ئێمباپێ لە بارسێلۆنا چی دەکرد؟

21-02-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، بەردەوامە لە راکێشانی هەموو سەرنجەکانی جیهانی تۆپی پێ بەلای خۆیدا.
 
ئێمباپێ جارێکی دیکە سەرنجەکانی بۆ خۆی راکێشا، دوای ئەوەی دەرکەوت کە لە دوایین کاژێرەکاندا لە بارسێلۆنا بووە.
 
رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، کیلیان ئێمباپێ سوودی لەو مۆڵەتە وەرگرتووە کە لەلایەن لویس ئێنریکی راهێنەری ئیسپانی لە پاریس سانجێرمانەوە پێدراوە بۆ ئەوەی سەردانی بارسێلۆنا بکات.
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێمباپێ رۆژی سێشەممە لە بارسێلۆنا بووە بۆ ئەوەی چێژ لە کاتەکانی لەوێ وەربگرێت، لەوێ لەگەڵ هاوڕێ مەغریبییەکەی ئەشرەف حەکیمی،  چوونەتە چێشتخانەی بەنێوبانگی بۆتافومیرۆ.
 
سەرەڕای بوونی ئێمباپێ لە بارسێلۆنا، هیچ شتێک ئاماژە بە ئەگەری بوونی دانوستاندن لە نێوان بارسێلۆنا و کیلیان ئێمباپێ ناکات بۆ چوونی ئەو یاریزانە بۆ یانەکە، چونکە سپۆرت جەختی لەوە کردەوە کە کە یاریزانە تەمەن 25 ساڵەکە پێش کۆتایی ئەم وەرزە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید رادەگەیێنێت.
 
رۆژنامە کەتەلۆنییەکە زیاتر لەو بارەیەوە رایگەیاند، تا ئەو ساتە دێت هەموو شتێک کراوەیە سەبارەت بە داهاتووی ئێمباپێ و بوونی لە بارسێلۆنا کەرەستەیەکی باشە بۆ هەموو جۆرە قسە و باسێک.
 
کیلیان ئێمباپێ، کارگێڕیی یانەی پاریس سانجێرمانی ئاگادارکردووەتەوە کە بەنیازە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا یانەکەی جێبهێڵێت، کە ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە لە 30ـی حوزەیران کۆتایی دێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە