ڤینیسیۆس جونیۆر بووە باشترین یاریزانی جیهان و زە بێستی بردەوە

18-12-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ڤینیسیۆس جونیۆر خەڵاتی زە بێست
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

چاوەڕوانییەکان کۆتاییان هات و لە کۆتاییدا ڤینیسیۆس جۆنیۆر، لەلایەن جیهانەوە پاداشتی وەرزێکی ناوازەی لە داهێنا و دەستکەوت، درەوشانەوە و گۆڵکردن درایەوە و بۆ یەکەمجار لە ژیانیدا خەڵاتی زە بێستی فیفای بۆ باشترین یاریزانی ساڵ وەرگرت.
 
ڤینی بەدڵخۆشیی و گەشانەوەیەکی گەورەوە لەسەر ستەیجی ئەو رێوڕەسمە دەرکەوت کە فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بۆ باشترینەکانی ساڵ رێکی خست.
 
ئەستێرەکەی ریال مەدرید، کە چەند هەفتەیەک لەمەوپێش لەلایەن سەرپەرشتیارانی باڵۆندۆرەوە شۆککرا، کاتێک وەک براوەی خەڵاتەکە ناوی ئاشکرا نەکرا و رۆدری ئەستێرەی مانچێستەر سیتی نازناوەکەی بردەوە، بەدڵخۆشییەوە باسی لە هەستەکانی خۆی کرد.
 
ڤینیسیۆس جۆنیۆر براوەی خەڵاتی زە بێست دوای بردنەوەی خەڵاتە بە ئامادەبووان و هەموو جیهانی گوت "راشکاوانە بڵێم هەست بەدڵخۆشییەکی زۆر دەکەم. ئەمە خەونێکە و بەدیهات. من لە شوێنێکی زۆر هەژاری بەرازیلەوە هاتووم، لەبەرئەوە ئەگەری گەیشتنم بەم جێگایە و بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتە، ئەگەرێکی زۆر لاوازبوو، بەڵام مەحاڵ نەبوو. من ئەمڕۆ لێرەم لەپێناو هەموو ئەو منداڵانەی خەونی گەورە دەبینن. دەکرێ بەوان بڵێم دەتوانن بەخەونەکانتان بگەن. من بەردەوام دەبم لە جەنگان لەپێناو زۆرکەسی وەک ئێمە تاوەکو بتوانن کاری گەورە لە تۆپی پێدا ئەنجام بدەن".
 
جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا، ناوی براوەی خەڵاتی باشترین کچە یاریزانی ساڵیشی راگەیاند کە خەڵاتەکە درایە ئایتان بۆنماتی، ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی ئیسپانیا.
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری ریال مەدرید دووەم خەڵاتی گەورەی لە پاداشتی دەستکەوتەکانی وەرزی رابردووی لەگەڵ ئەو یانەیە بەدەستهێنا. ئەنچیلۆتی وەک باشترین راهێنەری ساڵ دەستنیشانکرا. راهێنەری ریال مەدرید بۆنەکەی قۆستەوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە دووپات لە ویستی یانەکەی بۆ بەدەستهێنانەوەی نازناوەکان و پلانەکانی داهاتوو بکاتەوە.
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید لەبارەی بەدەستهێنانی ئەو خەڵاتە گوتی "دەمەوێت لە کارکردنی لێبڕاوانە بەردەوام بم، هەروەها جەنگان و رکابەری لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان. ئامانجمان لە ریال مەدرید روونە، ئەویش رکابەریی و جەنگانە لەسەر نازناوەکان و هەوڵدان بۆ بردنەوەیان".
 
لەسەر ئاستی خانمان، باشترین راهێنەر ئیما هایسی خانمە راهێنەری پێشووی یانەی چێڵسی ئینگلیزی بوو پاش پێشەوایەتیکردنی ئافرەتانی بلووز بۆ بەدەستهێنانی پێنجەم نازناوی خولی ئینگلتەرا. هایس هاوینی رابردوو پێشەوایەتیی هەڵبژاردەی ئەمریکای کرد بۆ بەدەستهێنانی میدالیای زێڕی ئۆڵیمپیادی پاریس.
 
ئەلیخاندرۆ گارناچۆی ئەستێرەی یانەی مانچێستەر یونایتد، خەڵاتی پوشکاشی بۆ جوانترین گۆڵی ساڵ بەدەستهێنا، بەهۆی ئەو گۆڵە ناوازەیەوە کە وەرزی رابردوو لە پرێمەرلیگ لە یانەی ئیڤێرتنی تۆمارکرد.
 
گارناچۆ باسی شانازیی گەورەی خۆی بەخەڵاتەکە کرد. گوتی تاوەکو لە ژیاندابم ئەو گۆڵەم لە یاد دەمێنێتەوە.
 
ئەلیخاندرۆ گارناچۆ براوەی خەڵاتی پوشکاش دەڵێت "زۆر شانازم بەم خەڵاتە، ئەمە ساتی شانازییە بۆ من و خێزانەکەم. سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی دەنگیان پێدام، بەتایبەت هاندەرانی مانچێستەر یونایتد. بەڕاستی گۆڵێكی نایاب بوو، هەموو کات لەبیرمدا دەمێنێتەوە، دەبێ ئەوە بڵێم کە من لەگەڵ تیپەکەم ساتی زۆر ناوازەم هەبوو".
 
هەرچی خەڵاتی جوانترین گۆڵی ئافرەتانە، بەخشرایە مارتای ئەستێرەی تۆپی پێی ئافرەتانی بەرازیل، بەهۆی ئەو گۆڵەوە کە لە یارییەکی دۆستانەدا لە هەڵبژاردەی جامایکای تۆمارکرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە