ڤیدیۆ؛ بارسێلۆنا دەیەوێت درێژە بە دەستپێکە نایابەکەی بدات

11 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
مۆناکۆ و بارسێلۆنا
مۆناکۆ و بارسێلۆنا
نیشانەکردن مۆناکۆ بارسێلۆنا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای پێنج بردنەوەی لەسەریەک و سەرەتایە باشەکەی لە رکابەرییەکانی لالیگادا، یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بەسەرکردایەتیی لامین یامالی لاو و بەپشتبەستن بە ئەزموونی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی دەچێتە نێو رکابەرییەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا.
 
یەکەم دەرکەوتنی بارسا لە چامپیۆنزلیگی نوێدا، لە فەرەنسا دەبێت و لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی مۆناکۆ یاری دەکات، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری یاریزانە دیارەکانی یانەکە بەهۆی پێکانەوە بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن، بەڵام پێکهاتەی هانزێ فلیک بۆ یارییەکە ئامادەیە و بە ئامانجی بردنەوەی سێ خاڵ تیپەکە چووەتە مۆناکۆ.
 
بارسا پێنج رۆژ بەر لە دەستپێکردنی وەرزی نوێ، لە جامی خوان گامپەردا، لە یاریگەی خۆیدا بە مۆناکۆ دۆڕا و سێ گۆڵی لێکرا، بەڵام فلیک و یاریزانەکانی و مۆناکۆش لەوە تێدەگەن، ئەوە جگە لە یارییەکی ئامادەکاری هیچی دیکە نەبوو و ئەمشەو سەرەتایەکی نوێیە، لە پاڵەوانێتییەکی گەورەدا بە شێوازێکی نوێ.
 
چۆن بارسێلۆنا لە لالیگادا سەرەتایەکی باشی هەبووە، مۆناکۆش ئاوا لە فەرەنسا دەستپێکێکی نایابی هەیە.
 
یانە فەرەنسییەکە لەسەر ئاستی ناوخۆ لە چوار یاریدا سێ بردنەوە و یەکسانبوونێکی هەیە، بەمەش هەردوو یانە تاوەکو ئێستا لەسەر ئاستی خولەکانیان نەدۆڕاون، هەردووکیان لەبەردەم هەلی درێژەدان بەبردنەوەکانیان و دەیانەوێت یەکەم شکست تووشی ئەوەی دیکە بکەن.
 
مۆناکۆ و بارسێلۆنا، پێشتر تەنیا دوو یارییان لە چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر یەکدی کردووە، بارسا هەردوو یارییەکەی بردووەتەوە و هیچ گۆڵێکی لێنەکراوە، ئەوە تەنیا مێژووییەکی باشی یانە کەتەلۆنییەکە و قۆناخە نوێیەکەیان ئەمشەو پێمان دەڵێت کامیان یەکەم سێ خاڵ لە چامپیۆنزلیگی نوێدا بەدەستدەهێنن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە