خولی نایابی کوردستان.. هەولێر، شەقڵاوە و دەربەندیخان دۆڕان

20-10-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن خولی نایابی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

لە خولی نایابی کوردستاندا، تیپەکانی میوان لە تیپەکانی خاوەن یاریگەیان بردەوە و بە 3 خاڵ گەڕانەوە شارەکانیان.
 
ئەمڕۆ لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی دووەمی خولی نایابی کوردستاندا 3 یاریی بەڕێوەچوون، کە تیایاندا یانەکانی زاخۆ، دهۆک و نەورۆز سەرکەوتنیان بەدەستهێنا.
 
لە یەکەم یارییدا شەقڵاوە میوانداری یانەی زاخۆی کرد، بەڵام نەیتوانی سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت و بە ئەنجامی 1-2 بە تیپکەی شاری پردا دەلال دۆڕا.
 
لە یاریی دووەمدا، نەورۆز بووە میوانی دەربەندیخان و لە یارییەکی بەهێزدا، تیپی میوان بە ئەنجامی 3-2 لە تیپی میوانداری بردەوە، کە یاریزانانی نەورۆز لە دەربەندیخانەوە 3 خاڵی گرنگییان بردەوە شاری سلێمانی.
 
لە پایتەختی کوردستانیش، یانەی هەولێر لەسەر یاریگەی دووی فڕانسۆ هەریری پێشوازی لە یانەی دهۆک کرد، بەڵام سەرکەوتن بەشی دهۆکییەکان بوو، کە بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە هەولێریان بردەوە و بە 3 خاڵ و دڵێکی خۆشەوە گەڕانەوە شارەکەیان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە