عێراق تاوتوێى دانانى وێستگەى ئەتۆمى دەکات بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا

31-08-2023
هەستیار قادر
نیشانەکردن عێراق کارەبا وێستگەی ئەتۆمی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتى عێراق تاوتوێى دامەزراندنى وێستگەى ئەتۆمى دەکات بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا. ئەندامێکى لیژنەى کارەبا و وزەى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند پڕۆژەکە پێشتر بڕیارى لێدراوە، وێستگەکە لە ئەمریکا دەکڕدرێت و کۆمپانیایەکى ژاپۆنی جێبەجێى دەکات.
 
ئەنجوومەنى وەزیرانى ئاسایشى نیشتیمانیی عێراق 30ـی ئابى 2023، بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا میوانداریى هەردوو وەزیرى کارەبا و خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرا.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى نووسینگەى رۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزیرانى عێراق، لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێى وەبەرهێنانى کارۆئەتۆمى کراوە بۆ بەرهەمهێنانى وزەى کارەبا لە رێگەى دامەزراندنى وێستگەى ئەتۆمیی ئامانج سنووردار، بۆ بوارى مەدەنی و بەرهەمهێنانى کارەبا.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە؛ ئەو پڕۆژەیە رۆڵى دەبێت لە کەمکردنەوەی پشتبەستن بە گازى سرووشتى و نەوت، ئەوە جگە لەوەى بۆ درێژخایەن رۆڵى دەبێت لە سەقامگیریى بەرهەمهێنانى کارەبا.
 
عێراق پێویستى بە 35 هەزار مێگاوات کارەبا هەیە، لەکاتێکدا بەرهەمهێنان نزیکەى 26 هەزار مێگاواتە، بۆیە بۆ بەکارخستنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی، ناچارە گازى سرووشتى لە کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوردە بکات.
 
رۆژی 30ـی ئابى 2023 ئامانج هەرکى، ئەندامى لیژنەى کارەبا و وزەى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند؛ بیرۆکەى دانانى وێستگەى ئەتۆمى بۆ بەرهەمهێنان کارەبا بۆ حکومەتى پێشووى عێراق دەگەڕێتەوە، بەڵام لە سەردەمى حکومەتى پێشووى مستەفا کازمیدا بێدەنگیی لێکرا.
 
ئامانج هەرکى گوتیشى "رێککەوتن کراوە کە سێ یەکەى بەرهەمهێنانى کارەبا لە رێگەى وێستگەى ئەتۆمیەوە دابندرێن، کە لە ئەمریکا دەکڕدرێن و کۆمپانیایەکى ژاپۆنی لە عێراق پڕۆژەکە جێبەجێ دەکات".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە