رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا لە ئێستاوە کاردەکات بۆ ئەوەی لە گواستنەوەی هاوینەدا ئەستێرەیەک بباتە ریزەکانی و چوار یاریزانی بەنێوبانگیش لە پلانەکانی یانەکەدان.
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی نزیک لە یانەکە، کارگێڕیی بارسێلۆنا چاوی لە تواناکانی چوار ئەستێرەی دیارە و دەیەوێت یەکێکیان لە گواستنەوەی هاوینەدا بباتە ریزەکانی، بۆ ئەوەی هێڵی پێشەوەی زیاتر بەهێز بکات.
یەکێک لەو یاریزانانەی بارسا ماوەیەکی زۆرە چاودێریی دەکات، لویس دیاز، ئەستێرەی کۆڵۆمبی و یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزییە، دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانە کەتەلۆنییەکە بە تواناکانی سەرسامە، یاریزانەکەش ئامادەیە مووچەکەی کەمبکاتەوە بۆ ئەوەی بۆ بارسا یاری بکات، بۆیە ئەو یاریزانە لە پێشینەی پلانەکانی یانەکەدایە.
ئەمە لەکاتێکدایە چەند رۆژێکە میدیای بەریتانیا دەڵێت "ئەگەری هەیە لە گواستنەوەی هاوینەدا لویس دیاز لە یانەی لیڤەرپوول بڕوات."
یەکێکی دیکە لەو یاریزانانەی بارسێلۆنا گرنگی بە گواستنەوەی دەدات، رافایێل لیاو، ئەستێرەی پۆرتوگالی و یانەی ئەیسی میلانە و خۆرخی مێندێزی بەڕێوەبەری کارەکانی بەردەوام لەگەڵ خوان لاپۆرتا، سەرۆکی بارسێلۆنا لە گفتوگۆدایە.
لیاو گرێبەستەکەی لەگەڵ میلان لە هاوینی 2028 کۆتاییدێت، بەڵام ماوەیەکی زۆرە باس لە رۆیشتنی ئەو یاریزانە لە یانەکە دەکرێت و ئەگەری هەیە زووتر لە وادەی کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی ریزەکانی رۆسۆنێری بەجێبهێڵێت.
نیکۆ ویلیامز، ئەو یاریزانە ئیسپانییەی هاوینی رابردوو بارسێلۆنا زۆر هەوڵی گواستنەوەیدا و سەرکەوتوو نەبوو، جارێکی دیکە لە پلانەکانی یانەکەدایە، بچووکی و بەهرەی ئەو یاریزانە هۆکاری سەرەکین کە بارسا هێشتا گرنگی بەتواناکانی ئەو یاریزانە بدات، جگە لەوەش یاریزانەکە پەیوەندییەکی زۆرباشی لەگەڵ بەشێکی یاریزانەکانی بارسێلۆنا هەیە و دەکرێت ئەمجارە، پرۆسەی گواستنەوەی یاریزانەکە بۆ بلاوگرانا ببێتە راستی.
ئادێمۆلا لوقمان، ئەستێرەی نەیجیری و یانەی ئاتالانتای ئیتاڵی، یەکێکی دیکەیە لەو یاریزانانەی ناوی لە لیستی یانەی بارسێلۆنادایە، یاریزانەکە پێشینەی کارەکانی یانەکە نییە، بەڵام یەکێکە لەو یاریزانانەی بارسێلۆنا بیر لە گواستنەوەی دەکاتەوە.
لوقمان وەرزی رابردوو باشترین یاریزانی کیشوەری ئەورووپا بوو، لەگەڵ ئاتالانتا ئاستێکی بەرز پێشکێشدەکات و لەم وەرزەی سێری ئادا 13 گۆڵی تۆمارکردووە.
یاریزانەکە تەمەنی 27 ساڵە و گرێبەستەکەی لەگەڵ ئاتالانتا لە هاوینی ساڵی داهاتوو کۆتاییدێت، نرخەکەشی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا دەگاتە 55 ملیۆن یۆرۆ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ