سکانداڵێکی گەورە لە جامی جیهانی تۆپی دەستدا

26-01-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن میسر سلۆڤینیا مۆندیالی تۆپی دەست
A+ A-

رووداو دیجیتال

فیدراسیۆنی تۆپی دەستی سلۆڤینیا، رەخنەی لە رێکخەرانی پاڵەوانێتی جامی جیهانی تۆپی دەست لە میسر گرت و بە نادادپەروەرانە وەسفی کرد، ئەمەش دوای ئەوەی لە رۆژی یارییە زۆر گرنگەکەی لەگەڵ خانەخوێکان 12 لە یاریزانەکانی تووشی ژەهراویبوونی خۆراک بوون.
 
گۆران تسێڤیچ، سکرتێری گشتیی فیدراسیۆنی تۆپی دەستی سلۆڤینیا، لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا، دوای یەکسانبوونی هەڵبژاردەکەیان لەگەڵ میسر و ماڵئاواییکردن لە پاڵەوانێتییەکە بەجیاوازی خاڵێک لەگەڵ هەڵبژاردەی میسر، رایگەیاند "دوای یەکسانبوون لەگەڵ میسر بە ئەنجامی 25 - 25 گۆڵ، ئێمە رازی نین بە رێکخستنە نادادپەروەرانەکەی پاڵەوانێتییەکە لە میسر".
 
لە بڵاوکراوەکەدا هەروەها هاتووە "لە 24 کاژێری پێش یارییەکەمان لەگەڵ میسر، نزیکەی 12 یاریزانمان تووشی ژەهراویبوونی خۆراک بوون، بەڵام بەداخەوە کە  رێکخەرانی میسر زۆر گرنگییان بەو پرسە نەدا".

فیدراسیۆنەکە کە تیپەکەی گەیشتبووە قۆناخی پێشکۆتایی یۆرۆی 2020، دەشڵێت "گەنجەکان بە ئازار و رشانەوە و پەلەکردن لە گەرماوەکە هاواریان دەکرد، وەک ئەوەی ژیانیان لەسەر ئەوە مابێتەوە".
 
تیپی سلۆڤینیا لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتانی میسر، دانیمارک و سوێد و چەند تیپێکی دیکە، لە هۆتێلێک مانەوە لە ناوەڕاستی قاهیرە، لەنێو هۆڵێکی تەندروستیدا بۆ خۆپاراستن لە مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، بۆیە سلۆڤینییەکان گومان دەکەن یاریزانەکانیان ژەهراویکرابن.
 
فیدراسیۆنی سلۆڤینیا، لە بڵاوکراوەکەیدا دەشڵێت "کەمێک پێش یارییەکە، لە ژووری جلگۆڕیندا بلاگ گۆتۆنیشیک، کە گەورەترین و بەهێزترین یاریزانمانە، لەسەر زەوی درێژبووببوو، بەهۆی ئەو ئازارە بەهێزەی هەیبوو، بەشێوەیەک رووخابوو بەناچاری گەڕاندمانەوە هۆتێلەکە، هەروەها هەردوو یاریزانان تاش سکۆبی و دراگان گاجیچیش بەهەمان هۆکار بەشدارییان لە یارییەکەدا نەکرد".

لە کۆتایی بڵاوکراوەکەیشیدا، فیدراسیۆنی تۆپی دەستی سلۆڤینیا، دەڵێت "دوای یارییەکە  راپۆرتێکی وردمان لەسەر تەندروستی یاریزانان دایە وەزارەتی تەندروستی میسر، ئەوان  پەیوەندییان پێوەکردین، بەڵام هیچ بڕیارێکی گرنگی نەدا".
 
سلۆڤینیا هیواخوازبوو ببێتە ئەسپی رەشی مۆندیالی تۆپی دەست لە میسر، بەڵام یەکسانبوون لەگەڵ هەڵبژاردەی میسر بە ئەنجامی 25 - 25 گۆڵ دەرفەتی پێنەدا بگاتە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە