لە 11ـەم رۆژی رووماڵی یۆرۆدا مامۆستایەک و پێشمەرگەیەک خەڵاتی رووداویان بردەوە

25-06-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن بەرنامەی یۆرۆی 2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 

لە رۆژی 11یەمی رووماڵی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ پاڵەوانێتی یۆرۆی 2024، دەروون کاروان، خانمە گۆرانیبێژی گەنج میوانی رووداو بوو. هەروەها خەڵاتەکانی رۆژانەی رووداو بە بەشداربووان دران و ئەمجارە مامۆستایەک و پێشمەرگەیەک خەڵاتی رووداویان بردەوە، کە ئێستا رووداو رۆژانە دوو خەڵاتی دیکەی زیادکردووە، کە دوو ئایپادە.
 
سێ بووڵتەن
 
لە رووماڵی 10یەم رۆژدا، سێ بووڵتەنی هەواڵ لەلایەن سامان وڵاتژێرییەوە لە کاژێرەکانی 08:30 و 13:30 و 16:40 پێشکێشکران و بە گرافیک و ڤیتی و وەرگرتنی پەیامنێری رووداو، لە ئەڵمانیا، نوێترین زانیاری و گۆڕانکاری بە بینەران و بەشداربووانی رووداو گەیێنران.
 
میوانی تایبەت
 
میوانی تایبەتی شرۆڤەی رووداو، خانمە گۆرانیبێژ دەروون کاروان بوو، کە دووپاتیکردەوە کە زۆر بایەخ بە وەرزشی پراکتیکی دەدات، و بۆ بواری هونەری زۆر سوود لە وەرزش وەردەگرێت.
 
دەروون کاروان، گوتی "من سەیری یاریی و شت ناکەم، بەڵام رۆژانە وەرزش دەکەم بۆ تەندروستی خۆم. هەروەها وەرزشی راهێنان بۆ دەنگم دەکەم".
 
دەروون کاروان، هەروەها باسی ژیانی رۆژانەی خۆیشی کرد و گوتی "رۆژانە بەباشی دەخەوم، وەرزش دەکەم، ئەگەر کاتی زیادیشم هەبێت وێنە دەکێشم، چونکە دەستی وێنەکێشانم هەیە".
 

دوو یاری
 
لە رۆژی 11یەمی یۆرۆدا دوو یاریی بەڕێوەچوون، و هەردووکیان لە یەککاتدا، لە کاژێر 22:00 بەڕێوەچوون، بەو پێیەی یاریی گەڕی سێیەمی قۆناخی یەکەم بوون و دەکرا یاری بە ئەنجامەکانی بکرێت.
 
هەردوو یارییەکە، کە لە کۆمەڵەی دووەم بوون، یەکلاکەرەوە بوون، کە لە یاریی یەکەمدا، کرواتیا رووبەڕووی ئیتاڵیا بووەوە و هەردوو تیپ بە ئەنجامی 1-1 یەکسانبوون، کە ئیتاڵیا لە دواخولەکدا گۆڵی کرد و سەرکەوت. کرواتیا سەرەڕای ئەوەی یارییەکی باشی کرد، بەڵام لەدواخولەکدا هەموو شتێکی لەدەستدا.
 
لە یاریی دووەمیشدا، ئەلبانیا بەرامبەر ئیسپانیا یاریکرد و لەو یارییەدا لارۆخا بەردەوام بوو لە پێشکێشکردنی ئاست و ئەنجامە باشەکانی و بە گۆڵێکی بێبەرامبەر یاریی سێیەمیان لەسەریەک بردەوە و بە کۆکردنەوەی 9 خاڵ بە یەکەمی کۆمەڵەکەیان سەرکەوتن.
 
 
شرۆڤەی یارییەکان
 
شرۆڤەکارانی تۆڕی میدیایی رووداو، کامەران نەسرەدین، سەرمەد سامح و ئەڵمان عارف لە لایڤەکانیان و لە بەرنامەی یۆرۆی 2024ـدا شرۆڤەی ئەو یارییەیان کرد و بۆچوونەکانیان تا راددەیەک لەسەر هەردوو یارییەکە نزیکبوو لە یەک.
 
سەرمەد سامح، لەبارەی ئیتاڵیاوە، پێیوابوو یارییەکی باشی نەکرد و گوتی ئاستی ئیتاڵیا لە هەڵبەز و دابەزدا بوو، سەرەتا زۆر خراپ بوو، بەڵام بەختی هەبوو کە زوو گۆڵی لێنەکرا، ئەگەرنا لە نیوەی دووەمیشدا گۆڵی لێدەکرا و توانای گەڕانەوەی نەدەبوو".
 
ئەو شرۆڤەکارەی رووداو، زیاتر گوتی "ئیتاڵیا لە هەموو روویێکەوە شانسی هەبوو، ئیسپانیا بردییەوە، لە خولەکی کۆتایی گۆڵی یەکسانبوونەوەی هێنا و بەر پۆرتوگالیش نەکەوت. دەتوانین بڵێین خوا لە هەموو روویێکەوە بۆی هێنا".
 
ئەڵمان عارف، سەرەتا پیرۆزبایی لە هاندەرانی ئیتاڵیا کرد بۆ سەرکەوتنی هەڵبژاردەکەیان بۆ قۆناخی 16ـی پاڵەوانێتییەکە و گوتی "رۆحیان چوو هەتا سەرکەوتن".
 
ئەڵمان پێیوابوو، ئیتاڵیا لە نیوەی یەکەمدا باشبوو، بەڵام بەدرێژایی یارییەکە دوو کێشەی روونی هەبوو، وایانکرد ئەرکی زەحمەت بێت. یەکەمیان نەبوونی هێرشبەری ژمارە 9 بوو، بۆ ئەوەی گۆڵیان بۆ تۆماربکات. دووەمیشیان گۆڵپارێزی کرواتیا بوو، کە ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد و چەندین گۆڵی ئیتاڵیای گەڕاندەوە.
 
ئەو زیاتر گوتی "لەنیوەی دووەمدا ئیتاڵیا بەخراپی دەستیپێکرد و کرواتیا گۆڵی کرد، بەڵام هەڵەی کرواتیا ئەوەبوو کە دوای گۆڵەکەی هەوڵیدا بەرگری بکات، لە کاتێکدا دەکرا بەردەوام بێت لە هێرشبردن و گۆڵی بردنەوە و بێئومێدکردنی ئیتاڵییەکان تۆماربکات، بەڵام نەیکرد".
 
کامەران نەسرەدین، پەسنی ئاستی ئیتاڵیای داو و پێیوابوو ئیتاڵییەکان شایەنی ئەوەبوون نەک بەیەکسانبوون، بەڵکو بە بردنەوەش سەربکەون بۆ قۆناخی 16ـی یۆرۆ. 
 
ئەو گوتی "بەداخەوە بۆ ئیتاڵیا کە بەزەحمەت سەرکەوت، چونکە ئەم یارییە بە ئاستێکی بەرزتر لە هەردوو یاریی رابردوو یاری کرد، تیپێک 116 جار بە تۆپەوە بچێتە نێو یاریگەی تیپی بەرامبەر شایەنی بردنەوەیە".
 
کامەران گوتیشی "بەڵام ئیتاڵیا دەبێت باشتریش بێت، چونکە قۆناخە زەحمەتەکە دەستیپێکرد و لەوانەیە هەموو جارێ مێژوو وەک ئەم یارییە نەبێتە رزگارکەری".
 
 

نێردراوی رووداو بۆ ئەڵمانیا
 
دڵنیا رەحمان، لە بەرنامەی یۆرۆی 2024ـیش لەنێو هاندەرانی ئیسپانیا و ئەلبانیادا بوو، کە دوای یارییەکە هەندێک لە هاندەرانی ئەلبانیا قسەیان بۆ رووداو کرد و دووپاتیانکردەوە کە لە ئاستی هەڵبژاردەکەیان رازی بوون، بەڵام گۆڵیان نەکرد و ئیسپانیاش تیپێکی بەهێزە و گوتیان ئیسپانیا نازناوەکە دەباتەوە. 
 
هاندەرێکی کوردیش کە ئامادەیە یارییەکە بوو، بە رووداوی گوت "یارییەکی باش بوو، من هاندەری کەسیان نەبووم، بەڵام چێژم لێوەرگرت". ئەو گوتیشی "هاندەری ئەڵمانیایە".
 
هەندێک لە هاندەرانی ئیسپانیاس لە رێگەی رووداوەوە پیرۆزباییان لە هەموو ئیسپانییەکان کرد و یەکێکیان گوتی "شانازی بەوە دەکەین کە ئیسپانین، هەڵبژاردەیەکی بەهێزمان هەیە و نازناوەکەمان دەوێت".
 
بەرنامەی یۆرۆی 2024
 
دوای یارییەکە بەرنامەیەکی دیکەی یۆرۆی 2024 بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری هاندەرانی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، کە دەروون کاروان، میوانی تایبەتی بەرنامەکە بوو، و جگە لەوەی باسی لە هەندێک لە کارە هونەرییەکانی و ژیانی تایبەتی خۆی کرد، گۆرانییەکیشی پێشکێشی ئامادەبووانی بەرنامەی یۆرۆی 2024 و بینەرانی رووداو کرد.
 

دوو خەڵاتە نوێیەکە بەردەوامن
 
تۆڕی میدیایی رووداو بۆ ئەوەی دەرفەتی زۆرتر بۆ گەنجان و هەوادارنی یۆرۆ بڕەخسێنێت بۆ ئەوەی خەڵاتیان دەستبکەوێت، دوو خەڵاتی دیکەی زیادکردووە، کە بریتین لە دوو ئایپاد و رۆژانە بە بەشداربووانی دەدات.
 
یەکێکیان لە رێگەی پایامنێری رووداوەوە کە دەچێتە نێو هاندەران. یەکێکیشیان لە رێگەی پێشبڕکێیەکەوە، کە لە پەیجی رووداو سپۆرتەوە رۆژانە پرسیارێک دەکرێت و وەڵامەکەی بە کۆمێنت دەدرێتەوە و براوەکە ئایپادێک وەردەگرێت.
 
بۆ بەخشینی ئایپادی یەکەم، رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداو لە کۆیە چووە نێو هاندەرانی ئیتاڵیا، کە بۆ سەیرکردنی یارییەکە کۆببوونەوە و لەوێ سەنگەر عەبدولخالق، بەڕێوەبەری  تیپی هونەری باواجی کۆیە، میوانی رووداو بوو.
 
ئەو کە یاریزانی تۆپی پێشە، هاندەری ئەڵمانیایە، بەڵام لە خۆشەویستی کریستیانۆ رۆناڵدۆ حەزدەکات پۆرتوگال جامەکە بباتەوە. خۆی تیروپشکی خەڵاتەکەی راکێشا، و خەڵاتەکە بۆ شیڤان یوسف کانەبی دەرچوو. 
 
شیڤان سوپاسی رووداوی کرد و گوتی "من هاندەری هەڵبژاردەی بەرازیلم، بەڵام لە یۆرۆدا هاندەری پۆرتوگالم".
 
بەڕێوەبەری تیپی هونەری باواجی کۆیە، دووپاتیشیکردەوە کە لەبەرئەوەی ئیتاڵیا زۆر بایەخ بە بواری هونەر دەدات، حەزی کردووە کە ئیتاڵیا سەرکەوتووە و تیپی باواجی کۆیە پارچە مۆزیکێکی پێشکێشی رووداو کرد. 
 
دووەم ئایپادی رووداو، کە لە رێگەی وەڵامدانەوەی پرسیارێکی رۆژانەی رووداوەوە دەدرێت، بووە بەشی بەرکەفت محەممەد، کە خەڵکی دهۆکە، تەمەنی 35 ساڵە، پیشەی مامۆستایە.
 
خەڵاتی مۆبایلی زیرەکیی رووداو
 
لەم بەرنامەیەدا، پەیامنێری رووداو، پێشەوا بەختیار، لە چەمچەماڵ بۆچوونی هاندەرانی یۆرۆی وەرگرت و تیروپشکی بۆ خەڵاتی "مۆبایلی زیرەکیی رووداو" راکێشا و بۆ یاد عوبێد دەرچوو، کە گەنجێکی تەمەن 19 ساڵە. پێشمەرگەیە. ئەو بە رووداوی گوت "لەبەر کریستیانۆ رۆناڵدۆ هاندەری ریال مەدریدم. لە یاریی ئیتاڵیا و کرواتیاشدا حەزم دەکرد ئیتاڵیا بباتەوە".
 
لە هەر شەوێکی یۆرۆدا پەیامنێرێکی رووداو لە شارێکی کوردستان بۆچوونی هاندەران وەردەگرێت و دواتر ئەو خەڵاتە بە هەوادارانی یۆرۆ دەدرێت.
 

خەڵاتی لیرەی رووداو
 
کاژێر 21:00 رێبوار محەممەد، سامان وڵاتژێری، کامەران نەسرەدین و ئەڵمان حارف، بە لایڤ لە پەیجی رووداو سپۆرت شرۆڤەیان بۆ هەردوو یارییەکە کرد و بەشداربووان بە کۆمێنت پێشبینییان بۆ ئەنجامی یاریی کرواتیا و ئیتاڵیا کرد و دواتر لە بەرنامەی یۆرۆی 2024 تیروپشک بۆ براوەکە راکێشرا و ئەمجارە محەممەد غازی، کە دانیشتووی سۆرانە، بووە براوەی لیرەیەکی زێڕ کە بە "لیرەی رووداو" ناسراوە.
 
خەڵاتی لیرەی رووداویش رۆژانە بە یەکێک لەو کەسانە دەدرێت کە لەو لایڤەی رووداودا پێشبینی ئەنجامی دوایاریی شەوەکە لە کۆمێنت دەنووسن. 
 
 
خەڵاتی تەلەڤزیۆنی رووداو
 
لە کۆتایی بەرنامەکەدا، تیروپشک بۆ خەڵاتی شەوانەی بەشداربووانی بەرنامەی یۆرۆی 2024ـش کرا، کە تەلەڤزیۆنێکی زیرەکە و ئەمجارە بۆ یونس عەلی دەرچوو، کە تەمەنی 13 ساڵان بوو، قوتابی پۆلی هەشتەمە و بەشداری لە بەرنامەی یۆرۆی 2024ـی رووداودا کرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە