کلاسیکۆی گواستنەوەی ئەستێرەیەکی پرێمەرلیگ

28-11-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ریال مەدرید بارسێلۆنا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هەردوو یانەی ریال مەدرید و بارسێلۆنای ئیسپانی چاودێری ئەستێرەیەکی پرێمەرلیگ دەکەن و دەیانەوێت یاریزانەکە لە گواستنەوەکانی داهاتوودا ببەنە ریزەکانیان.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، هەردوو جەمسەرەکەی ئیسپانیا چاودێریی بارودۆخی، لویز دیاز، ئەستێرەی کۆڵۆمبی و یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی دەکەن، بۆ ئەوەی یاریزانەکە ببەنە ریزەکانیان، بەڵام یانەی لیڤەرپوول نایەوێت دەستبەرداری یاریزانەکە ببێت، بەتایبەتیش لە گواستنەوەی زستانەدا.
 
هەوڵدانی بارسا و ریال بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە لەکاتێکدایە، پێشتر باوکی دیاز لەلێدوانێکدا رایگەیاندبوو، کوڕەکەی خەون بە یارییکردن بۆ بارسێلۆناوە دەبینێت و هاندەری ئەو یانەیەیە، بەڵام هیچ هەنگاوێکی فەرمی لەلایەن بارسێلۆنا و بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانەکەشەوە نەنراوە بۆ ئەوەی بلاوگرانا گرێبەست لەگەڵ دیاز بکات.
 
لویس دیاز لەساڵی 2022 لە یانەی پۆرتۆی پۆرتوگالییەوە پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی لیڤەرپوولەوە کردووە، یۆرگن کڵۆپ متمانەی زۆری بەتواناکانی یاریزانەکە هەیە، سەرەڕای ئەوەی زۆرینەی کاتەکانیش لە پێکهاتەی سەرەکیدا نییە.
 
گرێبەستی ئەستێرەکەی کافێتێرۆس لەگەڵ رێدز لە هاوینی ساڵی 2027 کۆتاییدێت، نرخی ئێستای یاریزانەکە دەگاتە 75 ملیۆن یۆرۆ و زەحمەتە لیڤەرپوول بەئاسانی دەستبەرداری یاریزانەکە ببێت.
 
هاندەرانی بارسێلۆنا هیوای زۆریان بەگواستنەوەی یاریزانەکە هەیە، بەهۆی قسەکانی باوکی دیازەوە، بەڵام بارسێلۆنا بارودۆخی دارایی خراپە و زەحمەتە بتوانێت رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی تواناکانی ئەو یاریزانە بکات.



 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە