ئەمشەو هالاند دەتوانێت ژمارەیەکی رۆناڵدۆ بشکێنێت

دوێنێ کاژێر 04:21
دیاری حەسەن
نیشانەکردن ئێرلینگ هالاند
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ

ئێرلینگ هالاندی هێرشبەری یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، تەنیا گۆڵێک دوورە لەوەی ژمارەیەکی پێوانەیی مێژوویی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بشکێنێت.
 
ئەمشەو یانەی مانچێستەر سیتی لە یاریگەی ئیتیحاد، رووبەڕووی یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵی دەبێتەوە و چاوەکان هەمووی لەسەر هێرشبەرە نەرویجییەکەی سیتیزن دەبن.
 
ئێرلینگ هالاند لەم وەرزەدا لە چوار یاریی سەرەتای پرێمەرلیگ، نۆ گۆڵی تۆمارکردووە و بەو ئاستە ناوازەیە هەمووانی سەرسامکردووە، پێشبینی دەکرێت ئەو یاریزانە درێژە بە ئاستە نایابەکەی بدات، کاتێک ئەمشەو یەکەم یاری خۆی لە چامپیۆنزلیگی ئەم وەرزە ئەنجام دەدات و رووبەڕووی ئینتەر میلان دەبێتەوە.
 
هێرشبەرە لاوەکەی مانچێستەر سیتی لە بەردەم هەلێکی مێژووییە بۆ شکاندنی ژمارەیەکی پێوانەیی مێژوویی کریستیانۆ رۆناڵدۆ.
 
رۆناڵدۆ خێراترین یاریزانە لە مێژوودا گەیشتبێت بە 100 گۆڵ لەگەڵ یەک یانە، ئەو هێرشبەرە پۆرتوگالییە لە 105 یاریی سەرەتایدا لەگەڵ یانەی ریال مەدرید توانی 100 گۆڵ تۆماربکات.
 
ئێرلینگ هالاند، نزیکە لەوەی ئەو ژمارەیەی دۆن بشکێنێت. ئەو یاریزانە لە 103 یاریدا لەگەڵ یانەی مانچێستەر سیتی، 99 گۆڵی تۆمارکردووە، بەتۆمارکردنی گۆڵێک لە تۆڕی یانەی ئینتەر میلان، ژمارە پێوانەییەکەی رۆناڵدۆ دەشکێنێت و خۆی دەبێتە خاوەنی ئەو ژمارەیە.
 
مانچێستەر سیتی و ئینتەرمیلان ئەمشەو کاژێر 22:00 رووبەڕووی یەکدەبنەوە، دوایین جار ئەو دوو یانەیە رووبەڕووی یەکبوونەوە لە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگی 2023 بوو کە مانچێستەر سیتی بەگۆڵێکی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بۆ یەکەمجاریش لە مێژووی خۆیدا، نازناوی چامپیۆنزلیگی بردەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە