رووداو دیجیتاڵ
ریال مەدرید لە یەکەم یاری وەرزی نوێدا کەوتە داوی یەکسانبوون و یانە مەدریدییەکە بۆ جاری شەشەم لە سەدەی 21دا لە یەکەم یاری وەرزدا سەرکەوتوو نەبوو.
یانەی ریال مەدرید، لە دەرەوەی یاریگای خۆی رووبەڕووی یانەی ریال مایۆرکا بووەوە، یانە مەدریدییەکە توانی لە خولەکی 13 گۆڵی یەکەم لە رێگەی رۆدریگۆوە تۆمار بکات، هێرشەکانی ریال مەدرید بەردەوام بوون تاوەکو کۆتایی نیوەی یەکەم، بەڵام ئەنجامیان نەبوو و گۆڵی زیاتریان نەکرد، لەگەڵ دەستپێکی نیوە دووەمدا یانەی مایۆرکا هێرشەکانی خۆی چڕکردەوە و چەند جارێک نزیک بوو لەوەی گۆڵی یەکسانبوون تۆمار بکات، هێرشەکانی مایۆرکا ئەنجامیان هەبوو و لە خولەکی 53دا ڤیدات موریکی بە لێدانێکی سەر گۆڵی یەکسانبوونی تۆمار کرد.
هێرشەکانی هەردوولا بەردەوامبوون تاوەکو کۆتایی، بەڵام هیچ کام لەو دوو یانەیە نەیانتوانی گۆڵی دیکە بکەن، فێرلاان مێندی، بەرگریکاری ریال مەدرید لە خولەکی 97 بە کارتی سوور کرایە دەرەوە.
ئەم یەکسانبوونەی ریال مەدرید کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە، رۆژنامەی مارکا نووسیوویەتی "ڤینیسیۆس بە تەنیا جەنگی دەکرد و دۆڕا" لە لایەکی دیکەشەوە کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری یانەی ریال مەدرید رایگەیاند "وا دەردەکەوین کە تیپێکی هێرشبەرین، بەڵام نابێت بەرگریمان لەبیر نەبێت"
موریکی هێرشبەری یانەی مایۆرکا دوای یارییەکە گوتی "شتێکی نایابە وەرزەکە بە بەدەستهێنانی خاڵێک لە باشترین تیپی جیهان دەستپێبکەیت "
زیاد دەکات و دەڵێت " ریال مەدرید یانەیەکی ناوازەیە، هیوای باشترینیان بۆ دەخوازم، لەسەر تەلەفزیۆن سەیریانم دەکرد، ئێستاش توانیم گۆڵیان لێ تۆماربکەم، لە رێز زیاتر هیچم نییە بۆیان"
لە لایەکی دیکەشەوە، میدیاکان گفتوگۆیەکی ئێمباپێ، ڤینیسۆس و بێلینگهامیان دزەپێکرد
ئێمباپێ بۆ ڤینیسیۆس: " کاتێک شوێنمان دەگۆڕین وابزانم چاوەڕێمان ناکەن لەوێ، پێموایە دەتوانیت بە خێرایی بەو ئاراستەیە بڕۆیت"
بێلینگهام: "پێویستە هەوڵبدەن هێرشەکان یەکلاییبکەنەوە کاتێک دەجوڵێین"
ئێمباپێ: "منیش ئەوە دەڵێم"
بەشێک لە بڕیارەکانی ناوبژیوانی یارییەکەی ریال مەدرید و ریال مایۆرکا جێگای مشتومڕ بوون و رەخنەی زۆریان لێگیرا، ئەمڕۆ رۆژنامەی ئەی ئێس رایگەیاند "یانەی ریال مەدرید راپۆرتێکی ئاگرینی ئامادەکردووە سەبارەت بە هەڵەکانی ناوبژیوانی یارییەکەی دوێنێ شەو و پێشکێشی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا و دەستەی بەڕێوەبردنی لالیگای دەکەن بۆ بەدواداچوونی بڕیارەکانی ناوبژیوانی یارییەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ