کەریم بە نیو مووچەی رۆژێکی ئۆتۆمبێلێکی گرانبەها دەکڕێت

29-06-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کەریم بنزیما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

کەریم بنزیمای فەرەنسی، هێرشبەری نوێی یانەی ئیتیحادی سعودی، ئۆتۆمبێلێکی نوێ و گرانبەهای کڕی، کە دەکاتە نیوەی مووچەی رۆژانەی خۆی، لەگەڵ تیپە نوێیەکەی.
 
یانەی ئیتیحاد، لەم مانگەدا، گرێبەستەکەی لەگەڵ کەریم بنزیما راگەیاند، دوای کۆتایی هاتنی ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە مێژووییەکەی، ریال مەدریدی ئیسپانی. ماوەی گرێبەستی لەگەڵ ئیتیحاد دوو وەرزە.
 
بەگوێرەی زانیارییە رۆژنامەڤانییەکان، کەریم بنزیما مووچەی ساڵانەی 100 ملیۆن یۆرۆیە، واتە لە هەر رۆژێکدا 274 هەزار یۆرۆ وەردەگرێت.
 
ماڵپەڕی گۆڵی جیهانی پشتڕاستیکردەوە کە بنزیما ئۆتۆمبێلێکی نوێی کڕیوە، کە لەلایەن کۆمپانیای BMWی ئەڵمانییەوە بەرهەم هێنراوە، لە جۆری M5 Competitionـە، کە یەکێکە لە گرانترین و بە نرخترین ئۆتۆمبێلەکانی جیهان.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، بەهای ئۆتۆمبێلە نوێیەکەی بنزیما 151 هەزار یۆرۆیە، کە کەمێک زیاترە لە نیوەی ئەو مووچەی رۆژانەی لە یانەی ئیتیحاد وەریدەگرێت.
 
بنزیما لە رێگەی هەژماری فەرمی خۆیەوە لە ئینستاگرام، وێنەی ئۆتۆمبێلە نوێیەکەی بڵاوکردەوە، لە کاتی لێخوڕینیدا.
 
ئەم ئۆتۆمبێلەی کەریم هەندێک تایبەتمەندی هەیە، کە لە ئۆتۆمبێلەکانی دیکەدا نین. بۆ نموونە خێرایی 625 ئەسپە، هەروەها بزوێنەرێکی دووانە تۆربۆی 4.4ـی تێدایە، ئەمە جگە لەوەی توانای رۆیشتنی لە سفرەوە بۆ 100 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا تەنیا 3.3 چرکەی پێویستە.
 
هەرچەندە زۆرترین خێرایی ئەو ئۆتۆمبێلە ئەڵمانییە 250 کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا، بەڵام ئەگەر حەزی لێبێت دەتوانێت بیکاتە 305 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا.
 
هێرشبەرە فەرەنسییەکە زۆر حەزی لە ئۆتۆمبێلی خێرایە. ئەو گەڕاجێکی گەورەی راگرتنی ئۆتۆمبێلی هەیە، کە دوو ئۆتۆمبێلی کۆمپانیای ئۆدیی ئەڵمانی و 3 ئۆتۆمبێلی مێرسیدسی تێدایە، ئەمە جگە لە دوو ئۆتۆمبێلی جۆری بوگاتی، کە بەرهەمهێنانی فەرەنسین.
 
بنزیما خاوەنی ئۆتۆمبێلێکی جۆری ئۆدی RS4ـی ئەڵمانی و ئۆتۆمبێلێکی دیکەی RS6 و ئۆتۆمبێلێکی جۆری مێرسیدس ئێس ئێڵ ئاڕ ماکلارێن و ئۆتۆمبێلێکی ئینگلیزی-ئەڵمانی لە نێوان مێرسیدس بێنزی ئەڵمانی و کۆمپانیای ماکلارێن ئۆتۆمۆتیڤی بەریتانیدایە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە