ئامۆریم: ئەگەر لە کارەکەشم دەربکرێم، یاریزانەکانم ناکەمە قوربانی

23-11-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی مانچێستەر یونایتد پرێمەرلیگ رۆبین ئامۆریم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رۆبین ئامۆریم، راهێنەری نوێی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، سەرنجەکانی خۆی لەسەر یەکەم مەشقەکانی لەگەڵ یانەکە دەربڕی، هەروەها هەڵسەنگاندنی بۆ راهێنەرە شکستخواردووەکانی پێشخۆی کردووە.
 
ئامۆریم لەبارەی سەرنجەکانی یەکەمی خۆیەوە پاش دەستپێکردنی کار لەگەڵ یانەکە دەڵێ، "سەرنجی سەرەتاییم ئەوەیە کە یانەکە زۆر گەورەیە. من لە یانەیەکی گەورەی وڵاتێکی بچووکەوە هاتووم، بەڵام ژیان لێرە جیاوازە. زۆر کار هەیە دەبێ بیکەیت. تۆ لێرە تەنیا راهێنەرنیت، بەڵکو کاری دیکەی زۆرت هەیە کە دەبێ بیکەیت".
 
ئەو راهێنەرە پۆرتوگالییە، لەبارەی کێشەی راهێنەرانی پێش خۆیەوە دەڵێ، "هەوڵنادەم بەدوای شتێکی ونبوودا بگەڕێم لە تێن هاگ، جۆزێ مۆرینیۆ و لویس ڤان خال، چونکە ئەوە کات بەفیڕۆدانە، کارگێڕیی یانەکە منیان هەڵبژارد لەبەرئەوەی دونیابینیم هەیە و کارەکە بەڕوونی دەکەم".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "نازانم راهێنەرانی پێشخۆم پێویستیان بەچی هەبوو، بەڵام ئەوە دەزانم کە من هاتووم لێرە ئەرکەکەم جێبەجێ بکەم".
 
لەبارەی چۆنیەتی گەشەپێدانی مانچێستەر یونایتدەوە، ئەو راهێنەرە گوتویەتی، "یەکەم شت دەبێ ببینە وەرزشوانی باشتر، بابەتەکە پەیوەندی بەژمارەکانی تایبەت بەگوشاری بەرزەوە هەیە، لەگەڵ رێژەی ئەو مەترانەی لە یاریگەدا یاریزانان دەیبڕن".
 
ئامۆریم دەڵێ، "پێویستە باش لە یارییەکە تێبگەین، دەکرێ زۆر رابکەین بەڵام نەزانین بۆچی رادەکەین، بۆیە دەبێ وەک خاڵی سەرەتا گوشاری بەرزمان هەبێت و ئامادەبین بۆ رووبەڕووبوونەوەی گوشاری بەرزی بەرامبەرەکەمان".
 
راهێنەرە نوێیەکەی مانچێستەر یونایتد، دەستنیشانی خاڵە لاوازەکانی تیپەکەی کردووە و دەڵێ، "کێشەمان ئەوەیە کە بەخێرایی تۆپ لەدەستدەدەین. تۆپ بەدەستدەهێنین، بەڵام بەخێرایی لەدەستی دەدەین. ناتوانین بەدرێژایی کات گوشار بکەین، کاتێک تۆپمان لایە باشتر گوشار دەکەین".
 
رۆبین ئامۆریم هەروەها دەڵێ، "کاری باش و پیشەگەرانە، ئەمە بنەمای مانچێستەر یونایتدە، هەندێکجار یاریزانان لە شوێنی جیاوازدا یارییدەکەن، بەڵام دەبێ ئەوان لەبایەخی شوێنی یارییکردنی خۆیان و جەنگان لەپێناو تیپەکەدا تێبگەن".
 
بەبۆچوونی ئامۆریم، لەبارەی یاریزانەکانییەوە، "دەتوانم لەوە لە یاریزانان تێبگەم کە چیدەکەن و دەبێ چیبکەن. ئەگەر ئەوەی دەیکەن لەپێناو تیپە، تائەوپەڕی پشتگیرییان دەکەم، من دەکرێ کارەکەم لەدەست بدەم، بەڵام ئامادەنیم یاریزانەکانم بکەمە قوربانیی، ئەگەر تیپ پێشینیە هەموومان نەبێت، من بەرلە هەمووان دەنگهەڵدەبڕم".
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە