ڤیدیۆ؛ ریمۆنتادا بەسەر بارسادا کرا و ئێمباپێ مێژووی تۆمارکرد

17-04-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
کیلیان ئێمباپێ
کیلیان ئێمباپێ
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ پاریس سانجێرمان بارسێلۆنا چامپیۆنزلیگ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی ماڵئاوایی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا کرد، دوای ئەوەی لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشتدا لە یاریگەی خۆیدا تووشی دۆڕانێکی گەورە بوو و بە پاریس سانجێرمان دۆڕا.
 
لە یاریی گەڕانەوەی نێوان هەردوو یانەدا، لە یاریگەی مونتجویک، بارسێلۆنا میوانداریی پاریس سانجێرمانی کرد، لە یاریی چووندا بارسا بە 3-2 یارییەکەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بردبووەوە و بەبردنەوە و یەکسانبوون لە یاریی گەڕانەوەدا دەیتوانی بگاتە قۆناخی پێشکۆتایی، بەڵام ئەوەی کەس چاوەڕێی نەبوو پاریسییەکان کردیان و لە بارسێلۆنایان بردەوە.
 
سەرەتا رافینیا گۆڵێکی بۆ بارسێلۆنا تۆمارکرد، بەڵام دوای ئەوە رۆناڵد ئاراوخۆ، لە ریزەکانی بلاوگرانا بە کارتی سوور کرایە دەرەوە، ئەمەش کاریگەرییەکی گەورە و خراپی لەسەر تیپەکەی چاڤی دروستکرد.
 
دوای کرانە دەرەوەی بەرگریکارە ئۆرۆگواییەکە، پاریس هەلێکی زیاتری بۆ رەخسا بۆ ئەوەی ئاستێکی بەرزتر پێشکێشبکات و هەر زوو عوسمان دێمبێلی ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە.
 
لە نیوەی دووەمدا، ڤیتینیا گۆڵێک و کیلیان ئێمباپێ دوو گۆڵی تۆمارکرد، بەمەش پاریس سانجێرمان بە چوار گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک یارییەکەی بردەوە.
 
لویس ئێنریکێ و پاریس سانجێرمان، ریمۆنتادایان بەسەر بلاوگرانادا تۆمارکرد، یانە فەرەنسییەکە گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ و کاروانی بارسێلۆنا لە رکابەرییەکەدا کۆتاییهات.

 
ئامارەکانی دوای یاری
 
* پاریس سانجێرمان بۆ جاری چوارەم لە مێژوویدا گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ
 
* بارسێلۆنا لە ساڵی 2019ـەوە نەیتوانیووە بگاتە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ.
 
* بارسێلۆنا دوای 15 یاریی بەبێ دۆڕان لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا دۆڕا و ماڵئاوایی لە چامپیۆنزلیگ کرد.
 
* کیلیان ئێمباپێ 5 گۆڵی لە چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر بارسێلۆنا کردووە، بەرامبەر هیچ یانەیەکی دیکە ئەو ژمارەی گۆڵی لە چامپیۆنزلیگدا نەکردووە.

 
* تەنیا تۆماس مولەر، زیاتر لە ئێمباپێ بەرامبەر بارسێلۆنا گۆڵی کردووە، کە یاریزانە ئەڵمانییەکە 8 گۆڵی بەرامبەر ئەو یانەیە تۆمارکردووە.
 
* کیلیان ئێمباپێ لە 12 یاریی قۆناخەکانی کرانە دەرەوەی چامپیۆنزلیگدا 15 گۆڵی تۆمارکردوو و دووەم گۆڵکاری ئەم قۆناخانەیە لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان، تەنیا رۆناڵدۆ زیاتر لەو یاریزانە گۆڵی کردووە، کە لە 39 یارییدا 23 گۆڵی کردووە.

 
لە قۆناخی داهاتووی چامپیۆنزلیگدا، یانەی پاریس سانجێرمان بەرامبەر یانەی بۆرووسیا دۆرتموند یاریی دەکات، یانەکە هەلێکی گەورەی لەبەردەمە بۆ ئەوەی رکابەری لەسەر بردنەوەی یەکەم نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە