سەرۆکی یوفا رۆیشتنی مێسی و رۆناڵدۆ بە مەترسیدار نازانێت

19-06-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئەلیکساندەر چێفێرین لیۆنێل مێسی کریستیانۆ رۆناڵد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

 

ئەلێکساندەر چێفێرین، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا، رەتیدەکاتەوە کۆچی یاریزانان بۆ خولی سعودیە کاریگەری بەسەر ئاستی تۆپی پێی ئەوروپا هەبێت و دەڵێت "نابێت ئەوروپاوە لە کۆچی یاریزانان بۆ سعودیە بترسێت". دەشڵێت "مێسی، رۆناڵدۆ و بنزیمامان لەدەستنەداون".
 
ئەلێکساندەر چێفێرین، سەرۆکی یوفا، لە لێدوانێکی نوێیدا، رۆیشتنی یاریزانان بۆ سعودیەی بە مەترسی بۆ سەر تۆپی پێی ئەوروپا نازانێت و دەڵێت "نابێت ئەوروپا لە کۆچی یاریزانان بۆ سعودیە بترسێت، پێموایە ئەمە تەنیا هەڵەیەکی تۆپی پێی سعودییە. هەڵەیەکی هاوشێوەی چینییەکانە کاتێک هەموو ئەو یاریزانانەی تۆپی پێیان بردە خولەکەیان، کە لە کۆتایی کاروانی وەرزشییاندا بوون". 
 
ئەو هەروەها دەڵێت "ناوی یەک لە باشترین یاریزانەکانم پێبڵێ کە کاروانی وەرزشیی خۆی بە چوونە سعودیە دەستیپێکرد بێت. ئەمە کێشەیە بۆ ئەوان؟ چونکە دەبێت وەبەرهێنان لە ئەکادیمیاکان بکەن، دەبێت راهێنەر بهێنن و دەبێت پەرە بە یاریزانەکانیان بدەن. سیستمی کڕینی ئەو یاریزانانەی کە نزیکن لە کۆتاییهێنان بە کاروانی وەرزشییان، ئەو سیستمە نییە کە پەرە بە تۆپی پێ دەدات".
 
کاتێک لێیان پرسی ئایا لە کۆچکردنی یاریزانان ناترسی؟ کە مێسیمان لەدەستدا، کریستیانۆ رۆناڵدۆمان لەدەستدا. کەریم بنزیمامان لەدەستدا؟ ئەو لە وەڵامدا گوتی "نەخێر، ئێمە ئەوانمان لەدەست نەداون. ئەوان هێشتا یاری تۆپی پێ دەکەن. بەڵام لە کۆتایی ژیانی پیشەگەری خۆیاندان. لە کۆتایی ژیانی پیشەگەری خۆیاندا هەندێک یاریزان دەچنە شوێنێک بۆ ئەوەی بڕێک پارە پەیدا بکەن. بەڵام ئەوە تەنیا پەیوەندی بە پارەوە نییە، یاریزانەکان دەیانەوێت خولە گەورەکان بەدەستبهێنن".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە