ئەگەری هەیە رۆناڵدۆ، نەیمار یان بنزیما بێنە هەولێر

23-08-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ کەریم بنزیما نەیمار داسیلڤا چامپیۆنزلیگی ئاسیا قوە جەوییە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی پێنجشەممە تیروپشکی قۆناخی کۆمەڵەکانی وەرزی نوێی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا رادەکێشرێت، ئەگەری هەیە یەکێک لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کەریم بنزیما یان نەیمار داسیلڤا بێنە هەولێر بۆ یارییکردن.
 
تیروپشکەکە کاژێر 11:00ـی پێش نیوەڕۆ لە کوالالامپوری پایتەختی مالیزیا لە بارەگای فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا ئەنجامدەدرێت، دوای ئەوەی پاشکۆکانی چامپیۆنزلیگی ئاسیا تەواوکران و سەرجەم یانە سەرکەتووەکان بۆ پاڵەوانێتییەکە یەکلابوونەوە.
 
بڕیارە پاڵەوانێتییەکە لە مانگی داهاتوو دەستپێبکات و تاوەکو سەرەتای ساڵی نوێ بەردەوام بێت، کە یەکەمجارە یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە لە پایزدا بکرێن، لەکاتێکدا پێشتر لە مانگی 4 دەستیپێدەکرد و لە مانگی 11 کۆتاییدەهات.
 
بەشێوەیەکی گشتی 40 یانە بەشداری لە پاڵەوانێتییەکەدا دەکەن، یانەکان بەسەر 10 کۆمەڵەدا دابەشدەکرێن، بەڵام بۆ دوو ناوچەی جیاواز دابەشدەکرێن، لە کۆمەڵەی یەکەم تاوەکو کۆمەڵەی پێنجەم ئەو یانانە تێیدا یارییدەکەن کە دەکەونە رۆژئاوای ئاسیا، لە کۆمەڵەی شەشەم تاوەکو کۆمەڵەی دەیەم، یانەکانی رۆژهەڵاتی ئاسیا تێیدا بەشداردەبن.
 
بەهۆی ئەوەی یانەی قوە جەوییەی عێراقی لە پاڵەوانێتییەکەدا بەشدارە و بڕیارییداوە یارییەکانی لە یاریگەی فرانسۆ هەریری لە هەولێر ئەنجامبدات، ئەگەری هەیە یانەکە بەر یەکێک لە یانەکانی هیلال، نەسڕ یان ئیتیحاد بکەوێت، بەر هەر یەکێک لەو یانانەش بکەوێت، ئەستێرەیەکی گەورە دێتە هەولێر و لە یاریگەی فرانسۆ هەریری یارییدەکات.
 
یانەی قوە جەوییە لە ئاستی سێیەمی یانە بەشدارەکانی پاڵەوانێتییەکەدایە، هەردوو یانەی ئیتیحاد و هیلالی سعودی لە ئاستی یەکەمن و نەسڕیش کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ یاریی بۆ دەکات لە ئاستی چوارەمە، کەواتە ئەگەرەکان کراوەن بۆ ئەوەی قوە جەوییە لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بەرامبەر یەکێک لەو سێ یانەیە یاریی بکات و لە ئەگەری روودانیدا، یەکێک لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کەریم بنزیما یان نەیمار داسیلڤا لە هەولێر یاری بکەن.
 
دوای کۆتاییهاتنی یارییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگی ئاسیا، 10 تیپی خاوەنی پلەی یەکەمی هەموو کۆمەڵەکان دەگەنە قۆناخی 16، لەگەڵ سێ باشترین دووەم لەسەر ئاستی هەردوو ناوچەکە بۆ ئەو قۆناخە سەردەکەون، بەمەش یانەکانی قۆناخی 16 تەواو دەکەن.
 
یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی ئاسیا بە دوو یاریی دەکرێت، کە چوون هاتن دەبێت، یاریی چوون لە 11-1-2024 بەڕێوەدەچێت، یاریی گەڕانەوەی کۆتایی پاڵەوانێتییەکەش 18-1-2024 ئەنجامدەدرێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە