ژاپۆن و سعودیە یەکێک لە بەهێزترین یارییەکانی ئاسیا ئەنجامدەدەن

25-03-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ژاپۆن سعودیە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یەکێک لە بەهێزترین یارییەکان لەسەر ئاستی ئاسیا بەڕێوەدەچێت و هەڵبژاردەی ژاپۆن لە یارییەکی لووتکەدا میوانداریی هەڵبژاردەی سعودیە دەکات.
 
لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی سێیەمدا، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەڵبژاردەی ژاپۆن، کە گەڕی رابردوو وەکو یەکەم هەڵبژاردە لە جیهاندا سەرکەوتنی بۆ مۆندیال مسۆگەر کرد لە یاریگەی سایتاما میوانداریی هەڵبژاردەی سعودیە دەکات.
 
ژاپۆن سەرەڕای ئەوەی سەرکەوتنی بۆ مۆندیال یەکلابووەتەوە، بەڵام دەیەوێت ئەم یارییەش بباتەوە، بۆ ئەوەی ژمارەی خاڵەکانی بەرزبکاتەوە، بەتایبەت کە بردنەوەی یارییەکان کاریگەریی لەسەر ریزبەندی گشتیی هەڵبژاردەکان دەبێت و لە تیروپشکی مۆندیالیشدا کاریگەریی دەبێت.
 
ژاپۆنییەکان پێشتر چەندجارێک گوتوویانە دەمانەوێت رکابەری لەسەر بردنەوەی مۆندیال بکەین، لەو بارەیەوە هاجیمی موریاسۆ، راهێنەری هەڵبژاردەکە دەڵێت "رەنگە خەڵک گاڵتەمان پێبکەن، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئێمە هەلی بردنەوەمان هەیە، بەتایبەت کە ئێمە لە هەموو بوارەکاندا پێشدەکەوین و بۆ گەیشتن بەو ئامانجە دەبێت زیاتر پێشبکەوین."
 
هەڵبژاردەی سعودیە، دوای بردنەوەی یاریی رابردووی بەرامبەر چین، ئەمڕۆ بەرامبەر ژاپۆن چاوی لە بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشە، بۆ ئەوەی لە رکابەریکردن لەسەر بەدەستهێنانی بلیتی دووەمی کۆمەڵەکە بەردەوامبێت.
 
سعودیە بەر لە ئەنجامدانی ئەم یارییە لە پلەی سێیەمی کۆمەڵەکەیە بە 9 خاڵ، جگە لە یاریی بەرامبەر ژاپۆن، دوو یاریی دیکە بەرامبەر بەحرەین و ئوسترالیا دەکات، هێرڤی رێنار، راهێنەری هەڵبژاردەکە دەڵێت "گۆڕانکاری بەسەر ئاستی هەڵبژاردەکەدا هاتووە و هێشتا هەلی ئەوەمان هەیە بگەینە مۆندیال و متمانەم بە هەڵبژاردەکەم هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە