پاریس سانجێرمان فرۆشیارە و مان یونایتد و چێڵسیش کڕیار

25-04-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن نەیمار دا سیلڤا مانچێستەر یونایتد چێڵسی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ماڵپەڕی فۆت مێرکاتۆی بەنێوبانگ، سوپرایزێکی گەورەی راگەیاند، کە پەیوەندی بە داهاتووی نەیمار داسیلڤای یاریزانی بەرازیلی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسییەوە هەیە.
 
بەگوێرەی ئەو ماڵپەڕە، بەرپرسانی یانەی پاریسی، دوای بیرکردنەوەیەکی زۆر گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە فرۆشتنی نەیمار لە بەرژەوەندی یانەکەیان دایە و بەر لەوەی ناچاربن بەبێ بەرامبەر دەستبەرداری ببن.
 
ئەم بڕیارەی بەرپرسانی یانەکەی پایتەختی فەرەنسا، لە کاتێکدایە کە نەیمار هێشتا ئاستێکی بەرز پێشکێش دەکات و لە بازاڕدا پارەیەکی باش دەکات، بەتایبەتی کە ئێستا چەند یانەیەکی گەورەی پرێمەرلیگ خوازیارینە و دەیانەوێت بیبەنە ریزەکانیان.
 
ئەو سەرچاوەیە باس لەوە دەکات، کە هەریەک لە یانەکانی مانچێستەر یونایتد و چێڵسی داوای دەکەن و ئیستا چاودێری بارودۆخی یاریزانەکە لەگەڵ یانەکەی دەکەن.
 
هەروەها دەشڵێت "یانەی نیوکاسڵیش بیر لە گرێبەستکرن لەگەڵ نەیمار دەکاتەوە، بەڵام ئەگەر سەرنەکەوێت بۆ چامپیۆنزلیگ، یاریزانە بەرازیلییەکە بە دەستەوارەکەی رازی نابێت، چەندە گرانبەهاش بێت".
 
ئەم هەواڵانە لە کاتێکدان، کە پێشتر چەند سەرچاوەیەکی دیکەی رۆژنامەڤانی باسیان لەوە کردووە کە پاریس سانجێرمان لەبەر چەند هۆکارێک دەیەوێت دەستبەرداری ئەستێرە بەرازیلییەکەی ببێت. لەوانەش زۆر تووشبوونی بە پێکان، هەروەها لەنێو یاریگە و لە دەرەوەشدا کەسێکی پابەند نییە. بێجگە لەوەی یانەکە نایەوێت لە کۆتاییدا ناچاربێت بەبێ بەرامبەر دەستبەرداری یاریزانەکە ببێت.
 
هەندێک لە سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان باس لەوە دەکەن کە یانەی پاریسی دەیەوێت زینەدین زیدان بکاتە راهێنەری، مەرجێکی زیزۆش بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەری ئەو یانەیە ئەوەیە کە دەستبەرداری نەیمار ببن.
 
تەنانەت هەندێک سەرچاوەی دیکە لەوەش زیاتر دەڕۆن و دەڵێن "کیلیان ئیمباپێی ئەستێرەی فەرەنسی، نایەوێت چیدی نەیمار لەگەڵ یانەکە بەردەوام بێت، بۆیە کارگێڕیی یانەکە لەبەر رازیکردنی دڵی کیلیان دەیانەوێت نەیمار لە یانەکەیان دەربکەن".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە