رووداو دیجیتاڵ
سێر جیم راتکلیف، کە لە چەند رۆژی رابردوودا بووە خاوەنی 25٪ـی پشکەکانی یانەی مانچێستەر یونایتد، پەیامێک بۆ هاندەرانی یانەکە دەنێرێت و داوای کات و ئارامگرتنیان لێدەکات بۆ ئەوەی مانچێستەر یونایتد بگەڕێنێتەوە "لووتکە"ی جیهانی تۆپی پێ.
مانچێستەر یونایتد بەدۆخێکی خراپدا تێدەپەڕێت و گوشارێکی زۆری لەلایەن میدیاکانەوە لەسەرە، یانەکە لەم وەرزەدا هەر لە قۆناخی کۆمەڵەکانەوە ماڵئاوایی لە چامپیۆنزلیگ کرد، لە پرێمەرلیگیشدا لە پلەی شەشەمە و لە هەشت یاریدا تووشی شکست بووە، هاندەرانی یانەکە تاکە ئومێدیان ئەوەیە بە هاتنی راتکلیف، یانەکە جارێکی دیکە بگەڕێتەوە رۆژانی سەرکەوتن و چنینەوەی نازناوەکان.
ملیاردێرە بەریتانییەکە، پەیامێک بۆ هاندەرانی مانچێستەر یونایتد دەنێرێت و دەڵێت "باوەڕموایە دەتوانین لە رووی وەرزشییەوە مانچێستەر یونایتد بگەڕێنینەوە سەر رێچکەی بردنەوە، هەر وەکچۆن لە رووی بازرگانییەوە یانەکە بەردەوامە لە سەرکەوتنەکانی، بەڵام ئەوە پێویستی بە کات، ئارامگرتن و باشترین ئاستی بەڕێوەبردن هەیە".
راتکلیف لە چەند رۆژی رابردوودا بە بڕی 1.03 ملیار پاوەند، بووە خاوەنی 25٪ـی پشکەکانی مانچێستەر یونایتد و سەرپەرشتی هەموو کاروبارێکی پەیوەست بە تۆپی پێ لە یانەکەدا دەکات، یەکەم کاریشی تەرخانکردنی 237 ملیۆن پاوەند دەبێت، بۆ نۆژەنکردنەوەی یاریگەی ئۆڵدترافۆرد، هاندەرانی یانەکە چاوەڕێی ئەوەن مانچێستەر یونایتد لەو دۆخە خراپەی تێیدایە رزگاری بێت و بگەڕێتەوە سەر رێچکەی سەرکەوتن.
لەو بارەیەوە راتکلیف دەڵێت دەڵێت "ئێوەی هاندەران زۆر بەپەرۆشن بۆ سەرکەوتنی مانچێستەر یونایتد، ئێمەش بە هەمان شێوەین. لە وەرزشدا هیچ گەرەنتییەک نییە و بەدڵنیاییەوە گۆڕانکاری کاتی دەوێت، بەڵام ئێمە بۆ داهاتووییەکی درێژخایەن لێرەین و پێکەوە دەمانەوێت مانچێستەر یونایتد بگەڕێنینەوە ئەو شوێنەی شایستەیەتی، ئەویش لووتکەی تۆپی پێی ئینگلتەرا، ئەوروپا و جیهانی تۆپی پێیە و من ئەو بەرپرسیارێتییە دەکەمە پێشینە".
راتکلیف یەکێکە لە دەوڵەمەندترین پیاوەکانی بەریتانیا و خاوەنی کۆمپانیای ئینیۆسە، کە خاوەندارێتی یانەی نیس دەکات کە ئێستا لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولی فەرەنسایە، هەروەها خاوەنی یانەی لۆزانە، کە لە دوایین پلەکانی خولی سویسرا دێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ