مێرخاس دۆسکی دەچێتە یانەیەکی گەورە و بەنێوبانگی ئەورووپا

19-12-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن مێرخاس دۆسکی ڤیکتۆریا پڵزن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی ڤیکتۆریا پڵزنی چیکی، بەتەواوی لە گواستنەوەی مێرخاس دۆسکی، ئەستێرەی کوردی هەڵبژاردەی عێراق و یانەی سلۆڤاکۆ نزیکبووەتەوە و چاوەڕواندەکرێت یانەکە لە چەند کاژێری داهاتوودا بەفەرمی گواستنەوەی یاریزانەکە رابگەیێنێت.
 
سەرچاوەیەکی نزیک لە مێرخاس دۆسکی بە رووداوی گوت "مێرخاس بەهۆی پەیوەندیکردن بە یانەکەوە بەشداری لە جامی کەنداودا ناکات و هەڵبژاردەی عێراقی بەجێهێشتووە و گەڕاوەتەوە بۆ چیک."
 
گرێبەستی یاریزانە کوردەکە لەگەڵ یانەی سلۆڤاکۆی چیکی لە هاوینی ساڵی 2025 کۆتاییدێت، ئێستا نرخی یاریزانەکە 450 هەزار یۆرۆیە و چاوەڕواندەکرێت بە هەمان نرخ پەیوەندی بە یانەی ڤیکتۆریا پڵزنەوە بکات.
 
ڤیکتۆریا پڵزن، یانەیەکی گەورە و بەنێوبانگی ئەورووپا و چیکە، یانەکە لە یۆرۆپالیگدا یاری دەکات و لە 6 گەڕدا تەنیا یەک یاریی دۆڕاندووە و ئێستا لە خولی چیکدا لە پلەی دووەمە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، مارتن شڤیدک، راهێنەری پێشووی یانەی سلۆڤاکۆ داوای لە یاریزانە کوردەکە کردووە پەیوەندی بە ڤیکتۆریا پڵزنەوە بکات و هەردووکیان لەو یانەیە جارێکی دیکە یەکدی دەگرنەوە.
 
ڤیکتۆریا پڵزن، شەش جار نازناوی خولی چیکی بردووەتەوە و 5 جار بەشداریی لە رکابەرییەکانی چامپیۆنزلیگدا کردووە و 8 جاریش بەشداریی لە یۆرۆپالیگدا کردووە، بەمەش ئەستێرە کوردەکە هەلی ئەوەی دەبێت لە خول و پاڵەوانێتییە گەورەکاندا یاری بکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە