شەوی یەکەم دەرکەوتنی بارسا و هانزی فلیکە لە چامپیۆنزلیگ

10 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن چامپیۆنزلیگ بارسا مۆناکۆ ئارسیناڵ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی سیستمی نوێی چامپیۆنزلیگ و گۆڕانکارییەکانییەوە، ئەمشەو ژمارەیەکی دیکە لە یارییەکانی گەڕی یەکەمی چامپیۆنزلیگ ئەنجامدەدرێن و بارسێلۆنا لەگەڵ راهێنەرە نوێیەکەیدا یەکەم یاریی لە پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکە ئەنجام دەدات.
 
پاش شەوی یەکەمی نموونەیی و پڕ لە یاریی بەهێز و درەوشانەوەی بایرن میونشن و ریال مەدرید، شەوی دووەمی چامپیۆنزلیگی ئەمساڵ، لە یاریی لووتکەدا لە نێوان مانچێستەر سیتی و ئینتەرمیلان، تاکتیکی راهێنەرانی هەردوو یانە، بینەری لە چێژی گۆڵ بێبەشکرد.
 
پاڵەوانی ئەڵمانیا لە هۆڵەندایە
 
یارییەکانی رۆژی سێیەم، لە گەڕی یەکەمی چامپیۆنزلیگ بەڕووبەڕووبوونەوەی نێوان فاینۆرد رۆتێردامی هۆڵەندی و بایرلیڤەرکوزنی ئەڵمانی دەستپێدەکات.
 
لیڤەرکوزن کە تاوەکو ئێستا سەرمەستی وەرزە نایابەکەی خۆیەتی لە ساڵی رابردوودا، دەیەوێت لە هەنگاوی یەکەمی دەرکەوتن لە چامپیۆنزلیگدا پاش درەوشانەوە، سەرەتایەکی باشی هەبێت.
 
چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری بایرلیڤەرکوزن، باسی لە دێرینیی فاینۆرد کردووە، بەڵام ئەوەش دووپاتدەکاتەوە کە تیپەکەی زۆر باش بۆ یارییەکە ئامادەیە و شەوێکی تایبەت دەبێت.
 
لیڤەرکوزن لە سێ یاریی خولی بۆندێسلیگای ئەڵمانیادا دوو سەرکەوتن و شکستێکی هەیە و چاوی لە یەکەم بردنەوەیە لە چامپیۆنزلیگ.
 
یارییەکە کاژێر 19:45 بەکاتی باشووری کوردستان ئەنجامدەدرێت. هاوکات لە هەمان کاتدا، سرڤینیا زڤێردای سڕبی میوانداریی بێنفیکای پۆرتوگالی دەکات.
 
ئارسیناڵ و سەرەتایەکی نوێ
 
کاروانی میکێل ئارتێتای راهێنەری لەگەڵ ئارسیناڵ بەردەوام دەبێت تاوەکو ساڵی 2027. تیپە لەندەنییەکە دەیەوێت توانایەکی باشتر لەخۆیدا پێشان بدات لە وەرزی نوێی چامپیۆنزلیگ.
 
یارییەکە لە کاتێکدایە کە ئارسیناڵ بەتواناترین یاریزانی خۆی لە مارتن ئۆدیگاردە لەدەستداوە بەهۆی پێکانەوە.
 
راهێنەری ئارسیناڵ رایگەیاند ئەو یاریزانە بۆ ماوەیەکی بەرچاو لە تیپەکەی دادەبڕێت. یارییەکە تاقیکردنەوەیەکی دیکە دەبێت بۆ هاوڕێکانی ئۆدیگارد پاشئەوەی لە پرێمەرلیگ بەبێ ئەو، تۆتێنهامیان تێپەڕاند، ئێستا پێویستیان بەسەرکەوتن بەسەر ئاتاڵانتای ئیتاڵی هەیە.
 
لەسەر کاریگەریی ئۆدیگارد، ئارتێتا ئەوی بەداڕێژەری ناسنامەی تیپەکەی ناوبردووە، دەڵێ، "یارییەکەی ئەمشەو تاقیکردنەوەیەکی گەورەیە بۆ زانینی توانای دەرکەوتن بەتوانایەکی باشەوە بەبێ ئۆدیگارد".
 
ئاتاڵانتا، دەیەوێت بەسوودوەرگرتن لە ئەزموونی دەوڵەمەندی بەرگریکەرێکی پێشووی ئارسیناڵ، سەرئێشە بۆ ئەو تیپە دروست بکات.
 
سیاد کۆلاسیناک کە پێنج وەرز یاریی بۆ یانە لەندەنییەکە کردووە، دەڵێ ئەوان لە تۆپی جێگیردا زۆر مەترسیدارن، دەبێ باش خۆمان بۆ ئەوە ئامادە بکەین.
 
یارییەکە کاژێر 22:00 بەکاتی باشووری کوردستان ئەنجامدەدرێت.
 
ئاتلێتیکۆ لە میوانداریی لایپزیگدا
 
دوای بردنەوەی گەورە لە ڤالێنسیا بەسێ گۆڵی بێبەرامبەر و گۆڵی هەردوو یاریزانی نوێی تیپەکە، کۆنۆر گالاگێر و جولیان ئالڤارێز، ئاتلێتیکۆ مەدرید دەیەوێت بەبردنەوەوە چامپیۆنزلیگی ئەمساڵ دەستپێبکات.
 
ئاتلێتیکۆ لە دۆخێکی باشدا رووبەڕووی میوانە ئەڵمانییەکەی دەبێتەوە. بەڵام لایپزیگیش وەک وەرزەکانی رابردوو، هێز و توانای زۆری لەسەرەتای بۆندێسلیگادا پێشانداوە و دوو بردنەوە و یەکسانبوون لە سێ یاریدا، دۆخی تیپەکەی بەئاستێکی باش گەیاندووە.
 
مارکۆ رۆزە، راهێنەری لایپزیگ، داوای لە یاریزانەکانی کردووە ئازایانە رووبەڕووی 'ئاڵنگارییە گەورەکە' ببنەوە. لە کاتێکدا ویلی ئۆربانی کاپتنی یانەکە، پێیوایە دۆخی یاریگەی میترۆپۆلیتانۆ هاندەردەبێت بۆ هاوڕێکانی تاوەکو باشتر دەربکەون.
 
ئاتلێتیکۆ مەدرید کاژێر 22:00 میوانداریی لایپزیگ دەکات.
 
یارییەکی دیکەی هەمان شەو، بەریەککەوتنی ستاد برێستی فەرەنسی و شتورم گراتسی نەمساوی دەبێت لەهەمان کاتدا.
 
بارسێلۆنا و یەکەم دەرکەوتنی فلیک
 
بەهۆی چاودێریکردنی ئاستی بارسێلۆنا لەگەڵ هانزی فلیک لە چامپیۆنزلیگ، یارییەکەی ئەمشەوی نێوان مۆناکۆ و بارسێلۆنا لە کاژێر 22:00ی شەودا، سەرنجڕاکێشترینی شەوەکە دەبێت.
 
پێشەنگی لالیگا بەورە و دەروونێکی ناوازەوە رووی لە فەرەنسا کردووە و تیپەکە دەیەوێت هەرزوو، پێشانی هەمووانی بدات لەگەڵ راهێنەرە نوێیەکەیدا، لە چامپیۆنزلیگیش وەک لالیگا، هێزی زۆری هەیە.
 
ئاستی ناوازەی بارسا لە یارییەکانی لالیگا و پێنج بردنەوەی لەسەریەک و گرتنی پێشەنگی خولی ئیسپانیا، هەمووانی ناچارکردووە چاوەڕێبن بارسا ئەمشەو گوشاری زۆری خۆی لەسەر تیپەکانی بەرامبەری، لە نێوخۆوە بۆ سەر ئاستی ئەورووپا بگوازێتەوە.
 
هانزی فلیک بەورەیەکی بەرزەوە باسی یارییەکەی کردووە، ئەو تەنانەت ئاستی ئاڵنگارییەکەی بەرزکردووەتەوە و دەڵێ، بارسا دەتوانێت نازناوی چامپیۆنزلیگ بباتەوە.
 
ئەو راهێنەرە ئەڵمانییە وایداناوە کە چامپیۆنزلیگ پێویستی بە رق و چاودانەسەری زۆری هەیە لەپێناو بردنەوەی یارییەکاندا.
 
درەوشانەوەی لامین یامال لە یارییەکانی رابردووی بارسێلۆنادا بووەتە جێگەی سەرنج لای هەمووان، بەڵام ئادی هۆتەری راهێنەری مۆناکۆ پێیوایە ئەوان لە یارییەکەدا تەنیا مامەڵە لەگەڵ ئەو یاریزانە ناکەن و بارسێلۆنا وەک سیستم و تیپ، مەترسیدارە. هەربۆیە دەبێ زۆرباش بەرگری لە خۆمان بکەین و دەزانین چۆن ئەوە دەکەین.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە