رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی ئەلیکترۆنیی کوردستان، لە یارییەکی دراماتیکیدا توانی سەربکەوێت بەسەر هەڵبژاردەی عێراق و نازناوی جامی عەرەبی یەڵا پڕۆ بەدەستبێنێت.
هەردوو هەڵبژاردەی کوردستان و عێراق لە جامە ئەلیکترۆنییەکەدا لە دوو یاریی چوون و هاتندا رووبەڕووی یەکدی بوونەوە.
لە یاریی یەکەمدا، هەڵبژاردەی عێراق هێرشبەرییانە دەستیپێکرد و پاڵەپەستۆی خستە سەر هەڵبژاردەی کوردستان، ئەو پاڵەپەستۆیە بووە هۆی تۆمارکردنی گۆڵی یەکەم لە خولەکی 12.
وەڵامی یاریزانانی هەڵبژاردەی کوردستان خێرا بوو و پێش کۆتاییهاتنی گێمی یەکەم، بە چەند خولەکێک یاریزان دیلان جەمیل توانی گۆڵی یەکسانبوون تۆمار بکات و دووبارە یارییەکە بگەڕێنێتەوە خاڵی سەرەتا.
یاری چوون بە یەکسانبوون کۆتاییهات و کاتی گەڕانەوە هات، لەو یارییەدا هەر لە سەرەتاوە هەڵبژاردەی کوردستان دەستی بە هێرشەکانی کرد و لە خولەکی 4 لە رێی یاریزان حەسەن دڵشادەوە گۆڵی پێشکەوتنی تۆمار کرد، بەڵام لە خولەکی 54 عێراقییەکان دووبارە ئەنجامەکەیان یەکسانکردەوە.
یارییەکە بەو ئەنجامە کۆتاییهات و پێویست بوو بچێتە کاتی زیادکراو. 30 خولەکی زیادکراویش بەسنەبوو بۆ ئەوەی یەکێک لەو دوو هەڵبژاردەیە یارییەکە لە بەرژەوەندی خۆی یەکلایی بکاتەوە، هەر بۆیە یارییەکە گەیشتە لێدانی یەکلاکەرەوە.
ئەحمەد مەحموود گۆڵپارێزی کوردستان توانی یەکەم لێدانی هەڵبژاردەی عێراق بگەڕێنێتەوە و کاری کوردستان ئاسانتر بکات.
یاریزانەکانی کوردستان توانییان سەرجەم لێدانەکانیان بە سەرکەوتوویی تۆمار بکەن و کوردستان بکەنە پاڵەوانی پاڵەوانێتییەکە.
کوردستان لە رێگاکەیدا بۆ یاری کۆتایی، رووبەرووی هەریەک لە هەڵبژاردەکانی ئوردن، میسر، لیبیا و فەلەستین بووەوە و توانی بەسەریاندا سەربکەوێت.
مەحمود هونەر کاپتنی هەڵبژاردەی کوردستان لە لێدوانێکدا بە رووداوی گوت "بردنەوەی نازناو لەگەڵ هەڵبژاردەی کوردستان هەستێکە باس ناکرێت و هەڵبژاردەی عێراق سەختترین هەڵبژاردە بوو کە رووبەڕووی بووینەوە".
ئەو هەروەها دەڵێ، "هیوادارم کێشەکانی کارەبا و ئینتەرنێتمان بۆ چاک بکرێت بۆ ئەوەی بتوانین کارەکانمان بەرەو پێشتر ببەین".
یاریزانانی هەڵبژادەی کوردستان لە 22 یاریزان پێکهاتبوون کە خەڵکی شار و شارۆچکە جیاوازەکانی کوردستان بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ