رووداو هەولێر
لە دەستپێکی یارییەکانی قۆناخی سێیەمی چوارگۆشەی زێڕینی خولی نایابی بالەی عێراق، یانەکانی هەولێر و غازی جنووب بردنەوەیان تۆمارکرد.
ئەمساڵ فیدراسیۆنی بالەی عێراق. یارییەکانی چوارگۆشەی زێڕینی خولی نایاب بە بەشداری 4 یانە کە بریتین لە یانەکانی هەولێر، پێشمەرگەی سلێمانی، شورتە لەگەڵ غازی جنووب بەڕێوەدەبات.
یانەی هەولێر لە دەستپێکی ئەم قۆناخەدا لەنێو هۆڵی ئەکاد عەنکاوە لە شاری هەولێر میوانداری یانەی پێشمەرگەی سلێمانی کرد، ئەم یارییە بە بۆچوونی شارەزایانی فیدراسیۆنی بالەی عێراق بە بەهێزترین یاری وەرزی ئەمساڵ هەژمارکرا، بەهۆی ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری هاندەران و ململانێی بەردەوامی هەردوو تیپ.
سەرەتا پێشمەرگەی سلێمانی باڵا دەستی خۆی پیشاندا، بەڵام کوڕانی هەولێر لە گێمەکانی کۆتایی هاتنەوە نێو کەشی یارییەکە و بە سێ گێم بەرامبەر بە دوو گێم یارییەکەیان لە بەرژەوەندی خۆیان تەواوکرد.
رەوەند ستار، یاریزانی یانەی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "ئەم سەرکەوتنە بۆ ئێمە زۆر گرینگ بوو بۆ ئەوەی بتوانین بێینەوە نێو رکابەری پلەکانی پێشەوەی ریزبەندیی خولی نایابی عێراق".
دواتر یانەی غازی جنووب و یانەی شورتە یارییان کرد، یانەی غازی جنووب دوای کێبرکێیەکی بەهێز یارییەکەی لە بەرژەوەندی خۆی بە ئەنجامی سێ گێم بەرامبەر بە دوو گێم تەواوکرد.
ئەمیر غەفوور، یاریزانی هەڵبژاردەی بالەی یەکەمی ئێران. کە درێسی یانەی غازی جنووبی لە خولی عێراق پۆشیووە، بۆ رووداوی روونکردەوە "خۆشحاڵم کە هاتووم بۆ یاریکردن لە عێراق، ئەوەی لەم خولەدا خاڵێکی نەرێنیە خراپی هۆڵەکان و شوێنی بەڕێوەچوونی یارییەکانە، هەروەها رووناککەرەوەش واتا لایتەکان باش نین و لەسەر ستانداردی جیهانی نین".
ئەمڕۆ لە یارییەکانی گەڕی دووەمی قۆناخی سێیەمی چوارگۆشەی زێڕینی خولی نایابی بالەی عێراق، یانەی هەولێر یاری لەگەڵ یانەی شورتە دەکات و یانەی پێشمەرگەی سلێمانیش لەگەڵ غازی جنووب یاریدەکات.
یارییەکانی خولی نایابی عێراق بەشێوەیەکی راستەوخۆ بە کۆمێنتاری کوردی و عەرەبی لە پەیجی رووداو سپۆرتس رووماڵ دەکرێن و یارییەکان پەخش دەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ