رووداو هەولێر
ئاکام هاشم، ئەستێرەی کوردی یانەی شورتەی عێراقی، نهێنی ئاستبەرزییەکەی لە وەرزی ئەمساڵی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا بۆ رووداو ئاشکرا دەکات و دەڵێت "وەک یاریزانێکی پیشەگەر مامەڵە دەکات و پابەندە بە رێنماییەکانی راهێنەر".
ئەو ئەستێرەیە لەدایکبووی 1998ـی هەولێرە، بەهرە و تواناکانی سەرەتا لە خولی تیپە میللیەکان لەگەڵ تیپی زەریا دەستیپێکرد، دواتر هەنگاوەکانی بوون بەئەستێرە دەرکەوتن تاوەکو گەیشتە ئەو راددەیەی وەرزی ئەمساڵ یانەی شورتەی پاڵەوانی دوو وەرزی رابردووی خولی ئەستێرەکانی عێراق گرێبەستی لەگەڵ واژۆکرد.
ئەستێرە سەرنجڕاکێشەکەی یانەی شورتە، نهێنییەکانی بەرزبوونەوەی ئاستی بۆ یەکەمجار بۆ رووداو، ئاشکراکرد و گوتی"من زۆر پابەندم بەو ئەرکانەی راهێنەر بەمن رادەسپێرێت، لە هەمانکاتدا کاتەکانم بۆ راهێنان تەرخانکردووە و کەمتەرخەمی ناکەم، جیا لە راهێنان لە گۆڕەپان، زۆر بایەخ بە لایەنی لێهاتوویی جەستەییم لەهۆڵی لەشجوانی دەدەم، شەوان زوو دەخەوم. کاتەکانم زیاتر لە شوێنی حەوانەوەم بەسەردەبەم و ناچمە دەرەوە بۆ کات بەسەربردن".
ئاکام هاشم، یاریزانی کورد لەگەڵ سەوز پۆشانی بەغدا بووەتە ناوێکی دیاری شەقامی وەرزشی و میدیاکانی عێراق، بەشێوەیەک وەک یاریزانی سەرەکی بەردەوام لە هێڵی پشتەوە یاری دەکات و بووەتە قەڵخان بۆ پاراستنی گۆڵەکەیان لە هێرشی تیپەکانی رکابەرییان، هەمووان کۆکن لەسەر ئاستبەرزییەکەی و شایستە بوونی بۆ گەڕانەوەی بۆ ریزی هەڵبژاردەی عێراق، کە پێستر ئەو ساڵی رابردوو لەگەڵ هەڵبژاردەکە بەشداریی یارییەکانی جامی نەتەوەکانی ئاسیای لە قەتەر کردبوو.
لەبارەی دەنگۆی گەڕانەوەی بۆ هەڵبژاردەی عێراق، ئاکام هاشم لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "بەدڵنیاییەوە زۆر حەزدەکەم بگەڕێمەوە ریزی هەڵبژاردەی عێراق کە پێشتر یاریم بۆ کردووە، لێرە دووپاتی دەکەمەوە کە پەیوەندییان پێوە نەکردووم و هەموو دەنگۆکان راست نین، من درێژە بە ئاستبەرزیم دەدەم و پابەندیم بە راهێنان و خەو و گوێڕایەڵی راهێنەرم، بێگومان ئەوە هۆکارە بۆ گەڕانەوەم بۆ ریزی هەڵبژاردەی عێراق".
لە دوایین یاریی یانەی شورتە و یانەی عەینی ئیماراتی لە چامپیۆنزلیگی ئاسیادا، کە بەبردنەوەی یانەی شورتە بەئەنجامی دوو گۆڵی بێبەرامبەر تەواوبوو، خیسۆس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق چاودێری ئاستی ئاکام هاشمی کردبوو، چەند شایەتحاڵێک لە شوێنی میوانە تایبەتەکانی یاریگەی زەورای شاری بەغدا ئاشکرایانکرد، راهێنەرەکەی هەڵبژاردەی عێراق پەسنی ئاکامی داوە و لە ئاستی رازیبووە".
ئەستێرە کوردەکەی یانەی شورتە، لەبارەی ئاستی هەڵبژاردەی عێراق لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال و داهاتووی تیپەکە، گوتی "زۆر گەشبینم بە داهاتووی هەڵبژاردەکەمان، خیسۆس کاساس راهێنەرێکی ژیرە و پیشەگەرانە مامەڵە دەکات، پێموایە عێراق بەشایستەی دەگاتە یارییەکانی مۆندیالی 2026، بێگومان هیوای منیش ئەوەیە یەکێک لەو ئەستێرانەی بەشداری یارییەکانی مۆندیال بکەم".
پێنجەم وەرزە ئاکام هاشم، ئەزموونی خۆی لە خولی عێراق تاقیدەکاتەوە، سەرەتا بۆ ماوەی چوار وەرز لە ریزەکانی یانەی هەولێر بوو، ئەمساڵیش هاوشانی ئەحمەد زێرۆ و رێوان ئەمین سێ ئەستێرەی کوردی یانەی شورتەن.
ئاکام، حەزی لە ژیانکردنە لە شاری بەغدا و کەش و هەوای شارەکە و هاندەرانی سەرنجی راکێشاوە "من لە ژیانم و وەرزشکردنم لە شاری بەغدا ئاسوودەم، لێرە زۆر رێزمان دەگرن و هاندەرانیش هەموو پاڵپشتی ئەستێرەکانن. دوای راهێنانەکان زیاتر کاتەکانم بە پشوودان بەسەردەبەم، ئەو یاریزانانەی کە لێم نزیکن هەریەک لە رێوان ئەمین، ئەحمەد زێڕۆ، میمی لەگەڵ ئەحمەد فەرحان و موناف یونس، کە وەک بران بۆ من".
ئەو ئەستێرە کوردە لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، پێشتر لەگەڵ یانەی پێشمەرگەی هەولێر لە خولی نایابی کوردستان دووجار نازناوی خولەکەی بەدەستهێناوە، ئێستاش سەیری ئاستی یانە کوردستانییەکانی بەشدار لە خولی ئەستێرەکانی عێراق دەکات و لەبارەیانەوە دەڵێت "یانەی زاخۆ یەکێک لە بەهێزترین تیپەکانی وەرزی ئەمساڵە و ئاسان نین، نەورۆز بەباشی گەڕاوەتەوە نێو رکابەری، پێموایە کاپتن سەمیر بابۆش توانیویەتی لە ئاستی چاوەڕوانی هاندەرانی بێت بەئەنجامی باش، یانەی دهۆکیش وەک ئالهۆێین چیایێ باش دەفڕێت و ئەنجامەکانی دڵخۆشکەرن".
گەورەترین خەونی ئاکام هاشم، بوونە بە یاریزانی پیشەگەر "لە ریزەکانی یانەی شورتە هیچ کێشەم نییە و لە رووی دەروونییەوە زۆر ئارامم، بەڵام بێگومان خەونی بوون بە یاریزانی پیشەگەرم هەیە و دەمەوێت لە خولەکانی دەرەوە وەک ئەستێرەیەکی کورد یاری بکەم، بۆ بەدیهێنانی ئەو خەونەش هەوڵێکی زۆر دەدەم".
یانەی شورتە بەکۆکردنەوەی 38 خاڵ لە پلەی سێیەمی ریزبەندیی خولی ئەستێرەکانی عێراقدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ