بەپێی ئامارێکی نوێ.. مێسی لە رکابەرییە مێژووییەکەدا لە رۆناڵدۆ باشتر بووە

18-02-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ئامارێکی نوێ دەریخستووە کە لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی، کاپتنی یانەی ئینتەرمەیامیی ئەمریکی لە کێبرکێیەکی تایبەتدا لە رکابەرە پۆرتوگالییەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی یانەی نەسڕی سعودی باشتر بووە.
 
ماوەی ساڵانی 2007 تاوەکو 2023 یەکێک لە بەهێزترین رکابەرییە مێژووییەکانی نێوان دوو یاریزانە گەورەکەی مێژووی تۆپی پێی بەخۆیەوە بینیوە، کە رۆناڵدۆ و مێسی لەسەر ئاستی نازناوی بەکۆمەڵ و تاکەکەسی گەورەترین رکابەرییان کردووە.
 
مێسی لە ماوەی 8 ساڵدا سەرکەوتوو بوو لە بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆر وەک باشترین یاریزانی جیهان، بە بەراورد بە 5 باڵۆن دۆر بۆ رۆناڵدۆ، ئەمە جگە لەوەی چەندین ململانێی دیکەی پەیوەست بە تۆمارکردنی ژمارەی پێوانەیی و نازناوی کۆمەڵەکان لەگەڵ یانەکان و هەڵبژاردەکانیان.
 
مێسی لە ململانێیەکی نوێدا شکستی بە رۆناڵدۆ هێنا
 
تۆڕی ئاماری تۆپی پێی PopFoot راپۆرتێکی لەسەر ئەو یاریزانانە ئامادە کردووە کە لە ماوەی زۆرترین ساڵدا لە خولە گەورەکانی ئەوروپا لە سەدەی بیست و یەکەمدا، 50 گۆڵ و زیاتریان تۆمارکردووە.
 
بەپێی ئەو ئامارە، مێسی 9 جار پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە، و لە ساڵانی 2010 و 2011 و 2012 و 2014 و 2015 و 2016 و 2017 و 2018 و 2019 ئەم کارەی ئەنجامداوە.
 
لە کاتێکدا کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە ماوەی ساڵی 2011 تاوەکو 2017 بۆ 7 جار لەسەریەک پلەی دووەمی بەدەستهێناوە.
 
سەبارەت بە پلەی سێیەمیش، بەر کیلیان ئێمباپێی فەرەنسی، گۆڵکاری یانەی پاریس سانجێرمان و رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی پۆڵەندی، ئەستێرەی ئێستای بارسێلۆنا و پێشووی بایرن میونشنی ئەڵمانی کەوتووە، چونکە ئەو دووانە هەریەکەیان 3 جار توانیویانە 50 گۆڵ و زیاتر لە ساڵێکدا تۆمار بکەن.
 
لیڤاندۆڤسکی لە ساڵانی 2017 و 2019 و 2021 ئەم کارەی کردووە، و ئێمباپێش لە سێ ساڵی رابردوودا سەرکەوتوو بووە لە ئەنجامدانی ئەو کارە، واتا لە ساڵانی 2021 و 2022 و 2023.
 
هاری کەینی ئەستێرەی ئینگلیز کە ئێستا بۆ یانەی بایرن میونشن یاری دەکات و پێشتر ئەستێرەی یانەی تۆتێنهام بوو، بە یەکسانی لەگەڵ زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچی سوێدی، ئەفسانەی پێشووی یانەکانی میلانی ئیتاڵی و پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، هەریەکێکیان دوو ساڵ ئەو کارەیان کردووە.
 
هاری کەین لە ماوەی ساڵانی 2017 و 2023 ئەم کارەی ئەنجامداوە، زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ لە ساڵانی 2012 و 2016ـدا زیاتر لە 50 گۆڵی تۆمارکردووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە