یانەی دهۆک گرێبەستی یاریزانێکی هەڵوەشاندەوە و رووداو وردەکارییەکەی ئاشکرا دەکات

26-08-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی دهۆک
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی دهۆک بەشێوەیەکی فەرمی، گرێبەستی سومەر ماجد، ناوەڕاستکاری عێراقی یانەکەی هەڵوەشاندەوە و رووداو وردەکارییەکەی ئاشکرا دەکات.
 
جاسم حاجی، سکرتێری یانەی دهۆک لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئەمڕۆ سومەر ماجد پەیوەندیی پێوەکردین و داوای کۆبوونەوەی لێکردین، دوای کۆبوونەوەمان لەگەڵ یاریزانەکە و باوکی هەردوولا رێککەوتین لەسەر ئەوەی گرێبەستی نێوانمان هەڵبوەشێنینەوە."
 
ئەو بەرپرسەی یانەی دهۆک زیاتر گوتی "یاریزانەکە گوتوویەتی لەگەڵ تیپەکە ئاسوودە نییە و دەیەوێت بگەڕێتەوە سوێد، هەرچەند سەرۆکی یانەکەش لە بەغداوە لە رێگەی تەلەفۆنەوە هەوڵیداوە یاریزانەکە رازی بکات بەردەوامبێت، بەڵام بێ سوود بووە و گرێبەستی دهۆک لەگەڵ ئەو یاریزانە بە رێککەوتنی هەردوولا هەڵوەشێنرایەوە."
 
سومەر ماجد، لە هێڵی ناوەڕاست یاری دەکات، بەڕەچەڵەک عێراقییە و لە سوێد لە دایکبووە، یاریزانەکە لەسەر ئاستی سوێد یاریی بۆ یانەکانی هاگەرسبۆرگ، هۆگاناس، هیتارپ و هیلسنگبۆرگ کردووە و یەکەمجارە پەیوەندی بە یانەیەکی خولی ئەستێرەکانی عێراق بکات.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، یانەی مینای شاری بەسرە پەیوەندیی بە یاریزانەکەوە کردووە و رێککەوتن کراوە، بۆ ئەوەی لە وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا بەدرێسی یانەکەوە یاری بکات.
 
هەر بەپێی بەدواداچوونێکی رووداو، مەسعود میرال، راهێنەری نوێی یانەی دهۆک پەیوەندییەکی زۆرباشی لەگەڵ ئەو یاریزانە نەبووە و هەردوولا بەیەکەوە ئاسوودە نەبوون، بۆیەش یاریزانەکە داوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی کردووە.
 
سومەر ماجد، لە 12ـی ئەم مانگەوە پەیوەندیی بە یانەی دهۆکەوە کردووە و خۆی بۆ وەرزی نوێ ئامادەدەکات، بەڵام ئەمڕۆ بەشێوەیەکی فەرمی گرێبەستەکەی هەڵوەشێنرایەوە و یاریزانەکە پەیوەندی بە یانەی میناوە دەکات.



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە