رووداو دیجیتاڵ
رۆبین ئامۆریم، راهێنەری یانەی سپۆرتینگ لیسبۆنای پۆرتوگالی، وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە باسی بوونی بەراهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی دەکەن.
پێشتر سپۆرتینگ لیسبۆنا ئاشکرایکردبوو، یانەی مانچێستەر یونایتد ئامادەیە بڕی 10 ملیۆن یۆرۆ بدات، بۆ دەستبەرداربوونی یانەکە لە راهێنەرەکەی.
لە دوای دوورخستنەوەی ئێریک تێن هاگ لە مەشقدانی یانەی مانچێستەر یونایتد، باسوخواسەکان لەبارەی دەستنیشانکردنی ئامۆریم بەراهێنەری یانەکە گەرمن.
تێن هاگ بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی تیپەکە لە وەرزی ئەمساڵ، بەتایبەت گرتنی پلەی چواردەیەمی ریزبەندی پرێمەرلیگ، لە مەشقدانی مانچێستەر یونایتد دوورخرایەوە.
هەرچەندە هەندێک سەرچاوە دووپاتیاندەکردەوە کە ئامۆریم رۆژی یەکشەممەی داهاتوو لەسەر کورسیی یەدەگی تیپەکە دەبێت بەرامبەر چێڵسی لە ئۆڵدترافۆرد، بەڵام ئامۆریم نایەوێت هیچ هەواڵێک لەوبارەیەوە دووپات بکاتەوە.
ئامۆریم، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی پاش سەرکەوتنی لیسبۆنا بەسەر ناسیۆنال لە قۆناخی هەشتی جامی پۆرتوگال گوتی، "لەئێستادا هیچم نییە بۆ گوتن، ئێمە سەرقاڵی کاری خۆمانین، هەر شتێکی دیکە بڵێم دەبێتە هۆی هەڵا و زەنای زۆر".
ئەو هەروەها گوتی، "هیچ شتێک نییە شایەنی باسکردن بێت، بڵاوکراوەیەکی یانەکە لەوبارەیەوە هەیە و هەمووان دەزانن ناوەڕۆکەکەی چییە، ئەوەیدیکە هەمووی وردەکارییە و منیش نازانم چییە، دواتر هەمووان دەیزانین".
ئامۆریم هەروەها دەڵێ، "مانچێستەر نیازیان هەیە و دانوستاندن لەگەڵ سپۆرتینگ دەکەن، بەڵام دوا بڕیار لای منە".
هەروەها گوتویەتی، "بەڵێنی هیچ شتێک نادەم، هەموو ئەوەی کە هەیە ئەوەیە کە من سەرقاڵی ئامادەکردنی تیپەکەم دەبم بۆ یاریی لە خول بەرامبەر ئێسترێلا".
لە دوای دوورخستنەوەی تێن هاگ لە مەشقدانی مانچێستەر یونایتد، رۆد ڤان نیستەلرۆی هێرشبەری پێشووی یانەکە، بەشێوەیەکی کاتی مەشقدانی یانەکەی لە ئەستۆ گرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ