوتی 'ئەڵمانیا جارێکی دیکە ئەو راستییەی بۆ هەمووان دووپاتکردەوە کە هەر تیپێک بەرامبەری یاری بکات دەبێت سەدا سەد بە وردبینییەوە یاری بکات".
 
ئەو زیاتر لەبارەی مانشافتەوە، گوتی "نایگلێسمانی راهێنەر کارێکی زۆر باشی کرد، بەتایبەتی کە یاری بە سانێ کرد، هەروەها گۆڕانکارییەکانیشی زۆر باش و سەرکەوتوو بوون".
 
کامەران نەسرەدین، باسی دۆڕانەکەی ئیتاڵیا کرد و گوتی "تۆپی پێ بە هاش و هوش ناکرێت، بە تاکتیک و بە مێشک و بە قاچ دەکرێت. من لە دوای یاریی کرواتیا گوتم ئەگەر ئیتاڵیا گۆڕانکاری ریشەیی نەکات دۆخی باش نابێت".
 
کامەران زیاتر گوتی "ئەڵمانیاش پێویستە بۆ قۆناخی چوار و 8 ببێتە ئەڵمانیایەکی باشتر لەوەی ئێستا".
 

دڵنیا رەحمان، نێردراوی رووداو بۆ رووماڵکردنی یۆرۆی 2024 لە بەرنامەی یۆرۆی 2024ـدا، لە شاری دۆرتموندەوە، لە دوای یارییەکە چووە نێو هاندەرانی ئەڵمانیا، کە سەرەڕای بارانبارینێکی زۆر، ئەو هاندەرانە ئاهەنگی سەرکەوتنیان دەگێڕا و قسەیان بۆ مایکی رووداو کرد.
 
کۆمەڵە هاندەرێکی کورد، قسەیان بۆ رووداو کرد و یەکێکیان گوتی "من لە کۆڵنەوە هاتووم بۆ دۆرتموند بۆ ئەوەی هانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بدەم، چونکە من هاندەری مانشافتم".
 
دڵنیا رەحمان، پێشتریش لە بۆڵتەنی 16:40 چووە نێو هاندەرانی ئیتاڵیا و سویسرا و راوبۆچوونیانی وەرگرت و ئیتاڵییەکان متمانەیان بە هەڵبژاردەکەیان هەبوو، و پێشبینی ئەوەیان نەدەکرد کە سویسرا شۆکیان بکات.
 
کامێرای رووداو بەشێکی ئاهەنگەکانی هاندەرانی ئەڵمانیای گواستەوە، کە لە دەرەوەی یاریگەدا بەبۆنەی بردنەوەی یاری و گەیشتن بەقۆناخی 8 ئاهەنگیان گێڕا.
 
دوای یارییەکە بەرنامەیەکی دیکەی یۆرۆی 2024 بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری هاندەرانی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو.
 
محەممەد شێروانی، میوانی تایبەتی بەرنامەکە بوو، باسی لە هەندێک لە کارە هونەرییەکانی و ژیانی تایبەتی خۆی کرد، گوتی "لەسەر سینەمای وەرزشیش کاردەکەم".
 
وەک هەمیشە لەم رووماڵەدا، رووداو دوو خەڵاتی 'ئایپادی رووداو'ی بەخشییە بەشداربووانی، کە یەکێکیان لە رێگەی پایامنێری رووداوەوە کە دەچێتە نێو هاندەران. یەکێکیشیان لە رێگەی پێشبڕکێیەکەوە، کە لە پەیجی رووداو سپۆرتەوە رۆژانە پرسیارێک دەکرێت و وەڵامەکەی بە کۆمێنت دەدرێتەوە و براوەکە ئایپادێک وەردەگرێت.
 
بۆ بەخشینی ئایپادی یەکەم، ئەبوبەکر ئیسماعیل. پەیامنێری رووداو لە چوارقوڕنە چووە کافێیەک، کە ژمارەیەکی زۆر بۆ سەیرکردنی یارییەکانی یۆرۆ کۆببوونەوە و تیروپشکی ئایپادی رووداوی راکێشا و خەڵاتەکە بووە بەشی گەنجێک بەناوی رامیار نەجات.
 
دووەم ئایپادی رووداو، کە لە رێگەی وەڵامدانەوەی پرسیارێکی رۆژانەی رووداوەوە دەدرێت، بووە بەشی گەنجێک لە کەرکووک بەناوی هاوڕێ محەممەد حەسەن، کە خوێندکاری پۆلی 12ـەمی ئامادەییە.
 
کاژێر 21:00 رێبوار محەممەد، سامان وڵاتژێری، ئەڵمان عارف و کامەران نەسرەدین، بە لایڤ لە پەیجی رووداو سپۆرت شرۆڤەیان بۆ یاریی یەکەم کرد و بەشداربووان بە کۆمێنت پێشبینییان بۆ ئەنجامی یاریی دووەم لە نێوان ئەڵمانیا و دانیمارک کرد و دواتر لە بەرنامەی یۆرۆی 2024 تیروپشک بۆ براوەکە راکێشرا و ئەمجارە بیرهات رەمزی، کە خەڵکی زاخۆیە، تەمەنی 21 ساڵە و  براوەی ئەمشەوی لیرەی زێڕ بوو، کە بە "لیرەی رووداو" ناسراوە.
 
خەڵاتی لیرەی رووداویش رۆژانە بە یەکێک لەو کەسانە دەدرێت کە لەو لایڤەی رووداودا پێشبینی ئەنجامی دوایاریی شەوەکە لە کۆمێنت دەنووسن. 
 
لە کۆتایی بەرنامەکەدا، تیروپشک بۆ خەڵاتی شەوانەی بەشداربووانی بەرنامەی یۆرۆی 2024ـش کرا، کە تەلەڤزیۆنێکی زیرەکە و ئەمجارە بەخت یاوەری گۆڤار قەهار بوو، تەمەنی 34 ساڵە، پیشەی پارێزەرە و هاندەرێکی سەرسەختی ئیتاڵیایە، بەشداری لە بەرنامەی یۆرۆی 2024ـی رووداودا کرد.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە