میدیای بەریتانیا سوپرایزێک لەبارەی مێسی و رۆناڵدۆ و بنزیما ئاشکرا دەکات

07-06-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کەریم بنزیما مێسی و رۆناڵدۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی ئینگلیزی، راستیی ئەو دەنگۆیانەی ئاشکراکرد کە باس لە گواستنەوەی ئەستێرە نێودەوڵەتییەکانی خولی سعودیە بۆ یانەی نیوکاسڵ دەکەن.
 
ئێستا لە خولی سعودی، کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی یاری بۆ یانەی نەسڕ دەکات و کەریم بنزیمای یاریزانی فەرەنسیش بووەتە یاریزانی ئیتیحاد. دەنگۆی ئەوەش هەیە کە لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی پەیوەندی بە یانەی هیلالەوە بکات.
 
دوو رۆژ لەمەوبەر شازادەی جێنشینی سعودیە، شازادە محەمەد بن سەلمان، پڕۆژەی وەبەرهێنان و تایبەتکردنی یانە وەرزشییەکانی شانشینی سعودیەی راگەیاند. کە سندوقی وەبەرهێنانی گشتی سعودیە 75%ـی موڵکداریەتی هەریەک لە یانەکانی ئیتیحاد، ئەهلی، نەسڕ و هیلالی بەدەستهێناوە، وەک کۆمپانیای تازە دامەزراو، جگە لەوەش سندوقەکە خۆی خاوەنی یانەی نیوکاسڵی ئینگلیزییە.
 
بەگوێرەی رۆژنامەکانی بەریتانیا "نیوکاسڵ دەتوانێت ئەو سێ یاریزانە بەشێوەی خواستن بباتە ریزەکانی، ئەگەر مێسی پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی هیلالەوە بکات، بەتایبەتی کە هەر 4 یانەکە موڵکی هەمان سندوقی وەبەرهێنانن".
 
ئەو رۆژنامانە ئاماژەیان بەوەشکردووە، سەرەڕای توانای نیوکاسڵ بۆ کۆکردنەوەی رۆناڵدۆ و مێسی و بنزیما لە یەک تیپدا، بەڵام خولی نایابی ئینگلیزی دەستوەردان دەکات ئەگەر نیوکاسڵ هەوڵی گواستنەوەی هەر یاریزانێک بدات بەخواستن بەبێ ئەوەی بەهای راستەقینەی بازاڕی گرێبەستەکە بدات.
 
پێشبینی دەکرێت لە چەند کاژێری داهاتوودا پێشهاتی نوێ لە دۆسیەی گواستنەوەی مێسی بۆ یانەی هیلال هەبن، بەتایبەتی ئەگەر لەگەڵ بارسێلۆنا نەگەیشتە رێککەوتن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە