ئەمشەو چامپیۆنزلیگە و ئەرکی پاشا قورسە

22-10-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن بۆرووسیا دۆرتموند ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ئەمشەو چامپیۆنزلیگ دەستپێدەکاتەوە و 9 یاری لە گەڕی سێیەمی پاڵەوانێتتییەکە بەڕێوەدەچن، کە گرنگترینیان رووبەڕووبوونەوەی ریال مەدریدی ئیسپانی و بۆرووسیا دۆرتموندی ئەڵمانییە.
 
ئەوەی گرنگی بەم یارییە دەدات ئەوەیە کە ریال مەدرید پلەی 17ـی ریزبەندیی گرتووە، دوای ئەوەی لە گەڕی رابردوودا بە لیلی فەرەنسی دۆرا، کە ئەم پلەیە هەرگیز رەوا و شایەن نییە لەگەڵ پاڵەوانی ئەوروپا. هەروەها بۆرووسیا دۆرتموندیش یەکەمی ریزبەندییە و دەیەوێت لەو پێگەیەدا بمێنێتەوە.
 
کارلۆ ئەنچێلوتی، راهێنەری ریال مەدرید راشکاوانە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا دانی بەوەدانا کە پێکهاتەکەی کێشەی و کەموکورتی هەیە، بەڵام پێویستە چارەسەرییان بۆ بدۆزنەوە. کەواتە ئەرکی مێرینگێ ئاسان نییە، ئەگەرچی لەسەر یاریگەی خۆیشی یاری دەکات، زێدەباری ئەوەی بەرامبەر تیپێک یاری دەکات کە هەردوو یاری پێشووی بردووەتەوە و لە دوو یارییدا 10 گۆڵی کردووە و تەنیا گۆڵێکی لێبووە. 
 
دەبێ ئەوەشمان لەبیربێت کە ئەم یارییە دووبارەبوونەوەی یاریی کۆتایی جامپیۆنزلیگی ساڵی رابردووە و لەوانەیە بۆ ئەڵمانییەکان هاندەرێکی زیاتر هەبێت بۆ بردنەوە، چونکە بۆ ئەوان یاریی تۆڵەسەندنەوەیە، کە ریال مەدرید نازناوی ئەوروپای لێبردن.
 
لە یارییەکی دیکەدا ئارسیناڵ بریندار لە پرێمەرلیگدا، کە لە دوایین گەڕدا تووشی دۆڕان بوو، بە میوانداریکردنیی شاختاری ئۆکراینی دەیەوێت تیماری برینەکەی بکاتەوە و سەرکەوتنێکی دیکە لە چامپیۆنزلیگدا بەدەستبینێت، کە لە گەڕی پێشوودا لە پاریس سانجێرمانی بردووەتەوە.
 
شاختار کە لە دوو یاریی رابردوویدا تەنیا خاڵێکی بەدەستهێناوە و پلەی 27ـی ریزبەندی گرتووە، زۆر پێویستی بەوەیە ئاست و ئەنجامێکی باش بەرامبەر ئارسیناڵ بەدەستبهێنێت، ئەگەرچی ئەوە کارێکی زۆر قورسە لەنێو یاریگەی ئیمارایتس لە لەندەن.
 
یارییەکی دیکەی گرنگ لەسەر یاریگەی ئەلیانز ستادیۆم لە شاری تۆرینۆ بەڕێوەدەچێت، کە تیایدا یوڤێنتوسی ئیتاڵی میوانداریی شتوتگارتی ئەڵمانی دەکات.
 
خانمە پیرەکەی ئیتاڵیا تاوەکو ئێستا زۆر باشی هێناوە و 6 خاڵی کۆکردووەتەوە و بێگومان کوڕانی تیاگۆ مۆتا بەنیازن بەردەوام بن لەسەر چنینەوەی خاڵەکان، بۆ ئەوەی یەکێک بن 8 تیپی سەرکەوتوو بۆ قۆناخی 16.
 
شتوتگارت بەسەرکردایەتی یاریزانی کورد، دێنیز ئونداڤ لە چامپیۆنزلیگدا لە دۆخێکی خراپدایە و دەبێت بارە لارەکەی راست بکاتەوە، بەڵام ئایا دەتوانێت ئەوە بەرامبەر یوڤینتوس بکات لەدەرەوەی یاریگەی خۆیدا؟ وەڵامی ئەم پرسیارە روونە و بریتییە لەوەی زەحمەتە.
 
دێنیز ئونداڤ، کە لە چامپیۆنزلیگدا گۆڵێکی بۆ شتوتگارت بەرامبەر ریال مەدرید تۆمارکردووە، هەوڵدەدات گۆڵ لە یوڤێنتوسیش بکات و جارێکی دیکە وەک هەژێنەری تۆڕی تیپە گەورەکان ناوی ببێتەوە مانشێتی گەورەی رۆژنامەکان.
 
میلان کە لە خراپترین دۆخدایە، پلەی 32ـی ریزبەندیی گرتووە، لە دوو یارییدا دووجار دۆڕاوە و تەنانەت تەنیا گۆڵێکی هەیە و چوار گۆڵی لێبووە، میوانداریی کلەب برۆج دەکات و هەوڵدەدات بە بردنەوەی ئەو یارییە هاندەرانی ئاشت بکاتەوە و لانیکەم هیوایەک بهێڵێتەوە بۆ زوو دەرنەچوون لە پاڵەوانێتییەکە،
 
کلەب برۆجی بەلجیکی لە دۆخێکی باشتردایە، پلەی 21ـی ریزبەندیی گرتووە و سێ خاڵی هەیە، بە قۆستنەوەی دۆخی زۆر خراپی میلان دەتوانێت پێگەکەی لە ریزبەندیدا زۆر باشتر بکات.
 
پاریس سانجێرمان بەسەرکردایەتی لویس ئێنریکی رووبەڕووی ئایندهۆڤنی هۆڵەندی دەبێتەوە، کە ئەمەی دوایی بەپێچەوانەی خولی ناوخۆیی لەسەر ئاستی ئەوروپا تاوەکو ئێستا ئاستێکی خراپی پێشکەش کردووە و تەنیا خاڵێکی هەیە.
 
پی ئێس جی یارییەکی بردووەتەوە و یارییەکی دۆراندووە و بەدڵنیاییەوە دروشمی ئەم یارییەی بردنەوە و بەهێزترکردنی پێگەی خۆیەتی لە ریزبەندییەکەدا. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە