عومەر ناچێتە لای سەڵاح

دوێنێ کاژێر 02:55
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن عومەر مەرمووش محەممەد سەڵاح
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

عومەر مەرمووش، ئەستێرەی میسری، و یاریزانی یانەی ئێنتراخت فرانکفورتی ئەڵمانی، یانەی لیڤەرپوولی تووشی شۆک کرد، کە هەوڵی گواستنەوەی دەدات.
 
عومەر مەرمووش، کە تاوەکو مانگی حوزەیرانی 2027 گرێبەستی لەگەڵ یانەی فرانکفورت هەیە، سەرنجی چەند یانەیەکی گەورەی ئەورووپای بۆ لای خۆی راکێشاوە، بەڵام پێدەچێت یانە ئەڵمانییەکە کراوەبێت بۆ دەستبەرداربوون لە یاریزانەکە ئەگەر دەستەوارەیەکی دارایی گونجاو پێشکەشی بکرێت.
 
شۆک بۆ لیڤەرپوول
 
لیڤەرپوول هەوڵی دەدا ئەو یاریزانە لە ماوەی گواستنەوەی ئێستای مانگی یەکدا، یان هاوینی داهاتوو بگوازێتەوە، بەڵام وەڵامێکی شۆکهێنەری لە ئەستێرە میسرییەکە وەرگرت.
 
هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە مانچێستەر سیتی یەکەم دەستەوارەی فەرمی بۆ گواستنەوەی عومەر مەرمووش پێشکەشی یانەی ئینتراخت فرانکفورت کردووە.
 
بەپێی میدیای بەریتانیا، بەرپرسانی یانەی مانچێستەر سیتی لە چەند هەفتەی رابردوودا لەگەڵ نوێنەرانی مەرمووش کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە، هەروەها دەستەوارەیەکی سەرەتاییان بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە پێشکەش کردووە.
 
ئەو دەستەوارە پێشنیازکراوە بریتییە لە گرێبەستێکی پێنج ساڵە، کە لە 1ـی تەمموزی 2025 دەستپێدەکات، هێرشبەرە میسرییەکە وەک جێگرەوەیەکی ئەگەری بۆ جولیان ئەلڤارێز دەستنیشانکراوە، کە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا رووی لە ئاتلێتیکۆ مەدرید کردووە.
 
سەرەڕای پێویستی بەپەلەی پێپ گواردیۆلا بۆ بەهێزکردنی هێڵی هێرشبەر، بەڵام پێدەچێت گواستنەوەی ئەو یاریزانە لە مانگی یەکدا زەحمەت بێت.
 
مان سیتی چالاکانە کار بۆ تەواوکردنی گرێبەستەکەی ئەو یاریزانە دەکات، بەڵام فرانکفورت هێشتا ئامادەنییە لە مانگی یەکدا رێگەی پێبدات بەبێ ئەوەی جێگرەوەیەکی گونجاو دەستەبەر بکات.
 
هەروەها پاڵەوانی پرێمەرلیگ پێویستی بەپارەیەکی زۆر دەبێت لە گواستنەوەی یاریزانان بۆ کۆتاییهێنان بە گرێبەستەکە.
 
سەرەڕای ئەوەی پێشتر هەواڵەکان باسیان لەوە کردووە کە لیڤەرپوول شوێنی دڵخوازی ئەو بووە، بەڵام دەگوترێت کە مەرمووش ئارەزووی پەیوەندیکردن بە یانەی مانچێستەر سیتی دەکات، بۆیە نایەوێت بچێتە لیڤەرپوول، سەرەڕای ئەوەی محەممەد سەڵاحی هاونیشتیمانییەکەی لەو یانەیە.
 
دەگووترێت یانەی ئینتراخت فرانکفورت ئامادەنییە بە کەمتر لە 60 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری ئەو یاریزانە ببێت، و پێناچێت یانەکە ئەو نرخە دابەزێنێت.
 
لە کاتێکدا چەندین یانەی دیکە چاودێری دۆخی هێرشبەرەکە دەکەن لە ماوەی گواستنەوەی یاریزانان، پێدەچێت سەرنجی ئێستای مەرمووش لەسەر گواستنەوەی بۆ مانچێستەر سیتی بێت، ئەمەش شۆکێکی گەورەیە بۆ لیڤەرپوول.
 
مەرمووش لەم وەرزەدا ئاستێکی ناوازە پێشکەش دەکات، چونکە 13 گۆڵی لە خولی ئەڵمانی تۆمارکردووە، و پلەی دووەمی لە ریزبەندیی باشترین گۆڵکارانی بوندێسلیگا گرتووە لەدوای هاری کەینی هێرشبەری یانەی بایرن میونشنیش، کە بە تۆمارکردنی 14 گۆڵ تاوەکو ئێستا پلەی یەکەمی ریزبەندییەکەی گرتووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە