بڕیارەکەی لالیگا، کەتەلۆنیای تووڕە کردووە

19-04-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن لالیگا لالیگا، ریال مەدرید، بارسێلۆنا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

میدیاکانی کەتەلۆنیا هێرشی تووندیان بۆ سەر دەستەی لالیگا و ریال مەدرید دەستپێکرد. لالیگا بەخاترگرتنی ریال مەدرید تۆمەتباردەکەن، پاشئەوەی داواکاریی ریال مەدریدی پەسندکرد بۆ پێشخستنی یاریی یانەکە بەرامبەر ریال سۆسیێداد.
 
بڕیاربوو رۆژی شەممە، 4/27 ریال سۆسیێداد، میوانداریی ریال مەدرید بکات، بەڵام لەسەر داوای یانەی شاهانە، یارییەکە پێشخرا بۆ ئێوارەی هەینی، چونکە ریال مەدرید دەیەوێت کاتی زیاتری لەبەردەستدابێت بۆ ئامادەکاریی بۆ رووبەڕووبوونەوەی بایرن میونشن، لە رۆژی 4/30 لە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ.
 
میدیاکان دەڵێن، ئەوەی کراوە بێسەروبەرییەکی بێوێنەیە.
 
میدیای کەتەلۆنیا نوسیویانە، گۆڕینی کاتی یارییەکە، وایکردووە پشێوی و بێسەروبەرەیی گەورە سەرهەڵبدات، بەشێوەیەکی گشتی کاریگەریی لەسەر شەش یاریی دیکەی لالیگا دروستکردووە، ئەمە لایەنگیریی لالیگایە بۆ ریال مەدرید.
 
بەپێی ئەو سەرچاوانە، ریال سۆسیێداد سەرجەم بلیتەکانی یارییەکەی کە بڕیاربوو رۆژی شەممە بەڕێوەبچێت فرۆشتووە، بەڵام پێشخستنی کاتی یارییەکە، وا دەکات زۆر کڕیاری بلیتەکان نەتوانن ئامادەی یارییەکە ببن، چونکە رۆژی هەینی کە یارییەکەی تێدا ئەنجامدەدرێت، رۆژی کارە و خەڵک ناتوانن بچن بۆ بینینی یارییەکە.
 
ئەو سەرچاوانە زیاتر دەڵێن، هاندەرانی سۆسیێداد زۆر تووڕەن، بەتایبەت کە ئەو یانەیە پێشتر هەمان داوای لە لالیگا کردبوو کاتێک بڕیاربوو لە قۆناخی یەکەمی چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر ئینتەرمیلانی ئیتاڵی یاریی بکات، بەڵام ئەوکات داواکەی یانەکە رەتکرابووەوە.
 
رۆژنامە کەتەلۆنییەکان زیاتر گوتویانە، "بارسێلۆناش زیانمەندە لەو بڕیارە، چونکە بڕیاربوو رۆژی 4/27 بەرامبەر ڤالێنسیا یاریی بکات، بەڵام ئەو یارییە بۆ رۆژی 29ی هەمان مانگ دواخراوە، لە کاتێکدا ڤالێنسیاش سەرجەم بلیتەکانی یارییەکەی فرۆشتووە.
 
ئەو سەرچاوانە دەپرسن، "چارەنووسی ئەو هاندەرانە چیدەبێت کە ناتوانن بەهۆی کارەوە بچن یارییەکە ببینن؟ لە کاتێکدا بلیتەکانیان کڕیوە؟".
 
هێرشی میدیاکان بۆ سەر ریال مەدرید زۆرتربووە کاتێک گوتویانە، "دەستەی لالیگا هیچ روونکردنەوەی نەداوە لەبارەی پارەی ئەو هاندەرانەی بلیتەکانیان هەیە و ناتوانن بچن بۆ یارییەکە، ئەمە پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی ئەو یانەیەیە کە فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکێتی، بەسەر هەموو هاندەرانی تۆپی پێدا لە ئیسپانیا".
 
ئەم رووداوانە پێشبینیکراوە کەمێکی دیکە لەکەشی هەڵچووی نێوان ریال مەدرید و بارسێلۆنا بەرەو گرژیی زیاتر ببەن، بەتایبەت کە هەردوو یانە لە کلاسیکۆی رۆژی یەکشەممەدا لەسەر سانتیاگۆ بیرنابیۆ بەیەکدەگەن و یارییەکە بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی نازناوی لالیگا، زۆر گرنگە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە