رووداو دیجیتاڵ
لەسەر داواکاریی راهێنەری یانەکە، یاریزانانی بۆرووسیا دۆرتموند بڕیاریانداوە لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ راهێنان ئەنجام نەدەن.
بڕیارە رۆژی سێشەممەی داهاتوو لە درێژەی یارییەکانی گەڕی سێیەمی چامپیۆنزلیگ، ریال مەدرید لە یاریگەی خۆی رووبەڕووی بۆرووسیا دۆرتموند ببێتەوە، ئەو دوو یانەیە وەرزی رابردوو لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بوون، ئەو کاتە یارییەکە بە ئەنجامی 2-0 لە بەرژەوەندی ریال مەدرید کۆتایی هات و مێرێنگی بووە پاڵەوانی ئەورووپا.
لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا و بە سیستمە نوێیەکەی، یانەی بۆرووسیا دۆرتموند بە کۆکردنەوەی شەش خاڵ و تۆمارکردنی 10 گۆڵ، لە پێشەنگی قۆناخی خول دێت، ئەو یانەیە دوو سەرکەوتنی بەرامبەر یانەکانی کلەب برۆج و سێڵتیک بەدەستهێناوە، ریال مەدرید بە بردنەوەیەک بەرامبەر یانەی شتوتگارت و دۆڕانێک بەرامبەر یانەی لیل و کۆکردنەوەی سێ خاڵ لە پلەی 17می خولەکە دێت، یانەکە سێ گۆڵی تۆمارکردووە و دوو گۆڵی لێکراوە.
ئەو دوو یانەیە لە یارییەکی ئاگریندا رووبەڕووی یەکدەبنەوە، بەڵام ئەوەی سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە یانەی بۆرووسیا دۆرتموند لەسەر داواکاری راهێنەری یانەکەی، بڕیاریداوە هیچ مەشق و راهێنانێک لە مەدرید ئەنجام دەدات، لە ترسی ئەوەی پلانەکانی ئەو راهێنەرە ئاشکرا بن.
سەرچاوەیەکی ئیسپانی ئەوەی خستەڕوو کە نوری شاهین داوای ئەوەی کردووە راهێنانەکانی یانەکە لە ئەڵمانیا ئەنجام بدرێن، دواتر گەشت بکەن بۆ مەدرید و لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ هیچ راهێنانێک ئەنجام نەدەن لە ترسی ئەوەی ریال مەدرید سیخوڕ بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی تاکتیک و پلانەکانی ئەو راهێنەرە ئاشکرا بکات.
یارییەکەی ریال مەدرید و بۆرووسیا دۆرتموند، رۆژی سێشەممە کاژێر 22:00 ئەنجام دەدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ