میدیای کەتەلۆنیا براوەی خەڵاتی زە بێستی ئەمساڵ ئاشکرا دەکات

25-12-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی زە بێست
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

هەندێک لە راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ناوی براوەی خەڵاتی زە بێست بۆ باشترین یاریزانی ساڵی 2021 لە جیهاندا ئاشکرا دەکەن.
 
بەگوێرەی هەندێک لە راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە کەتەلۆنیا، رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، ئەستێرەی پۆڵەندیی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی براوەی خەڵاتەکەیە و لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و براوەی باڵۆن دۆری ئەمساڵ پلەی دووەمی بەدەستهێناوە.
 
فیفا لە 17ـی مانگی 1ـی 2022 کە بارەگای خۆی لە زیورخ ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکانی زە بێست سازدەکات و تێیدا خەڵاتی باشترین یاریزان باشترین خانمە یاریزان، باشترین راهێنەر و باشترین خانمە راهێنەر، باشترین گۆڵپارێز و باشترین خانمە گۆڵپارێز لەگەڵ خەڵاتی پۆشکاش بۆ جوانترین گۆڵی ساڵ دابەش دەکات.
 
وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن، لیڤاندۆڤسکی بۆ ساڵی دووەم بەسەریەکەوە خەڵاتی زە بێستی بردووەتەوە و ئەمجارە بەسەر لیۆنێل مێسیدا سەرکەوتووە، کە لە باڵۆن دۆر لیۆ گرەوەکەی لێبرداوە و ئەوکات زۆر گلەیی لە فرانس فووتبۆل کرا، گوایە لیڤا زیاتر لە مێسی شایەنی خەڵاتەکە بوو.
 
باشترین یاریزانی جیهان بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی زە بێست لە رێگەی 4 جۆرە دەنگدانەوە دیاری دەکرێت، کە هەر یەکێکیان 25٪ـی دەنگەکانی پرۆسەکە پێکدەهێنێت، یەکەمیان لە لایەن جەماوەرەوە دەبێت، کە لە رێگەی راپرسێکی ماڵپەڕی فیفاوە دەنگ دەدەن، دووەمیشیان راهێنەرانی هەڵبژاردەکانی سەر بە فیفان و سێیەمیشیان کاپتنی ئەو هەڵبژاردانەن، ئەوانەی دیکەش کۆمەڵێک لە رۆنامەڤانان دەنگ دەدەن، کە فیفا دەستنیشانیان دەکات.
 
هەر دەنگدەرێک دەنگ بە 3 باشترین یاریزان بە بۆچوونی خۆی دەدات، دەنگی یەکەم 5 خاڵی لەسەرە و دەنگی دووەم بەرامبەر 3 خاڵە و سێیەمیش خاڵێک وەردەگرێت.
 
دەنگدانەکە لە 22ـی مانگی 11 دەستیپێکردووە و لە 10ـی ئەم مانگە کۆتاییهاتووە، کە بەپێی میدیای کەتەلۆنی لیڤاندۆڤسکی زۆرترین خاڵی کۆکردووەتەوە و لیۆنێل مێسی دووەمە.
 
لیڤاندۆڤسکی ئەگەرچی لە 2021 لەسەر ئاستی بەکۆمەڵدا تەنیا نازناوی بوندێسلیگای بردووەتەوە، بەڵام لەسەر ئاستی تاکەکەسیدا ئامارەکانی سەرسوڕهێنەر بوون کە لە سەر ئاستی خولە گەورەکانی ئەوروپادا لە 34 یارییدا 43 گۆڵی کردووە.
 
بەپێی ئامارەکانی Who Scoredـیش لیڤاندۆڤسکی بەرزترین رێژەی ھەڵسەنگاندنی ھەبووە لە ساڵی 2021 بە رێژەی 8.08 بۆ ھەر یارییەک و باشترین یاریزانی ساڵەکە بووە بە پێی خاڵەکانی نێو یارییەکانی ئەمساڵ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە