ئەو ئەستێرە بەناوبانگانەی کچە مۆدێلەکان نەیانتوانیوە زەفەریان پێببەن

19-12-2024
ئیحسان تاهیر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

لە جیهانی تۆپی پێدا کە ناوبانگ و پارە و جوانی کۆدەبنەوە، زۆر لە یاریزانان دەکەونە ناو تەڵەی کچە مۆدێل و نماییشکاران و پەیوەندی هاوسەرگیریان بەهۆی ناپاکی یان جیابوونەوە دەڕووخێت.
 
یاریزانان هەمیشە رووبەڕووی گوشاری زۆر و حەزی هەوەسبازی بێشومار دەبن، ئەمەش وادەکات پاراستنی سەقامگیریی ژیانی خێزانی و خۆشەویستییان قورس بێت. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک ئەستێرە هەن کە بەدڵسۆزی بۆ هاوبەشەکانی ژیانیان ماونەتەوە و لەم تەڵە رزگاریان بووە و سەلماندوویانە کە خۆشەویستی راستەقینە لە هەموو حەز و هەوەسبازییەک بەهێزترە.
 
ئەم یاریزانانە لە وەفا و دڵسۆزی بۆ خێزانەکانیان نموونەن و شایەنی هەموو پێزانین و رێزگرتنێکن بۆ پابەندبوونیان بە بەها خێزانییەکانیان، سەرەڕای هەموو ئەو ناوبانگ و سەروەت و سامانەی هەیانە.
 

لیۆنێل مێسی و ئەنتۆنێلا رۆکۆزۆ
 
چیرۆکێکی خۆشەویستی منداڵی کە گۆڕا بۆ ژیانی هاوسەرییەکی خۆش و پڕ لە بەختیاری. مێسی و ئەنتۆنێلای هاوژینی لە تەمەنی تەنیا 9 ساڵییەوە پێکەوە بوون، لە شاری رۆزاریۆی ئەرجەنتین.
 
سەرەڕای ئەو ناوبانگە نێودەوڵەتییەی کە مێسی بەدەستیهێنا، بەڵام یەکەم خۆشەویستی خۆی لەبیرنەکرد، چیرۆکی خۆشەویستییان لە ساڵی 2017 بە هاوسەرگیری گەیشتە لووتکە و لە ئاهەنگێکی ئەفسانەییدا کە زۆر لە ئەستێرەکانی تۆپی پێ بەشداریان تێدا کرد، ئەوان سێ کوڕیان هەیە بەناوی تیاگۆ، ماتیۆ، سیرۆ.
 
مێسی هەمیشە لە هەڤپەیڤینەکانیدا دووپاتی دەکاتەوە کە بۆ ئەو خێزان پێش هەموو شتێکە، تەنانەت تۆپیی پێش. لیۆ بەردەوام حەزدەکات وێنەی خێزانەکەی لە سۆشیال میدیا بڵاوبکاتەوە.
 
 

هاری کەین و کیتی گودلاند
 
چیرۆکێکی دیکەی خۆشەویستی راستەقینە هی کەین و کیتییە، کە لە قوتابخانە دەستی پێکرد، لەوێ هاوپۆل بوون. کەین لە ساڵی 2019 هاوسەرگیری لەگەڵ کیتی خۆشەویستەکەی کرد، دوای پەیوەندییەکی درێژخایەن کە ساڵانێک بەردەوام بوو. ئەوان خاوەنی 3 کچن کە بریتین لە ئیڤی، ڤیڤیان و لۆتی.
 

ریبێری و وەهیبە
 
سەرەڕای ئەوەی بنەچەی جیاوازیان هەیە، بەو پێیەی فرانک ریبێری فەرەنسییە و وەهیبەی هاوژینی جەزائیرییە، بەڵام ئەوە نەبووە هۆی ئەوەی گەشەکردنی چیرۆکی خۆشەویستییان بوەستێت و لە ساڵی 2002 هاوسەرگیریان کردووە، و خاوەنی 5 منداڵن. ریبێری هەمیشە حەزدەکات رێزی خۆی نیشان بدات بۆ هاوسەرەکەی و پێزانینی بۆ رۆڵی لە ژیانیدا دەردەبڕێت.
 
 

دەیڤید بێکهام و ڤیکتۆریا بێکهام
 
ئەوان بە یەکێک لە هاوسەرە بەناوبانگەکانی جیهانی کەسایەتییە ناودارەکان دادەنرێن، کە بەدرێژایی ساڵان رووبەڕووی دەنگۆ و قەیرانی زۆر بوونەتەوە، بەڵام بێکهام و ڤیکتۆریا لە ساڵی 1999ـەوە تاوەکو ئێستا هاوسەرگیریان کردووە، و خاوەنی 4 منداڵن کە بریتین لە بروکلن، رۆمیۆ، کروز و هارپەر.
 
 

فیل فۆدن و رێبێکا کوک 
 
فۆدن لە ساڵی 2019 هاوسەرگیری لەگەڵ رێبێکای خۆشەویستەکەی کردووە، دوو منداڵیشیان هەیە کە بریتین لە یۆنی و ئیمیلیا، هەروەها ئەستێرەی مانچێستەر سیتی نوێنەرایەتی مۆدێلێک دەکات بۆ ئەو گەنجانەی کە لە تەمەنێکی بچووکدا سەقامگیری خێزانیان هەڵدەبژێرن.
 

 
لویس سوارێز و سۆفیا بالبی
 
سوارێز لە ساڵی 2009 هاوسەرگیری لەگەڵ خۆشەویستەکەی سۆفیا کردووە و سێ منداڵیان هەیە بە ناوەکانی دێلفنیا بنیامین و لاوتارۆ. سوارێز بە یەکێک لەو یاریزانانە دادەنرێت کە لای ئەو خێزانەکەی لەپێش هەموو شتێکەوەیە.
 
 

دیکلان رایس و لۆرن فریر
 
سەرەڕای تەمەنی بچووکی، رایس و دەزگیرانەکەی لۆرن لەساڵی 2022ـەوە دەستگیراندارن، و پێدەچێت بەم زووانە بەرەو ئەنجامدانی ئاهەنگی هاوسەرگیری بڕۆن.
 
 

فرێنکی دی یۆنگ و میکی کیمنی
 
دی یۆنگ، ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنا، لە تەمەنی هەرزەکارییەوە عاشقی خۆشەویستەکەی میکی بووە، لە ساڵی 2022 دەستگیرانداری خۆیان راگەیاندووە، هەمیشەش پێکەوە لە بۆنە گشتییەکاندا دەردەکەون.
 

ئیدن هازارد و ناتاشا ڤان هۆناکەر
 
هازاردی بەلجیکی لە ساڵی 2012 هاوسەرگیری لەگەڵ ناتاشا خۆشەویستەکەی کردووە و خاوەنی چوار منداڵن بە ناوەکانی جیانیس، لیۆ، سامی و ئێلی. ئەمانە دوو هاوژینی زۆر تەبان و هەرگیز کێشە لەنێوانیاندا روونادات.
 

تۆماس مولەر و لیزا مۆلەر
 
مولەر، ئەستێرەی یانەی بایرن میونشن، لە ساڵی 2009 هاوسەرگیری لەگەڵ لیزای هاوسەری کردووە، ژیانێکی ئارام دەژین دوور لە ناوبانگ، بەو پێیەی پێیان باشە دووربکەونەوە لە دەرکەوتن لە میدیاکان و سەرنجیان لەسەر ژیانی تایبەتی خۆیان بێت.
 
ئەم ئەستێرانە دەیسەلمێنن کە سەرکەوتن لە تۆپی پێدا بەمانای وازهێنان لە ژیانی کەسیی نییە و خێزان پاڵپشتی راستەقینەیانە لە هەموو بارودۆخێکدا.
 
ژیانی ئەم ئەستێرانە بەهای وەفا و دڵسۆزی لە پەیوەندییەکاندا بیرمان دەخەنەوە، هەروەها نموونەیەکی ئەرێنین بۆ گەنجان و وەرزشوانان، بۆ ئەوەی لە کاروانی وەرزشی و ژیانی خۆیاندا چاویان لێبکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە