خولی فەرەنسا هەڵوەشێندرایەوە

28-04-2020
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن خولی فەرەنسا
A+ A-

رووداو - هەولێر

میدیای فەرەنسا هەواڵێکی چاوەڕواننەکراوی لەبارەی چارەنووسی خولی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە و دەڵێت، خولی فەرەنسا بەهۆی کۆرۆناوە تەواوناکرێت.

رۆژنامەی لێکیپی فەرەنسی دەڵێت، بەرپرسانی فەرەنسا گەیشتوونەتە ئەو بڕیارەی کە خولی پلە یەک و دووی فەرەنسا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هەڵبوەشێننەوە.

ئیدوارد فیلیپ، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی گوتی، تاوەکو مانگی ئەیلوولی داهاتوو ناتوانن هیچ چالاکییەکی وەرزشی بەڕێوەببەن، ئەمەش بەمانای ئەوەیە کە خولی تۆپی پێی فەرەنسا تەواوناکرێت.

بیرتراند لاتور، رۆژنامەڤانی فەرەنسی بڵاویکردووەتەوە، کە ئەم وەرزەی خولی فەرەنسا کۆتاییهات، ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە هاوشێوەی خولی هۆڵەندا یارییەکان هەڵدەوەشێندرێنەوە و پاڵەوانی خولەکەش دیاری ناکرێت و هیچ یانەیەکیش دانابەزێت.

لێکیپ ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی یارییەکانی خولی فەرەنسا دوای ئەوە دێت کە بەرپرسانی فەرەنسا رێگەنادەن چالاکییە وەرزشییەکان دەستپێبکەنەوە، کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناش لەسەر وڵاتەکەش هێشتا ماون.

خولی تۆپی پێی فەرەنسا لە کۆی 34 گەڕ 28 گەڕی ئەنجامدراوە، یانەی پاریس سانجێرمان بە 68 خاڵ و بەجیاوازیی 12 خاڵ لەگەڵ یانەی مارسیلیا، لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکەیە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە