نیگایەکی بەر لەدوو ساڵ خەریکە مێسی تووشی کێشەی خێزانی دەکات

دوێنێ کاژێر 12:56
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی سۆفی مارتینێز
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

لە ئەرجەنتین ڤیدیۆیەکی بەر لە دوو ساڵ لە سۆشیال میدیاکاندا گەرم دەکرێتەوە، کە تێیدا لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی لە کاتی قسەکردن بۆ خانمە پێشکەشکارێک، بە نیگایەکی پڕ لە سۆز و خەندەوە سەیری خانمەکە دەکات.
 
لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی، کاپتنی  یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی، ساڵانێکە لە دۆخێکی سەقامگیری خێزانی و سۆزداریدا دەژی، بەهۆی ئەوەی پەیوەندییەکەی لەگەڵ ئەنتۆنێلای هاوژینی و خێزانەکەی زۆر باشە و هەمیشە لە بۆنەکاندا لەگەڵ یەکدی دەردەکەون و لیۆ زۆرجار رایگەیاندووە، کە خێزانەکەی لەپێش هەموو شتێکە.
 
مێسی تەمەن 37 ساڵ، لە هاوینی 2023ـەوە لەگەڵ یانەی ئینتەرمەیامی یاری دەکات، دوای ئەوەی لە یاریگاکانی ئەورووپادا بۆ یانەکانی بارسێلۆنای ئیسپانی و پاریس سانجێرمانی فەرەنسی یاری کرد و چەندین نازناوی لەگەڵیاندا بردەوە.
 
لەم چەند کاژێرەی دواییدا مشتومڕێکی بەرفراوان لەسەر ژیانی سۆزداریی مێسی دروستبوو، بەهۆی هەڤپەیڤینیکی تەلەڤزیۆنی کە ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە بەر لە دوو ساڵ لە کاتی مۆندیالی 2022 لەگەڵ خانمە پێشکەشکارێکی جوان ئەنجامیدا.
 
لیۆ مێسی هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ سۆفی مارتینێز، پەیامنێری ئەرجەنتینی ئەنجامدا، ئەو دووانە لەو هەڤپەیڤینەدا نیگاکانیان ئاڵوگۆڕ کرد، بەڵام هەندێک لە پەیجەکان ئەو بابەتەیان نوێکردەوە و جارێکی دیکە دیمەنەکانیان لە سۆشیال میدیا بڵاوکردەوە، بەشێوەیەک کە پرسیاری لەسەر بوونی پەیوەندی سۆزداری لەنێوانیاندا دروستکرد و نیگاکانی لیۆ وەک نیگای سۆزداری لێکدرانەوە، ئەمە سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو ساڵ بەسەر هەڤپەیڤینەکەدا.
 
میدیا ئەرجەنتین باس لەوە دەکەن کە لەگەڵ تەشەنەکردنی مشتومڕەکان لە سۆشیال میدیا، لیۆنێل مێسی تووشی شەرمەزارییەکی گەورە بووە لەبەردەم هاوژینەکەی و کوڕەکانی و خێزانەکەی.
 
بەڵام خانمە پێشکەشکار سۆفی مارتینێز، بۆ هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ئەم مشتومڕە لێدوانی دا و جەختی لەوە کردەوە کە هەموو ئەو شتانەی لەو بارەیەوە دەگوترێن، بەتەواوی دوورن لە راستییەوە.
 
سۆفی لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا ئاماژەی بەوەشکردووە "کاتێک ناوبانگت زیاد دەکات خێزانەکەشت ئازار دەچێژێت و هەندێکیش بەشێوەیەکی بێ مانا و گاڵتەجاڕانە شتەکان لێکدەدەنەوە". ئەم قسانەی وەک ئاماژەیەک بوون بۆ نیگا بەناوبانگەکەی بۆ مێسی.
 
لە کۆتایی قسەکانیدا، سۆفی گوتی "من بەدواداچوونم بۆ ئەو قسانەی هەندێک کەس کرد سەبارەت بە هەڤپەیڤینەکەم لەگەڵ مێسی، و باوەڕم وایە ئەو رەخنانەی کە تووشی بووم تەنیا لەبەرئەوەیە کە من ئافرەتم، ئەگەر هەمان دۆخ لەگەڵ پەیامنێرێکی پیاودا روویدابا، ئەو بابەتە رووی نەدەدا و مشتومڕی لەسەر دروست نەدەبوو".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە