رووداو دیجیتاڵ
بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ مەدرید "هەواڵێکی تۆقێنەر"یان پێگەیشت، پێش ئەوەی یارییەکانی خولی ئیسپانیا رابگیرێن و هەردوو یانە بچنە پشووی کریسمسەوە.
پشووی کریسمس لە خولی ئیسپانیا دوای کۆتاییهاتنی یارییەکانی دوێنێ یەکشەممە 22ـی کانوونی دووەم دەستیپێدەکات، کە ریال مەدرید بەئەنجامی 4-2 لە سێڤییای بردەوە.
یارییەکانی لالیگا لە 12ـی1ـی ساڵی داهاتوو دەست پێدەکەنەوە.
ئێستا ئاتلێتیکۆ مەدرید بەکۆکردنەوەی 41 خاڵ لە پێشەنگی ریزبەندیی خولی ئیسپانیادایە، ریال مەدرید بە 40 خاڵ لە پلەی دووەم دێت، بارسێلۆناش بە 38 خاڵ لە پلەی سێیەم دێت، ئەمەش دوای ئەوەی شەممەی رابردوو بەشێوەیەکی دراماتیکی دۆڕا بە ئاتلێتیکۆ مەدرید.
بەئاگاهاتنەوەی ریال مەدرید
پێش پشووەکە، یانەی ریال مەدرید لە ساڵی 2024 کۆتایی بە وەرزی خۆی هێنا و بەئەنجامی 4-2 لە یانەی سێڤییای میوانەکەی بردەوە.
ریال مەدرید بە سێ گۆڵی کیلیان ئێمباپێ، فێدریکۆ ڤالڤێردی و رۆدریگۆ پێشکەوتنی بەدەستهێنا و سێڤییا بەگۆڵێکی ئیزاک رۆمیرۆ لە خولەکی 35 جیاوازییەکەیان کەمکردەوە.
لە گێمی دووەمدا یانەکەی مەدرید ئەنجامەکەی گەورەتر کرد و گۆڵی چوارەمی لە رێگەی ئیبراهیم دیازی مەغریبی، لە خولەکی 53 تۆمارکرد.
دۆدی لۆکیباکیۆ، جارێکی دیکە جیاوازییەکەی کەمکردەوە و لە خولەکی 85 گۆڵی دووەمی سێڤییای تۆمارکرد. بەمەش یانەی ریال مەدرید چووە پلەی دووەمی ریزبەندی خولی ئیسپانیا لە شوێنی بارسێلۆنا، کە ئەمەی دوایی دابەزی بۆ پلەی سێیەم.
هۆشداری بۆ ئاتلێتیکۆ و بارسێلۆنا
کیلیان ئێمباپێ سەرەتا رووبەڕووی زەحمەتی بووەوە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ یانەی شاهانەی ئیسپانیا، کە لە سەرەتای وەرزدا پەیوەندی بە یانەکەوە کردووە، و ئاستی دابەزینی بەخۆیەوە بینی و بۆ ماوەیەکی کورت لە رکابەرییەکان دوورکەوتەوە.
بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا ئەستێرە فەرەنسییەکە سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و لەگەڵ ریال مەدرید بۆ دووەم یاری لەسەریەک گۆڵی تۆمارکردووە، بەو پێیەی لە یاریی کۆتایی جامی کیشوەرەکان بەرامبەر پاچوکای مەکسیکی گۆڵی تۆمارکرد، دواتر بەرامبەر سێڤییا گۆڵی تۆمارکرد و ئەسیستێکیشی کرد.
ئێمباپێ لەم وەرزەدا ژمارەی گۆڵەکانی بۆ 10 گۆڵ لە خولەکەدا بەرزکردەوە، و هۆشدارییەکی تووندی دایە دیارترین رکابەرەکانی تیپەکەی، ئاتلێتیکۆ مەدرید و بارسێلۆنا.
لێدوانێکی تۆقێنەر
دوای یارییەکەی سێڤییا، کیلیان ئێمباپێ لێدوانێکی دا، کە ترس و دڵەڕاوکێی لە کەمپی ڕکابەرەکانی ئاتلێتیکۆ مەدرید و بارسێلۆنا بڵاوکردەوە، کە دیارترین رکابەری ریال مەدریدن بۆ بەدەستهێنانی نازناوی لالیگا.
ئێمباپێ لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی ریال مەدرید، گوتی "یارییەکەی بیلباو بۆ من باش بوو، بەڵام لەناکاو کەوتمە خوارەوە، لێدانی سزاشم لەدەستدا، ساتێک بوو کە تێگەیشتم کە دەبێت هەموو هەوڵێکم بۆ ئەم درێسە بخەمەگەڕ و کەسایەتی خۆم نیشان بدەم.
کیلیان گوتیشی "لە دوایین یارییەکاندا باشتر یاریم کردووە، دەزانم کە زۆر زیاترم لە قاچەکانمدا هەیە لەوەی کە نیشانی دەدەم".
ئێمباپێ پەیامێکی هۆشداری بۆ رکابەرەکانی تیپەکەی نارد و گوتی "ماوەی گونجاندن کۆتایی هاتووە، وەک راهێنەرەکە دەڵێت هەستێکی زۆر باشم هەیە لە تیپەکەدا و لەگەڵ ئەوانی دیکەدا باشتر لە یاریگادا یاری دەکەم، تیپەکەش زۆر باشتر یاری دەکات".
سەبارەت بە تۆمارکردنی 14 گۆڵ لەگەڵ ریال مەدرید تاوەکو ئێستا، ئێمباپێ دووپاتیکردەوە کە دەتوانێت گۆڵی زیاتر تۆماربکات، ئەمەش نیگەرانی لای رکابەرەکانی تیپەکەی دروست دەکات.
دانپێدانانێکی سەرنجڕاکێش لەلایەن ئەنچیلۆتییەوە
دوای درەوشانەوەی ئێمباپێ، کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید رایگەیاند، راستگۆیی ئێمباپێ لەگەڵ خۆی یارمەتی تیپەکەی دا بۆ تێپەڕاندنی قۆناخێکی سەخت و تێکەڵبوونی لەگەڵ تیپەکەی خێراترکرد.
پێش یارییەکەش ئەنچێلۆتی متمانەی خۆی بە توانای ئێمباپێ دووپاتکردبووەوە کە لە ئاست چاوەڕوانییەکانی یانەکەدا بێت، هەروەها رایگەیاندبوو کە ئەستێرە فەرەنسییەکە ماوەی خۆگونجاندنی کۆتاییهاتووە و ئیدی ئاستی راستەقینەی پێشکەش دەکات و لە یارییەکەشدا ئێمباپێ ئاستێکی بەرزی نیشاندا و کارلیتۆ دوای یارییەکە گوتی "قسەکەم راست دەرچوو. ماوەی گونجاندنەکەی کۆتایی هاتووە و ئەمڕۆ نیشانمدا کە، جارجارە، راست دەکەم".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ