کەریم بنزیما دەگەڕێتەوە ریال مەدرید

22-03-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کەریم بنزیما ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە راپۆرتێکدا رۆژنامەی رێلیڤۆی ئیسپانی، تیشکی خستووەتە سەر چەند ئەفسانەیەکی یانەی ریال مەدرید، کە یانەکەیان جێهێشتووە، بەڵام ئارەزووی گەڕانەوەیان هەیە بە زووترین کات، بۆ ئەوەی لە شارەکەدا بژین و دووبارە لە یانەکەدا کاربکەنەوە، دیارترینیان کەریم بنزیمای ئەستێرەی ئێستای یانەی ئیتیحادی سعودیە.
 
بەپێی ئەو رۆژنامەیە، بنزیما پلانێکی روونی هەیە کە دەیەوێت بگەڕێتەوە ریال مەدرید و نووسیویەتی "هەر یاریزانێکی ریال مەدرید واز لە یاریکردن بهێنێت دەیەوێت لە مەدرید بژی".
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە بنزیما ئارەزووی خۆی بە نزیکەکانی خۆی راگەیاندووە کە پلانی داهاتووی ئەو بریتییە لە کارکردن لەگەڵ یانەکە لە داهاتوودا.
 
لەدرێژەی قسەکانیدا رێلیڤۆ نووسیویەتی "بنزیما دەیەوێت دەستبەجێ دوای وازهێنانی پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە بکات بۆ ئەوەی رۆڵێکی نوێ لەنێو یانە دڵخوازەکەیدا بگێڕێت، کە لەوانەیە رۆڵێکی وەک باڵیۆزی یانەکە یان پۆستێکی ستراتیژی لەنێو یانەکەدا پێیبدرێت".
 
پێشتر بنزیما لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی مارکا باسی لە ئەگەری گەڕانەوەی بۆ ریال مەدرید کردبوو و رایگەیاندبوو "بێگومان دەگەڕێمەوە، بۆچی نا؟ ئێستا لە شاری جەددەم و ئاستێکی زۆر باش پێشکەش دەکەم، رۆژگار پێماندەڵێت چی روودەدات، دڵنیام بەم زووانە دەگەڕێمەوە مەدرید".
 
کەریم بنزیما پێشتر لەنێوان ساڵانی 2009 تاوەکو 2023 بۆ یانەی لۆس بلانکۆس یاری کردووە، ژمارەیەک خەڵاتی تاکەکەسی بەدەستهێناوە، لەوانەش خەڵاتی باڵۆندۆر، نازناوی لالیگا، نازناوی چامپیۆنزلیگ و جامی جیهانی یانەکانی فیفا.
 
کەریم بنزیما، کە ساڵی 2023 و دوای بردنەوەی باڵۆندۆر، بەویستی خۆی لە ریال مەدرید رۆیشتووە، هەمیشە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هەمیشە شانازی بە ریال مەدریدەوە دەکات و هەمیشە بە هاندەری ئەو یانەیە دەمێنێتەوە.
 
ئەستێرەی فەرەنسی بەرەچەڵەک جەزائیری، بەتۆمارکردنی 354 گۆڵ دووەم باشترین گۆڵکاری مێژووی ریال مەدریدە لەدوای کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی، کە ئەویش ئێستا لە خولی رۆشنی سعودیدا یاری بۆ یانەی نەسڕ دەکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە