یارییەک بۆ نەهێشتنی گومانەکان.. لیۆ بەرامبەر لیۆن

19-09-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی پاریس سانجێرمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی بۆ یەکەمجار لە سەر یاریگەی باخچەی شازادەکان لە پاریس بە درێسی پاریس سانجێرمانەوە یاری دەکات و هەوڵدەدات یارمەتی هاوڕێکانی بدات بۆ بردنەوەی یاریی لووتکە.
 
لە گەڕی 6ـی لیگ وەن و لە یاریی لووتکەدا، یانەی لیۆن دەبێتە میوانێکی رەزاگرانی پاریس سانجێرمان، کە هەموو هەوڵێکی کوڕانی پیتەر بۆش بۆ بردنەوە دەبێت لە یانەی پاریسی، ئەو یانەیەی لەم وەرزەدا لە 5 یارییدا 5 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و خاوەنی 15 خاڵە.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە لیۆن بە سەرەتایەکی خراپ ئەم وەرزەی دەستپێکرد، بەڵام لە دوایین دوو یاریی لیگ وەندا بە دوو سەرکەوتن هاوسەنگیی خۆی بەدەستهێناوەتەوە و لە یۆرۆپالیگیشدا لە گلاسکۆ رێنجەرزی سکۆتلەندی بردووەتەوە.
 
گوشاری زۆر لەسەر پاریس سانجێرمان و لیۆنێل مێسی هەن، بەهۆی ئەو یەکسانبوونەی لە چامپیۆنزلیگدا لە بەرامبەر کلەب برووجی بەلجیکی بەدەستیانهێنا، کە میدیای فەرەنسی زۆر باسی لە ئەگەری لەگەڵ یەکدی گونجانی سێیانەی مێسی، ئێمباپێ و نەیمار کرد.
 
لیۆن هەوڵدەدات بە بردنەوە لە یانە گەورەکەی ئێستای فەرەنسا، بەردەوام بێت لە گەڕانەوەکەی، پاریس سانجێرمانیش هەوڵدەدات بە بردنەوەی یاریی لووتکە ئەو پەیامە بە هەمووان بدات، کە هیچ ئەگەرێک نییە بۆ ئەوەی سێیانەکەی لەگەڵ یەکدی نەگونجێن، ئەگەرچی هێشتا دیارنییە کیلیان ئێمباپێ لەم یارییەدا بەشداری دەکات یان نا، کە لە چامپیۆنزلیگدا تووشی پێکان بوو.
 
گرنگترین یارییەکانی ئەمڕۆ:
 
تروا - مۆنپێلێ 16:00
ئانژێ - نانت 16:00
مارسیلیا - رێن 18:00
پاریس سانجێرمان - لیۆن 21:45

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە