رووداو دیجیتاڵ
لیۆنێل سکالۆنی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، تووڕەیی و نیگەرانیی خۆی بەرامبەر هەڵسوکەوتەکانی ئیمیلیانۆ مارتینێزی گۆڵپارێزی هەڵبژاردەکەی دەربڕی، پاش ئەو نمایش و جووڵە زۆرانەی ئەو گۆڵپارێزە لە یاریی هەڵبژاردەکە بەرامبەر بەرازیل ئەنجامیدا.
ئەرجەنتین لە یاریگەی مۆنومێنتال، لە گەڕی 14ی پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور بۆ گەیشتن بەمۆندیالی 2026، میوانداریی بەرازیلی کرد و یارییەکەی بە 4 - 1 گۆڵ بردەوە و بەفەرمی گەیشتە مۆندیالی داهاتوو. لە یارییەکەدا مشتومڕ و دەمەقاڵەی زۆر لەنێوان یاریزانانی هەردوو هەڵبژاردە روویدا، لە یارییەکەدا چەند جارێک مارتینێز بینرا کە سەرقاڵی کات لەدەستدان و نمایشە و ئەوەش راهێنەری هەڵبژاردەکەی نیگەران کرد.
هەرچەندە ئەنجامی یارییەکە لە بەرژەوەندی ئەرجەنتین بوو و ئەنجامەکە زۆر باش بوو، بەڵام سکالۆنی تووڕەیی خۆی لە مارتینێز نەشاردەوە و دەستی لەو گۆڵپارێزە راوەشاند و داوای لێکرد سەرنجی لەسەر یارییەکە بێت و واز لە نمایشی ناپێویست بهێنێت.
سکالۆنی لە چەند رۆژی رابردوودا و بەر لە یارییەکەش، داوای ئارامی و دانبەخۆداگرتنی لە یاریزانانی هەڵبژاردەکەی کرد، بەتایبەت پاشئەوەی رافینیای هێرشبەری بەرازیل، هێرشی کردە سەر ئەرجەنتین و گوتی ئەو بەنەفرەت بووانە تێکدەشکێنین.
سکالۆنی پێش یارییەکە و دوای یارییەکەش، دانایانە مامەڵەی لەگەڵ رووداوەکاندا کرد و نەچووە ژێرباری ئەو گوشارەی میدیاکانی ئەرجەنتین لەسەر ئەویان دروستکرد بۆ وەڵامدانەوەی رافینیا. ئەو راهێنەرە دوای یارییەکە گوتی، لە رافینیا خۆشدەبم، ئەو هیچ نیازێکی خراپی نەبوو، تەنیا ویستی بەرگری لە وڵاتەکەی خۆی بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ