بە ڤیدیۆ؛ مێسی لە نێوان رۆیشتن و مانەوەدا

هەموو جیهانی شڵەقاند و بارسێلۆنای خستە بەردەم قورسترین تاقیکردنەوە

26-08-2020

15:29

یانەی مانچێستەر سیتی بە تویتێک هاندەرانی بارسێلۆنا دەترسێنێت

لیۆنێل مێسی


رووداو دیجیتاڵ

یانەی مانچێستەر سیتی بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک هاندەرانی مانچێستەر سیتی دەترسێنێت و راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن، ئەگەری هەیە گواستنەوەی مێسی بێت.

مان سیتی لە پۆستێکدا لەسەر ئەکاونتی فەرمی خۆی لە تویتەر دەڵێت، ئێمەی نوێ، گرێبەستێک دەکەین لە دەرەوەی ئەم جیهانە.

ئەم پۆستەی یانە ئینگلیزییەکە لە میدیای ئیسپانیا و بەریتانیادا کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، بەتایبەت دوای ئەوەی کە مێسی داوای رۆیشتنی لە بارسێلۆنا کردووە و ناوی ئەو یاریزانە بە یانەکەوە بەستراوەتەوە.

مێسی بەو فاکسەی بۆ کارگێریی بارسێلۆنای ناردووە داوای رۆیشتن لە یانەکە دەکات، دوای ئەمەش ناوی یاریزانەکە بە مان سیتی بەستراوەتە و میدیای ئیسپانی دەڵێت، مێسی لە ئەگەری رۆیشتن لە بارسێلۆنا، نزیکترین یانە بۆ گواستنەوەی مانچێستەر سیتییە.

مان سیتی لەو تویتەیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە کە کاژێر 16:00 کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیان دەبێت و وردەکارییەکان ئاشکرا دەکات.

زیاتر بخوێنەوە

13:57

بێکهام دەیەوێت مێسی و سوارێز بباتە یانەکەی

بێکهام دەیەوێت مێسی و سوارێز بباتە یانەکەی

رووداو دیجیتال

چەند راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی لە ئیسپانیا ئاشکرایانکرد، لویس سوارێزی یاریزانی ئۆرۆگوایی قسەی لەگەڵ کارگێڕی یانەی ئینتەر میامیی ئەمریکی کردووە، کە دەیڤد بێکهام سەرۆکایەتی دەکات، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی چوونی بۆ ریزەکانی ئەو یانەیە بکات.

سوارێز لە مانگی حەوتی 2014 بەرامبەر 73.55 ملیۆن پاوەند پەیوەندی بە ریزەکانی بارساوە کرد و 196 گۆڵ و 109 ئاسیستی لە 281 یارییدا بۆ بارسا تۆمارکردووە، کە سێیەم باشترین گۆڵکاری مێژوویی یانەی کەتەلۆنییە.

میدیای ئیسپانی باس لەوە دەکات کە رۆناڵد کۆمانی راهێنەری نوێی بارسا بە تەلەفۆن سوارێزی لەوە ئاگادارکردووەتەوە کە پشت بە تواناکانی نابەستێت، ئەگەرچی ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسا لە هاوینی 2021 کۆتاییدێت.

ئەو سەرچاوانە دەڵێن "یانەکەی بێکهام دەتوانێت بە پێشکەشکردنی گرێبەستێکی گرانبەها سوارێز رازی بکات بچێتە ریزەکانی".

هەر ئەو سەرچاوانە باس لەوە دەکەن کە دوای ئەوەی مێسی بە فاکسێک یانەی بارسێلۆنای لەوە ئاگادارکردەوە کە دەیەوێت ریزەکانی جێبهێڵێت، یانەکەی بێکهام قسەیان لەگەڵ مێسی کردووە بۆ ئەوەی بیبەنە ریزەکانی.

زیاتر بخوێنەوە

13:21

"مێسی ناتوانێت بڕوات"

"مێسی ناتوانێت بڕوات"

رووداو دیجیتال

خوان گاسپارت، سەرۆکی پێشووی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، دووپاتیکردەوە کە لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی بەپێی گرێبەستەکەی ناتوانێت ئەمساڵ لە بارسێلۆنا بڕوات.

مێسی بەداواکردنی رۆیشتن لە بارسێلۆنا هەمووانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، هەندێک دەڵێن مێسی دەڕوات و هەندێکیش دەڵێن بەپێی گرێبەستەکەی ناتوانێت بڕوات.

گاسپارت لەو بارەیەوە قسەی کردووە و دەڵێت "مێسی ناتوانێت بڕوات، ئەو تەنیا لە ساڵی 2021 دەتوانێت بڕوات".

ئەو کۆنە سەرۆکەی بارسا، هەروەها دەڵێت "من گرێبەستەکەم بینیوە، زۆر روونە، ئەو مەرجەی کە رێگە بە مێسی دەدات ساڵێک بەر لە کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی بڕوات، لە مانگی حوزەیراندا کۆتاییهاتووە، هیچ بوارێک نییە بۆ چالاککردنەوەی ئەو مەرجە".

ئەو گوتیشی "پێمباشترە مێسی ساڵی داهاتوو بەبێ بەرامبەر بڕوات، نەک ئێستا بە کەمتر لە 700 ملیۆن یۆرۆ".

گاسپارت زیاتر گوتی "ئێستا یانەکە دەستەڵاتی هەیە نەک یاریزانەکە، ئەمە بابەتی پارە نییە، گرێبەستێکی واژۆکراو هەیە و تەواو، ئەمە هەموو شتێکە".

سەرۆکی پێشووی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، دەشڵێت "مێسیم زۆر خۆشدەوێت، بەڵام بارسێلۆنام زیاتر خۆشدەوێت، بۆیە رێگەی پێبدەن با مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بدات، ئەوان پێشتر ستەمیان لێکردووم و ئەوەیان لەگەڵ فیگۆ کرد، منیش هەمان شتم لەگەڵ ریڤاڵدۆ کرد".

گاسپارت ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە ئەگەر ئەو سەرۆکی بارسێلۆنا بێت هەرگیز رێگە بە رۆیشتنی مێسی نادات و لە یەک یۆرۆش خۆشنابێت و گوتی "ئەگەر مێسی بە پارەیەکی کەمتر لە نرخی مەرجی هەڵوەشاندن رۆیشت، ئەوا کارەکە زۆر ئابڕووبەرانەتر دەبێت لە دۆڕانە هەشت بە دووەکە، نابێ مێسی ئەوەش لەبیربکات کە هاندەران بارسێلۆنایان لە هەر یاریزانێک زیاتر خۆشدەوێت".

زیاتر بخوێنەوە

12:23

لاپۆرتا بۆ بارتۆمیۆ: بڕۆ وازبێنە

لاپۆرتا بۆ بارتۆمیۆ: بڕۆ وازبێنە

رووداو دیجیتال

خوان لاپۆرتا، سەرۆکی پێشووی یانەی بارسێلۆنا و بەربژێر بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی یانەکە، داوا لە جۆسێپ ماریا بارتۆمیۆی سەرۆکی بارسێلۆنا دەکات بە زووترین کات دەستلەکاربکێشێتەوە.

دوای ئەوەی مێسی لە رێگەیە فاکسێکەوە داوای لە کارگێڕی بارسا کرد رێگەی پێبدەن لە یانەکە بڕوات، راستەوخۆ خوان لاپۆرتا داوای لە بارتۆمیۆ کرد دەستلەکاربکێشێتەوە، کە پێیوایە تەنیا بە رۆیشتنی بارتۆمیۆ هیوایەک بۆ مانەوەی مێسی لە بارسا دەبێت.

لاپۆرتا لە تویتێکدا نووسیویەتی "بەداخەوە بارتۆمیۆ و کارگێڕییەکەی لایەنی مەعنەوی مێسییان رووخاندووە بۆ ئەوەی خۆیان لەو کارەساتە ئابووری و وەرزشییە رزگار بکەن کە خۆیان هێناویانەتەوە".

سەرۆکی پێشووی بارسا، هەروەها گوتی "ئەگەر بارتۆمیۆ بڕوات، هیوایەک بۆ مانەوەی مێسی دەبێت، بۆیە پێویستە بارتۆمیۆ بڕوات".

چەند کاژێرێک بەر لەوەی مێسی داوای رۆیشتن بکات، لاپۆرتا لە تویتێکدا گوتبووی "کارگێڕی بارتۆمیۆ بەشێوەیەکی ترسنۆکانە و ناشیرین مامەڵەی لەگەڵ سوارێز کردووە، چۆن دەبێت بە تەلەفۆن پێبڵێن تۆمان ناوێی".

زیاتر بخوێنەوە

11:38

بۆمبی مێسی لە میدیادا

هەواڵی رۆیشتنی مێسی لە میدیادا


رووداو دیجیتاڵ

ناردنی فاکسێک لە مێسییەوە بۆ یانەی بارسێلۆنا و داواکردن بۆ رێگەدان بە رۆیشتن لە یانەکە، هەموو جیهانی بە خۆیەوە سەرقاڵکرد، مێسی لاپەرەی رۆژنامە وەرزشی و تەنانەت سیاسییەکانی دونیاشی پڕ کردووە و هەریەکە و بەشێوەیەک باسی ئەو بۆمبەی لیۆ دەکات، کە بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بەرووی بارسێلۆنادا تەقییەوە.

رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا، وێنەیەکی ئەستێرە ئەرجەنتینییەکەی داناوە و نووسیوویەتی، بۆمبی مێسی، دەیەوێت بڕوات، کارگێری یانەکەش داوا دەکات تاوەکو کۆتایی کاروانی یارییکردنی لە یانەکە بمێنێتەوە.

موندۆ دەڵێت، مانگێکی دیکە تەمەنی مێسی لە ریزەکانی یانە شین و سوورەکەدا دەبێتە 20 ساڵ، کارگێری یانەکەش پێی وایە ئەو میراتێکی گەورەی یانەکەیە و بۆ کەسی دیکە ناشێت.

رۆژنامەی سپۆرت کە بەهەمان شێوە نزیکە لە یانەی بارسێلۆنا، لە ژمارەی ئەمڕۆیدا وێنەیەکی مێسیی بە دڵتەنگییەوە داناوە و نووسیوویەتی، شەڕێکی تەواو، کە مەبەست لێی شەڕی کارگێری بارسێلۆنایە بۆ هێشتنەوەی مێسی و ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، کارگێری یانەکە بە مێسیی گوتووە، ئەو وادەیە کۆتاییهاتووە کە دەتوانیت بۆ رۆیشتن پشت بەو بەندەی گرێبەستەکەت ببەستیت کە رێگەت دەدات بێبەرامبەر بڕۆیت.

رۆژنامەکە ئاماژەی بۆ ناوی ئەو یانانە کردووە کە رکابەری لەسەر گواستنەوەی مێسی دەکەن و دەڵێت، پاریس، مان سیتی و مان یونایتد بۆ گواستنەوەی لەسەر هێڵن.

رۆژنامەی ئەی ئێس، لەبارەی مێسییەوە نووسیوویەتی، ماڵئاواییکردن لە رێگەی پڕۆ فاکسەوە، کە مەبەست لێی ئەو فاکسەیە کە مێسی بۆ یانەکەی ناردووە، مێسی داوای رۆیشتن لە یانەکەی دەکات، کارگێری یانەکەش داوای مانەوە دەکات سەرەرای ئەوەی کە دەتوانێت بە زیاتر لە 222 ملیۆن یۆرۆ ئەو یاریزانە بفرۆشێت.

رۆژنامەی مارکای بەنێوبانگ کە لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا دەردەچێت، نووسیوویەتی بۆمبەکە تەقییەوە، دەیەوێت لە بارسا بڕوات، مێسی لە رێگەی پڕۆفاکسەوە داواکاریی رۆیشتنی بۆ یانەکەی ناردووە و دەیەوێت بڕوات، ئەمەش بەپێی ئەو بەندەی لە گرێبەستەکەیدا هەیە.

رۆژنامەی ئێل کۆرێیۆی ئیسپانی، رۆژنامەیەکی سیاسییە، ئەمیشیان بە گرنگییەوە باسی ئەو فاکسەی مێسی دەکات و دەڵێت، ئەفسانەی مێسی لە بارسا کۆتاییدێت، ئەو کەسەی لە مێژووی تۆپی پێ لە هەمووان بەنێوبانگترە بە یانەکەی گوتووە دەمەوێت بڕۆم.

رۆژنامەی لا ڤان گواردیا، رۆژنامەیەکی دیکەی ئیسپانیا، ئەو لەبارەی ئەگەری رۆیشتنی مێسی لە بارسێلۆنا، نووسیوویەتی مێسی لە رێگەی فاکسەوە ماڵئاوایی لە بارسێلۆنا دەکات.

رۆژنامەی لێکیپی بەنێوبانگ لە فەرەنسا، وێنەیەکی مێسیی داناوە و بە پرسیار نووسیوویەتی، ماڵئاوا؟ 

لێکیپ دەڵێت، مێسی بە بەرپرسانی بارسێلۆنا گوتووە دەیەوێت بڕوات، مان یونایتد، مان سیتی و ئینتەر بۆ گواستنەوەی مێسی لە رکابەریدان.

رۆژنامەی کۆریێری دێللۆ سپۆرتی ئیتالی، لە ژمارەی ئەمڕۆیدا لە پاڵ ئەو هەواڵە گرنگانەی لەبارەی تۆپی پێی وڵاتەکەی هەیەتی، وێنەیەکی مێسیی داناوە و نووسیوویەتی، شۆکی رۆیشتنی مێسی لە بارسێلۆنا.

زیاتر بخوێنەوە

10:36

دەستەوارەی مانچێستەر سیتی بۆ مێسی ئامادەیە

دەستەوارەی مانچێستەر سیتی بۆ مێسی ئامادەیە

رووداو دیجیتال

رۆژنامەکانی بەریتانیا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە یانەی مانچێستەر سیتی ئامادەیە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی.

دوای ئەوەی مێسی بەرپرسانی بارسای لەوە ئاگادارکردەوە کە دەیەوێت لە یانەکە بڕوات، میدیاکان ناوی ئەو یانانەیان ئاشکراکرد کە دەیانەوێت گرێبەست لەگەڵ مێسی بکەن، کە مانچێستەر سیتیی ئینگلیزی یەکێکە لەو یانانەی دەگوترێت نزیکترینە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ مێسی.

رۆژنامەکانی بەریتانیا باس لەوە دەکەن کە مانچێستەر سیتی دەستەوارەیەکی ئامادەکردووە و دەیەوێت پێشکەشی بارسا بکات بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ مێسی.

بەپێی ئەو سەرچاوانە، مانچێستەر سیتی ئامادەیە هێرشبەرە بەرازیلییەکەی، گابریێل خیسۆس و بڕی 100 ملیۆن یۆرۆ بداتە بارسا لە بەرامبەر بەدەستهێنانی تواناکانی مێسی.

هەندێک لە سەرچاوەکانیش باس لەوە دەکەن کە ئەگەری ئەوە هەیە مانچێستەر سیتی،  دی برۆینی ئەستێرەی بەلجیکی بە مێسی بگۆڕێتەوە.

 
زیاتر بخوێنەوە

09:59

مێسی تەنیا بە رۆیشتنی بارتۆمیۆ لە بارسا دەمێنێتەوە

بارتۆمیۆ، مێسی و کۆمان

رووداو دیجیتال

دوای ئەوەی لیۆنێل مێسی ئەستێرەی بارسێلۆنا داوای لە یانەکەی کرد رێگەی پێبدەن بڕاوت، بوومەلەرزەیەک جیهانی گرتەوە، کە دۆست و دوژمنانی مێسی تووشی شۆک کرد.

وادیارە کێشەی مێسی لەگەڵ کارگێڕی یانەکە و جۆسێپ ماریا بارتۆمیۆی سەرۆکی یانەکە گەیشتووەتە بنبەست، کە بەپێی سەرچاوەیەکی نزیک لە ژووری جلگۆڕینی بارسا، مێسی لەنێو هەموو یاریزانانی یانەکەدا بە بارتۆمیۆی گوتووە "تۆ 3 ساڵە ناپاکیم لەگەڵ دەکەی".

ئەم قسەیەی مێسی بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە لیۆ 3 ساڵە بەرگەی بێسەروبەری کارگێڕی یانەکە و سەرۆکەکەی دەگرێت، بەڵام وادیارە دۆڕانە گەورەکەی مێسی و هاوڕێکانی بە بایرن میونشن بۆمبەکەی تەقاندەوە، کە ئیدی روونە مێسی چیدی بەرگەی بێباکی سەرۆکەکەی ناگرێت و لە کۆتاییدا ناچاربوو بڕیارە هەرە ناخۆشەکەی ژیانی بدات و خۆشەویستترین یانەی جێبهێڵێت.

بارتۆمیۆ لەوەتەی بووەتە سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، ئەو یانەیە کە هەمیشە بە باشترینی جیهان وەسفکراوە، بەرەبەرە گەورەیی و هەیبەتی خۆی لەدەستداوە و هەمیشە لە چامپیۆنزلیگدا بەشێوەیەکی ئابڕووبەرانە دەرکراوە، کە زۆر لە چاودێران پێیانوایە بارتۆمیۆ و دارودەستەکەی بۆ شاردنەوەی ئەو زیانە ئابوورییەی بەسەر یانەکەیاندا هێناوە، هەمیشە لایەنی یاریکردن و دروستکردنی پێکهاتەیەکی بەهێزیان کردووەتە قوربانی، تەنانەت مێسی پێیوایە بارتۆمیۆ هەمیشە درۆی لەگەڵ کردووە، بەتایبەتیش لە هەوڵەکانیدا بۆ گەڕاندنەوەی نەیمار داسیلڤای بەرازیلی، کە ئەو یاریزانە لەسەر بنەمای بەڵێنەکانی بارتۆمیۆ لەگەڵ یانەکەی و جەماوەرەکەی کەوتە جەنگەوە و لە کۆتاییشدا بارتۆمیۆ کاری پێویستی نەکرد بۆ گەڕاندنەوەی ئەو یاریزانە و نەیمار و مێسی بێئومێدکرد.

هەموو ئەوانەی مێسی و بارسایان خۆشدەوێت، حەزدەکەن ئەم ىریارەی مێسی خەون بێت نەک راستی، بەڵام هەندێک لە سەرچاوەکانی رۆژنامەڤانی دەڵێن "مێسی بریاری کۆتایی خۆی داوە و جددیە لە جێهێشتنی ریزەکانی بارسا".

هەندێکیش پێیانوایە ئەمە گوشارێکە لە مێسییەوە بۆ ئەوەی بارتۆمیۆ دەستلەکاربکێشێتەوە، هەندێکیش دەڵێن مێسی بریاری خۆی داوە، بەڵام ئەگەر بارتۆمیۆ و دارودەستەکەی بڕۆن، لەوانەیە مێسی بمێنێتەوە.

هەرچۆنێک بێت، ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن، کە چیدی شوێنی بارتۆمیۆ و مێسی چیدی پێکەوە نابێتەوە، ئیدی کامپ نو بۆ یەکێکیانە.

زیاتر بخوێنەوە

14:44

بە ڤیدیۆ؛ مێسی لە نێوان رۆیشتن و مانەوەدا

لیۆنێل مێسی
لیۆنێل مێسی


رووداو دیجیتاڵ

من لیۆنێل ئاندرێس مێسی کوتشیتینیم، بەپێی بەندی ژمارە 24 داوای کۆتاییهێنانی گرێبەستەکەم دەکەم، کە رێگەم دەدات بەکاریبهێنم و بڕۆم، ئەمە ئەو فاکسەیە کە مێسی بۆ کارگێری یانەی بارسێلۆنای ناردووە و داوای رۆیشتن لە یانەکە دەکات.

مێسی بە گرێبەستێک کە لەسەر کلینکس واژۆکرا، بووە یاریزانی بارسێلۆنا، ئێستاش لە رێگەی فاکسەوە دەیەوێت بڕوات، لیۆ دەیەوێت گۆڕانکاری بکات، ئەو دەیەوێت ماڵئاوایی بکات، بۆ ئەوەش لیۆ پشت بەو بەندەی گرێبەستەکەی دەبەستێت کە رێگەی دەدا بەبێ بەرامبەر بڕوات، بەڵام کارگێریی بارسا دەڵێت، وادەی کارکردن بەو بەندە کۆتاییهاتووە و مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە 700 ملیۆن یۆرۆیە، بەڵام مێسی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەیەوێت ئەو بەندە چالاک بکاتەوە و کاری پێبکات.

بە ناردنی ئەم فاکسە مێسی هەموو جیهانی شڵەقاند لە ماوەی 7 کاژێردا زیاتر لە 5 ملیۆن تویتی لەسەر کرا، کارگێری بارسێلۆنا لە وەڵامی داوایەکەی لیۆدا دەڵێت، داوا دەکەین بمێنیتەوە و پرۆژەیەکی نوێ لەگەڵ کۆمان دەستپێبکەیت، بەڵام پێناچێت ئەم داواکارییە سەربگرێت و رەنگە ئەمجارە جیهان بینەری ماڵئاواییکردنی لیۆ بێت لە کامپ نو.

هەر زوو هاندەرانی بارسا چوونە بەردەم یاریگەی یانەکەیان، مێسی لەوێ نییە، بەڵام ئەوان دەیانەوێت هەواڵی رۆیشتنی ئەو تەنیا خەونێک بێت، بە یەک دەنگ هاوار دەکەن بارتۆمیۆ بڕۆ و دەڵێن، مێسی بمێنەوە، هەمووان لێرە تۆیان خۆشدەوێت.

دۆڕان بەرامبەر بایرن میونشن بە 2-8 مێسی و بارسێلۆنا لە دەریاییەکدا نقوم کرد، هاتنە دەرەوە لێی زۆر قورسە و قوربانیی دەوێت، کارگێری یانەکەش بەو مامەڵەیەی لەگەڵ لویس سوارێز، کە نزیکترین هاوڕێی مێسییە، ئەو یاریزانەی زیاتر توڕەکردووە، بەتایبەت کە تەنانەت یەک کەس لە کارگێری یانەکە پەیوەندییان بە لویزیتو نەکردووە.

بارتۆمیۆ لەبەردەم مێژوویەکی شەرمەزارکەردایە، چونکە رۆیشتنی مێسی لە سەردەمی ئەودا شکستێکی گەورەی سەردەمی کارکردنی دەبێت و بۆ هەمیشە وەک خاڵێکی بەنێوچەوانی ویلایەتی کارکردنی ئەودا وەک سەرۆکی یانەکە دەمێنێتەوە.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی ناردنی فاکسەکەی مێسی، زۆرن ئەوانەی ناوی یاریزانەکەیان پێوەدەبەسترێت، مانچێستەر سیتی، مانچێستەر یونایتد، پاریس سانجێرمان و ئینتەرمیلان، ئەو یانانەن بۆ بەدەستهێنانی پولگا لەسەر هێڵن و دەرگای خەزێنەکانیان بۆ گۆڵکاری مێژوویی بارسا دەکەنەوە.

مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی مێسی 700 ملیۆن یۆرۆیە و ساڵی داهاتوو گرێبەستەکەی کۆتاییدێت، 700 ملیۆن یۆرۆ یەکلاییدەکاتەوە، مێسی دەمێنێتەوە و بارسا گۆڕانکارییەکی گەورەی تێدا دەکرێت، یانیش یاریزانەکە دەچێتە ئەو یانەیەی کە شایستەیەتی.

زیاتر بخوێنەوە