دەستەوارەیەکی خەیاڵی و مێژوویی بۆ لامین یامال

11-07-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن لامین یامال یۆرۆی 2024
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراودا، راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی فەرەنسا دەڵێت "یانەی پاریس سانجێرمان دەیەوێت گرێبەستێکی مێژوویی لەگەڵ گەوهەرە نوێیەکەی تۆپی پێی ئەوروپا واژۆبکات."
 
یانەی پاریس سانجێرمان ماوەیەکە چاودێری تواناکانی لامین یامال، ئەستێرەی لاوی ئیسپانیا و یانەی بارسێلۆنا دەکات و دەیەوێت ئەو یاریزانە لە گواستنەوەکانی داهاتوودا بباتە خولی فەرەنسا.
 
رۆژنامەی لێ پاریسیانی فەرەنسی، هەواڵەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت "پاڵەوانی فەرەنسا ماوەیەکی زۆرە لامینی کردووەتە ئامانج، بۆ ئەوەش ئامادەکاری دەکات و دەیەوێت بە پارەیەکی زۆر ئەو یاریزانە لە بارسێلۆناوە بباتە یانەکەی."
 
بەپێی رۆژنامەکە، گرێبەستەکە مەحاڵە، بەتایبەت کە یانە کەتەلۆنییەکە ئامادەنییە گوێ لەو دەستەوارانە بگرێت کە پێشکێشی یاریزانەکە دەکرێن.
 
لێ پاریسیان ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، یانەی پاریس سانجێرمان ئامادەیە 200 ملیۆن یۆرۆ بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە خەرج بکات، کە رۆژی شەممەی داهاتوو تەمەنی دەبێتە 17 ساڵ.
 
سەرچاوەکە دەڵێت "یانە فەرەنسییەکە ئامادەیی ئەوەی تێدایە لە داهاتوودا پارەکە بۆ 300 ملیۆن یۆرۆ بەرزبکاتەوە، لەکاتێکدا یانەکە لە باڵی راست خاوەنی هەریەکە لە عوسمان دێمبێلی، راندال کولۆ موانێ، لی کانگ ئین، مارکۆ ئاسێنسیۆ و برادلی بارکۆلایە."
 
لامین یامال، لە یۆرۆی 2024 بە ئاستێکی بەرزەوە دەردەکەوێت لە یاریی قۆناخی پێشکۆتاییدا بەرامبەر هەڵبژاردەی فەرەنسا گۆڵێکی سەرنجڕاکێشی تۆمارکرد و هاوکاریی لارۆخای کرد بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە، یاریزانەکە بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی هەیەتی پێی دەگوترێت مێسی نوێ و چاوی زۆری لەسەرە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە