فڕی.. درێسە مێژووییەکەی مێسی بە 10 ملیۆن دۆلار دەفرۆشرێت

14-12-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

درێسێکی لیۆنێل مێسی، ئەستێرە و کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین کە یاریی مۆندیالی 2022ـی پێوە ئەنجامداوە چاوەڕواندەکرێت ریکۆردێکی مێژوویی تۆماربکات و لە زیادکردنێکی ئاشکرادا بفرۆشرێت.
 
رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی دەڵێت "ئەمڕۆ لە نیویۆرک ئەو درێسەی لیۆنێل مێسی، یاریی کۆتایی مۆندیالی بەرامبەر هەڵبژاردەی فەرەنسا پێ ئەنجامدا لەگەڵ 5 درێسی دیکەی لە زیادکردنێکی ئاشکرادا دەفرۆشرێن و پێشبینی دەکرێت درێسی یاریی کۆتایی مێژوو تۆماربکات و بەرامبەر 10.1 ملیۆن دۆلار بفرۆشرێت."
 
درێسی لیۆ تاوەکو کاژێر 15:00ـی رۆژی چوارشەممە 6.5 ملیۆن دۆلاری پێدرابوو، 26 کاژێر ماوە تاوەکو کاتی زیادکردنە تەواوببێت و نرخی کۆتایی درێسەکەی لیۆ دەربکەوێت.
 
بەپێی راپۆرتەکەی گاردیان ئەگەر درێسەکەی مێسی بە 10.1 ملیۆن دۆلار بفرۆشرێت، ژمارەیەکی پێوانەیی لە فرۆشتنی کەلوپەلە وەرزشییەکاندا تۆمار دەکات، لەکاتێکدا پێشتر درێسێکی مایکل جۆردان، ئەستێرەی باسکەی ئەمریکا کە ساڵی 1998 یاریی پێکردبوو بەرامبەر 10.091 فرۆشراوە و تاوەکو ئێستا ریکۆردی گرانترین کەلوپەلی وەرزشی بەناوی ئەوەوەیە.
 
جگە لەوەش درێسی دیێگۆ ئەرماندۆ مارادۆنا لە مۆندیالی 1986 کە بەرامبەر ئینگلتەرا یاریی پێکرد و بەدەست گۆڵی تۆمارکرد، بەرامبەر 7.142.500 ملیۆن دۆلار فرۆشراوە و مێسی ئەو ریکۆردەش دەشکێنێت.
 
6 درێسەکەی مێسی کە دەخرێنە زیادکردنێکی ئاشکراوە، 2 درێسیان لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا یاریی پێکردووە، 4 درێسەکەی دیکەش لە قۆناخەکانی 16، هەشت، پێشکۆتایی و یاریی کۆتایی یاریی پێکردوون.
 
مێسی بەو درێسەوە مۆندیالی بەدەستهێنا، ئەرجەنتینی کردە پاڵەوانی جیهان لەبەرئەوە خواستێکی زۆر لەسەر ئەو درێسەیە کە یاریزانەکە لە یاریی کۆتایی مۆندیالدا پێی دەرکەوت.
 
لەو کەتەلۆگەی لەگەڵ درێسەکاندا، مێسی تێیدا دەڵێت "سەرسوڕهێنەربوو ئەو رۆژەی مۆندیالمان بردەوە، ئەو رۆژە هەموو شتێکی لە ژیانی مندا گۆڕی و دواجار ئەو شتەمان دەستکەوت کە خەونمان پێیەوە دەبینی، ئەو شتەی ماوەیەکی زۆربوو لە ژیانی پیشەیی خۆمدا کارم لەپێناویدا دەکرد، دواجار لە کۆتاییدا هات."
 
هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، هەموو ئەو درێسانەی دەفرۆشراون، مێسی لە نیوەی یەکەمی یارییەکاندا یاریی پێکردوون، بەشێکی پارەی فرۆشتنی درێسەکانیش کە بڕەکەی ئاشکرا نەکراوە دەدرێتە پڕۆژەی یونیکاس کە بۆ منداڵانی نەخۆش دابیندەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە