لێدوانی مێسی دوای بردنەوەیان لە بەرازیل

22-11-2023
ئاسوودە پێشەوا
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لیۆنێل مێسی، ئەستێرە و کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دڵخۆشیی بەرامبەر بردنەوەیان لە بەرازیل پێشاندا و دەڵێت" هەستێکی زۆر خۆشە لەنێو خاکی بەرازیل لەو هەڵبژاردەیە ببەیتەوە."
 
لیۆنێل مێسی لە دوای یارییەکە قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی" ئەم تیپە لە بەدەستهێنانی دەستکەوتی مێژوویی بەردەوامە. هەرچەندە ئەمە یەکێك نییە لە گرنگترین ئەو شتانەی بەدەستمان هێناوە، بەڵام هەستێکی زۆر خۆشە کاتێك لە خاکی بەرازیل دەیبەیتەوە چونکە ئەوان بە درێژایی مێژوو سەلماندوویانە لە خاکی خۆیان زۆر بەهێزن. ئێمە پێویستمان بەم بردنەوەیە بوو بە تایبەتی دوای دۆڕانەکەی بەرامبەر ئۆرۆگوای."
 
لیۆ لە بەشێکی قسەکانیدا لەبارەی ئەو گرژی و ئاڵۆزیانەی لە یارییەکەدا روویاندا گوتی "ئێمە بینیمان پۆلیس چۆن لە هاندەرانەکانمانی دەدا لە کاتێكدا بەشێك لە خێزانەکانیشمان لەوێبوون. هەمان شتیش لە یاری کۆتایی جامی لیبەرتادۆرێس روویدا. هەریەك لە ئێمە بیری لای خێزانەکەی بوو، بۆیە یاریگەمان بەجێهێشت بۆ ئەوەی ئارام بینەوە."
 
لەبارەی قۆناخی داهاتووی یارییکردنی و خۆ ئامادەکردنی بۆ وەرزی نوێ، ئەستێرەی ئەرجەنتین دەڵێت "کەمێك زیاتر لە مەیامی دەمێنمەوە بەهۆی ئەوەی منداڵەکانم لەوێ دەچنە قوتابخانە. پاشان دەچمەوە ئەرجەنتین و دواتر لەگەڵ مەیامی بەباشترین شێوە خۆم بۆ ساڵی 2024 ئامادە دەکەم."
 
لیۆ لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی "لە سەرەتای یارییەکەدا هەستم بە پێکان کرد بەڵام بەرگەم گرت و بەردەوام بووم. پێکانەکەم قورس نییە و هیوادارم بە شێوازێکی باشتر بگەڕێمەوە."
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەکاتی باشووری کوردستان، لە رکابەرییەکانی پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور بۆ گەیشتن بە مۆندیال، ئەرجەنتین بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە بەرازیلی بردەوە، یەکەمجارە بەرازیل لە پاڵاوتنەکاندا لە یاریگەی خۆیدا دەدۆڕێت و بەو هۆیەوە بۆ پلەی شەشەمی ریزبەندی هەڵبژاردەکانی ئەمریکای باشوور دابەزی و ئەرجەنتین پارێزگاریی لە پێشەنگی ریزبەندی خولەکە کرد.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە