رووداو دیجیتاڵ
یانەی دهۆک هاوکاریی دارایی بۆ قوربانیانی لافاو کۆدەکاتەوە و چالاکییەکانیشی بۆ رێزگرتن لەو کەسانەی بوونەتە قوربانی هەڵدەوەشێنێتەوە.
دکتۆر عەبدوڵڵا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا دەڵێت "سەرەخۆشی لە هەموو زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک دەکەین و داوای سەلامەتی بۆ نەخۆش و بریندارەکان دەکەین، هەروەها داوا لە هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە بۆ چالاکییەکانی رۆژی 20-3 بۆ کردنەوەی ئاگری نەورۆز بانگهێشتکرابوون کە چالاکییەکان بۆ رێزگرتن لە قوربانییەکانی لافاو ئەنجامنادرێت."
سەرۆکی یانەی دهۆک لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا دەڵێت "داواکاریمان لە هەموو خەڵک لەسەر ئاستی دهۆک، کوردستان و دەرەوەی کوردستان هەیە، پڕۆژەیەکمان هەیە بۆ هاوکاریکردنی قوربانیانی لافاو کە زیانی گەورەیان بەرکەوتووە، لە رێگەی هەژماری بانکیی یانەی دهۆک هاوکاریی دارایی کۆدەکەینەوە و پڕۆژەکە تاوەکو رۆژی 31ـی 3 و یاریی دهۆک بەرامبەر جەوییە بەردەوامدەبێت و رایدەگەیێنین کە پارەی بلیتەکانی ئەو یارییە بۆ قوربانیانی لافاو تەرخان دەکرێن."
دکتۆر عەبدوڵڵا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێت "داوای سەلامەتی بۆ نەخۆشەکان دەکەین و سەرەخۆشی لە ماڵباتی ئەوانە دەکەین کە بوونە قوربانی و لە خوای گەورە داواکارین گەل و وڵاتەکەمان بپارێزێت."
راگەیاندنی ئەم پرۆژەیە لەلایەن یانەی دهۆکەوە لە کاتێکدایە، رۆژی سێشەممە بەهۆی لافاوەوە پارێزگای دهۆکە کەوتە بارودۆخێکی خراپەوە و بەو هۆیەوە چەند کەسێک بوونە قوربانی و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون، جگە لەوەی دەیان ماڵ بەهۆی چوونە ناوەوەی ئاو بۆ نێو ماڵەکانیان زیانی زۆریان پێگەیشت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ