عێراق بە ئارامییەوە بەرامبەر ڤێتنامە و ئەگەری هەیە ئاکام هاشم یاری بکات

24-01-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
هەڵبژاردەی عێراق
هەڵبژاردەی عێراق
نیشانەکردن هەڵبژاردەی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بە ئارامی دڵخۆشییەکی زۆرەوە، هەڵبژاردەی عێراق سێیەم یاریی لە قۆناخی کۆمەڵەکانی جامی ئاسیادا ئەنجامدەدات، هەڵبژاردەکە بە دوو بردنەوەی لەسەریەک پێشەنگی ریزبەندی کۆمەڵەکەیەتی و سەرەڕای یەکلابوونەوەی سەرکەوتنی بۆ قۆناخی داهاتوو دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات و بە هەگبەی پڕ خاڵەوە خۆی لە قۆناخی داهاتوو ببینێتەوە.
 
عێراق تاوەکو یارییەکە بەرامبەر ژاپۆن، هەڵبژاردەیەک بوو وەک ئاستی دووەم سەیر دەکرا، بەڵام دوای بردنەوەی یارییە مێژووییەکەیان بەرامبەر سامۆرای، ئێستا هەمووان بە چاوێکی گەورەترەوە سەیری هەڵبژاردەکە دەکەن، بەرامبەر ڤێتنامیش عێراقییەکان دەیانەوێت ئەوە دووبارەبکەنەوە و بەهەمووان بڵێن ئەوەی بەرامبەر کۆمپیوتەرەکانی ژاپۆن روویدا رێککەوت نەبوو، ئەنجامی یەکگرتن و ئاستبەرزیی یاریزانەکان بوو.
 
لە یارییەکەی بەرامبەر ڤێتنام، خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق گۆڕانکاری لە پێکهاتەی تیپەکەیدا دەکات و ئەگەری هەیە زیاتر پشت بەو یاریزانانە ببەستێت کە لە دوو یاریی رابردوودا یارییان نەکردووە، بەتایبەتیش ئاکام هاشم، یاریزانی یانەی هەولێر.
 
ڤێتنام لە ماوەی دوو مانگدا بۆ جاری دووەم بەرامبەر عێراق یاریی دەکات، ئەوان پێشتر لە یاریگەی خۆیاندا لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا بە عێراق دۆڕاون، لە جامی ئاسیاشدا لە دوو یاریی رابردوودا هەڵبژاردەکە هەردوو یارییەکەی دۆڕاندووە و هیچ خاڵێکی نییە، بۆیە ئەگەر هەلی سەرکەوتنیشیان بۆ قۆناخی داهاتوو نەبێت، دەیانەوێت هەر هیچ بردنەوەیەکیان هەبێت پاشان ماڵئاوایی لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکە بکەن.
 
ڤێتنام ئەمە جاری سێیەمە بەشداری لە جامی ئاسیادا دەکات، ئەوان لە 2019 باشترین ئاستی خۆیان لە پاڵەوانێتییەکەدا پێشکێشکرد و گەیشتنە قۆناخی هەشت، هاندەرانیان لەم پاڵەوانێتییەدا چاوەڕوانییەکی زیاتریان لە هەڵبژاردەکەیان هەبوو، بەڵام ئەوە رووینەدا و زۆر زەحمەتە هەڵبژاردەکە بگاتە قۆناخی داهاتوو و بەئەگەری زۆرەوە هەر لە قۆناخی یەکەمدا ئەرکی ئەوان لەسەر ئاستی کیشوەری کۆتاییدێت و دوای یارییەکەی بەرامبەر عێراق جانتاکانیان کۆدەکەنەوە و دەگەڕێنەوە هانۆی.
 
لەبارەی ئەگەری یارییکردن بە ئاکام هاشم، یاریزانی کوردی یانەی هەولێر، تۆڕی میدیایی رووداو پرسیاری لە خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق کرد، راهێنەرەکە گوتی ""هەموو یاریزانەکان ئامادەن، هەموو یاریزانەکان چانسیان هەیە بۆ یاریی داهاتوو بەشداری بکەن. من لە ئاستی ئاکام رازیم و زۆر دڵخۆشم لەگەڵی. ئەمە جاری یەکەمیەتی لەگەڵ هەڵبژاردەکەمان، بەڵام لەگەڵ هەموو راهێنانێکدا  ئاستی بەرەوپێش دەچێت. ئەویش هەمان چانسی یاریزانەکانی دیکەی هەیە بۆ ئەوەی بەشداری یارییەکان بکات. من لەگەڵ ئەو زۆر دڵخۆشم، چونکە سەرەڕای ئەوەی لە دوو یاری رابردوودا ناوی لە پێکهاتەکەدا نەبوو، ئەو بەردەوامبوو لەوەی راهێنانەکانی زۆر بەباشی ئەنجامبدات. ئەوە بۆ ئێمە زۆر گرنگە کە هەموو یاریزانەکان هەموو رۆژێک ئاستیان باش بێت."
 

 

عێراق لەکاتێکدا ئەم یارییە ئەنجامدەدات، لە دوو یاریی رابردوودا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بە شەش خاڵ وەک یەکەمی کۆمەڵەی چوارەم سەرکەوتنی بۆ قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە مسۆگەرکردووە، هەڵبژاردەی ڤێتنام هیچ خاڵێکی نییە و هەلی سەرکەوتنیشی بۆ قۆناخی 16 نەماوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە