یۆرۆی 2024.. ساڵح سەدیر میوانی 12ـەم رۆژی رووماڵی رووداو بوو

26-06-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن بەرنامەی یۆرۆی 2024 رووماڵی رووداو بۆ یۆرۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

رووماڵی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ پاڵەوانێتی یۆرۆی 2024 لە رۆژی 12ـدا بەردەوام بوو، هەرێم محەممەد، گۆرانیبێژی ناسراو میوانی رووداو بوو. خەڵاتەکانی رۆژانەی رووداو بە بەشداربووان دران و ئەمجارە خەڵاتی ئایپادی رووداو بەر خانمێکی فەرمانبەر کەوت و مۆبایلی زیرکی رووداویش بۆ کرێکارێک بوو.
 
سێ بووڵتەن
 
وەک هەمیشە لە رووماڵی 12یەم رۆژدا، سێ بووڵتەنی هەواڵ لەلایەن سامان وڵاتژێرییەوە لە کاژێرەکانی 08:30 و 13:30 و 16:40 پێشکێشکران و بە گرافیک و ڤیتی و وەرگرتنی پەیامنێری رووداو، لە ئەڵمانیا، نوێترین زانیاری و گۆڕانکاری بە بینەران و بەشداربووانی رووداو گەیێنران.
 
میوانی تایبەت
 
میوانی تایبەتی شرۆڤەی رووداو، گۆرانیبێژ هەرێم محەممەد بوو، کە راشکاوانە رایگەیاند پێشتر زۆر یاری تۆپی پێی کردووە، بەڵام ئێستا لە یاری و سەیرکردنی یارییەکانی تۆپی پێ دوورکەوتووەتەوە و سەرقاڵی کاری هونەرییە، بەڵام بۆ تەندروستی خۆی بەردەوام وەرزش دەکات.
 
هونەرمەند هەرێم محەممەد باسی سەردەمی منداڵیی خۆی کرد و گوتی "تۆپێکی چاکم هەبوو، بە کەیفی خۆم یاریزانی باشم بۆ خۆم دادەنا و ئەوانی دیکەشم دەناردە لایەکەی دیکە. چونکە ئەوکات کێ خاوەنی تۆپەکە بووایە سەرۆک تیپ بوو".
 
هەرێم داوای لە گەنجان کرد کە رۆژانە وەرزش بکەن بۆ ئەوەی پارێزگاری لە تەندروستی خۆیان بکەن.
 

چوار یاری
 
لە رۆژی 12یەمی یۆرۆدا چوار یاریی یەکلاکەرەوە بەڕێوەچوون، کە جگە لە دیاریکردنی چارەنووسی تیپە سەرکەوتووەکان بۆ قۆناخی 16، کاریگەرییشیان بەسەر دیاریکردنی رووبەڕووبووەکانی قۆناخەکە هەبوو.
 
دوو یاری لە کاژێر 19:00 ئەنجام دران و دوو یارییەکەی دیکە کاژێر 22:00 بەڕێوەچوون، کە رۆژێکی کەم گۆڵ بوو، لە چوار یارییدا تەنیا 7 گۆڵ تۆمارکران. بێجگە لە یاریی نەمسا و هۆڵەندا کە پێنچ گۆڵی تێدا تۆمارکرا، دوو یاری بەبێ گۆڵ کۆتاییهاتن.
 
هەردوو یاریی یەکەم، لە چوارچێوەی یارییەکانی دواگەڕی کۆمەڵەی چوارەم بوون، کە لە یاریی یەکەمدا، فەرەنسا رووبەڕووی پۆڵەندا بووەوە و یارییەکە گەڕانەوەی کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسای بەخۆیەوە بینی، کە دوای ئەوەی لە یاریی یەکەمیاندا لووتی شاکا، نەیتوانی بەشداری لە یاریی دووەمدا بکات.
 
یارییەکە بە ئەنجامی 1-1 کۆتاییهات، کە تێیدا کیلیان ئێمباپێ بۆ جاری یەکەم لە مێژووی یۆرۆدا گۆڵێکی کرد و بە لێدانی سزا بوو. رۆبێرت لیڤاندۆڤسکیش بە لێدانی سزا گۆڵی یەکسانبوونی پۆڵەندای تۆمارکرد. سەرەڕای ئەوەش لیڤا و هاوڕێکانی ماڵئاواییان لە یۆرۆ کرد.
 
لە یاریی دووەمیشدا، هۆڵەندا بەرامبەر نەمسا یاریکرد و لەو یارییەدا نەمساوییەکان هەمووانیان شۆک کرد و 3-2 لە هۆڵەندایان بردەوە و بە یەکەمی کۆمەڵەکە سەرکەوتن. هۆڵەنداش بە سێیەمی کۆمەڵەکە سەرکەوت.
 
یاریی سێیەم لە نێوان دانیمارک و سڕبیا بوو، لە چوارچێوەی یارییەکانی دواگەڕی کۆمەڵەی سێیەم، کە بەیەکسان بوون بەبێ گۆڵ کۆتاییهات.
 
یاریی چوارەمیش هەردوو هەڵبژاردەی ئینگلتەرا و سلۆڤینیای کۆکردبووەوە و بەهەمان شێوە 0-0 کۆتاییهات.
 

 
شرۆڤەی یارییەکان
 
شرۆڤەکارانی تۆڕی میدیایی رووداو، کامەران نەسرەدین، سەرمەد سامح و ئەڵمان عارف لە لایڤەکانیان و لە بەرنامەی یۆرۆی 2024ـدا شرۆڤەی ئەو یارییەیان کرد و بۆچوونەکانی خۆیان خستەڕوو.
 
سەرمەد سامح، کە هاندەری ئینگلتەرایە، لەبارەی ئاستی ئینگلتەرا قسەی کرد و گوتی "ئینگلتەرا تەنیا خەممان پێدەدات".
 
سەرمەد، زیاتر گوتی "بەڕاستی ئاستی ئینگلتەرا لەم پاڵەوانێتییەدا زۆر خراپە، بەڵام هەر چۆنێک بێت بە یەکەم لە کۆمەڵەی خۆیدا سەرکەوت". هەروەها گوتیشی "باشە کە ریال مەدرید بۆ ئێمەی قەرەبوو کردووەتەوە".
 
ئەڵمان عارف، بەراوردێکی نێوان ئیتاڵیا و ئینگلتەرای کرد و گوتی "ئیتاڵیا ئەگەر خراپیش بێت کوالێتی یاریزانەکانی وەک ئینگلتەرا نییە، یاریزانانی ئینگلیزی باشترن و دەبێت تیپەکەیان باشتر بێت".
 
کامەران نەسرەدینیش بەهەمانشێوە، گوتی "هێشتا ئیتاڵیا باشترە لە ئینگلتەرا، چونکە یاریزانانی شەڕانگێزانەتر یاری دەکەن، رۆحیان هەیە و بە رۆحێکی بەرزەوە یاری دەکەن".
 
نێردراوی رووداو بۆ ئەڵمانیا
 
دڵنیا رەحمان، لە بووڵتەنی 16:40ـدا، بەر لە یارییەکەی فەرەنسا و پۆڵەندا، بۆچوونی هاندەرانیانی وەرگرت و بەشێک لە ئاهەنگەکانی هاندەرانی فەرەنسای بە کامێرای رووداو گواستەوە.
 
هەندێک لە هاندەرانی فەرەنسا قسەیان بۆ رووداو کرد و دووپاتیانکردەوە کە ئەوان بەربژێری یەکەمن بۆ بردنەوەی جامی یۆرۆ.
 
 
بەرنامەی یۆرۆی 2024
 
دوای یارییەکە بەرنامەیەکی دیکەی یۆرۆی 2024 بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری هاندەرانی فەرنسا بەڕێوەچوو، کە هەرێم محەممەد، میوانی تایبەتی بەرنامەکە بوو، و جگە لەوەی باسی لە هەندێک لە کارە هونەرییەکانی و ژیانی تایبەتی خۆی کرد، دوو گۆرانیشی پێشکێشی ئامادەبووانی بەرنامەی یۆرۆی 2024 و بینەرانی رووداو کرد. گۆرانی بێزاربووم و پیربوومە.
 
دوو خەڵاتەکەی ئایپاد
 
تۆڕی میدیایی رووداو بۆ ئەوەی دەرفەتی زۆرتر بۆ گەنجان و هەوادارنی یۆرۆ بڕەخسێنێت بۆ ئەوەی خەڵاتیان دەستبکەوێت، دوو خەڵاتی دیکەی زیادکردووە، کە بریتین لە دوو ئایپاد و رۆژانە بە بەشداربووانی دەدات.
 
یەکێکیان لە رێگەی پایامنێری رووداوەوە کە دەچێتە نێو هاندەران. یەکێکیشیان لە رێگەی پێشبڕکێیەکەوە، کە لە پەیجی رووداو سپۆرتەوە رۆژانە پرسیارێک دەکرێت و وەڵامەکەی بە کۆمێنت دەدرێتەوە و براوەکە ئایپادێک وەردەگرێت.
 
بۆ بەخشینی ئایپادی یەکەم، محەممەد کارێزی، پەیامنێری رووداو لە هەولێر چووە کافێیەک، کە خەڵکێکی زۆر بۆ سەیرکردنی یارییەکانی یۆرۆ لەوێ کۆدەبنەوە و لەوێ دانا حوسێن، کچە پاڵەوانی عێراق و ئاسیا لە گۆڕەپان و مەیدان بووە میوانی رووداو و تیروپشکی ئایپادی رووداوی راکێشا و خەڵاتەکە بووە بەشی خانمێک بەناوی ئیمان خالید، کە تەمەنی 28 ساڵە و فەرمانبەرە لە تەندروستی هەولێر.
 

هەر لەوێ پەیامنێری رووداو، ساڵح سەدیری ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی عێراقی دواند و ئەو لەبارەی یۆرۆی 2024ـەوە گوتی "پاڵەوانێتییەکی خۆشە و ئاستی هەڵبژاردەکان نزیکە لەیەکدی، بۆیە رکابەری هەیە".
 
سەدیر، کە لە نەوەی زێڕینی تۆپی پێی عێراقە و لە 2007 جامی ئاسیای بردووەتەوە، بە رووداوی گوت "من هاندەری ئیسپانیام و پێموایە دەبێتە پاڵەوانی ئەوروپا". هەروەها گوتیشی "پێموایە هەڵبژاردەی ئیسپانیا تیپێکی زۆر رێکخراو و بەهێزە، هەروەها ئەڵمانیاش".
 
دووەم ئایپادی رووداو، کە لە رێگەی وەڵامدانەوەی پرسیارێکی رۆژانەی رووداوەوە دەدرێت، بووە بەشی عەلی عەزیز، کە خەڵکی هەولێرە.
 

خەڵاتی مۆبایلی زیرەکیی رووداو
 
لەم بەرنامەیەدا، پەیامنێری رووداو، غەریب مەجید، لە کافێیەکی باتیفا بۆچوونی هاندەرانی یۆرۆی وەرگرت و تیروپشکی بۆ خەڵاتی "مۆبایلی زیرەکیی رووداو" راکێشا و بۆ داود عەبدولکەریم دەرچوو، کە لەدایکبووی 2009یەوە و پیشەی کرێکارە.
 
لە هەر شەوێکی یۆرۆدا پەیامنێرێکی رووداو لە شارێکی کوردستان بۆچوونی هاندەران وەردەگرێت و دواتر ئەو خەڵاتە بە هەوادارانی یۆرۆ دەدرێت.
 
 
خەڵاتی لیرەی رووداو
 
کاژێر 21:00 رێبوار محەممەد، سامان وڵاتژێری، دیاری حەسەن و ئەڵمان عارف، بە لایڤ لە پەیجی رووداو سپۆرت شرۆڤەیان بۆ هەردوو یارییەکە کرد و بەشداربووان بە کۆمێنت پێشبینییان بۆ ئەنجامی یاریی ئینگلتەرا و سلۆڤینیا کرد و دواتر لە بەرنامەی یۆرۆی 2024 تیروپشک بۆ براوەکە راکێشرا و ئەمجارە دێریا ساڵح، کە دانیشتووی دهۆکە و کابانی ماڵەوەیە، بووە براوەی لیرەیەکی زێڕ کە بە "لیرەی رووداو" ناسراوە.
 
خەڵاتی لیرەی رووداویش رۆژانە بە یەکێک لەو کەسانە دەدرێت کە لەو لایڤەی رووداودا پێشبینی ئەنجامی دوایاریی شەوەکە لە کۆمێنت دەنووسن. 
 
 
خەڵاتی تەلەڤزیۆنی رووداو
 
لە کۆتایی بەرنامەکەدا، تیروپشک بۆ خەڵاتی شەوانەی بەشداربووانی بەرنامەی یۆرۆی 2024ـش کرا، کە تەلەڤزیۆنێکی زیرەکە و ئەمجارە بەخت یاوەری دلاوەر عەبدولڕەحمانی تەمەن 37 ساڵان بوو، کە کاسبە و بەشداری لە بەرنامەی یۆرۆی 2024ـی رووداودا کرد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە